
کشانەوە یەک لەدوای یەکەکانی ناو هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە سەرکردایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، پرسیاری زۆر و بەربڵاوی لە ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا دروست کردووە، سەبارەت بە داهاتووی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی شیعە و ئەو هۆکارانەی کە وایان لە چەندین هاوپەیمانی دیاری سودانی کردووە، لە ماوەیەکی کورتدا لێی بکشێنەوە.
هاوپەیمانێتییەکە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی زنجیرەیەک کشانەوەی یەک لەدوای یەک بوو؛ کە بە دەرچوونی کوتلەی “گرێبەستی نیشتمانی” (العقد الوطني) سەر بە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەستیپێکرد، لەگەڵ بزووتنەوەی “سۆمەرییەکان” بە سەرکردایەتی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار. دواتر لێکترازانەکان فراوانتر بوون و پەرلەمانتارانی دیکەشی گرتەوە، لەوانە پەرلەمانتار عەممار یوسف و پەرلەمانتار حەسەن قاسم خەفاجی، ئەمە جگە لە بوونی دەنگۆیەکی بەهێز لەسەر ئەگەری کشانەوەی حەنان فەتلاوی، سەرۆکی بزووتنەوەی “ئیرادە”.
ئەم پێشهاتانە تەنها چەند مانگێک دوای ئەوە دێن کە هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” بە بەدەستهێنانی 46 کورسی پێشەنگی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی گرتبوو، کە تێیدا سوودی لە جەماوەریبوونی سودانی لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی حکومەتدا وەرگرتبوو، بەڵام ئامارەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها نزیکەی 20 بۆ 25 پەرلەمانتار لەگەڵیدا ماونەتەوە.
وەبەرهێنان لە جەماوەریبوونی سودانیدا
چاودێران پێیان وایە کە جیابوونەوەکانی ئێستا تەنها پەیوەندییان بە ناكۆكییە ڕێکخراوەییەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکەوە نییە، بەڵکو ئاماژەن بۆ ململانێیەکی قووڵتر لەسەر هەژموون لە نێوان هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”، بەتایبەتی دوای ڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، و ئەو دابەشکارییە نوێیەی کە لە ڕۆڵە سیاسییەکان و پێگە جێبەجێکارییەکانی ناو ماڵی شیعە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا هاتە ئاراوە، لەگەڵ خواستی جەمسەرەکانی هاوپەیمانێتییەکە بۆ بەدەستهێنانی وەزارەتەکان؛ هەرچەندە سودانی توانیبووی دوو وەزیر لە ناو حکومەتەکەدا وەک شایستەی خۆی تێپەڕێنێت، لەگەڵ وەزیرێکی دیکە کە شایستەی فالح فەیازی سەرۆکی دەستەی حەشد بوو، کە ئەویش کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند.
لەو بارەیەوە، عەلی شێخ، توێژەری سیاسی ڕایگەیاند: ئەم لێکترازانە ئەوەی دەرخست کە هاوپەیمانییەکەی سودانی زیاتر هاوپەیمانێتییەکی بەرژەوەندیی کاتی بووە، نەک پڕۆژەیەکی سیاسیی یەکگرتوو.
ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد: هاوپەیمانێتییەکە لە بنەڕەتدا لەسەر بیرۆکەی وەبەرهێنان بوو لە جەماوەریبوونی سودانی لە ناو حکومەت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەڵام لەسەر دیدگایەکی سیاسیی یەکگرتوو یان پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی تۆکمە بنیاد نەنرابوو، بۆیە دژایەتییەکان زۆر خێرا دەرکەوتن بە تەنها گواستنەوەی وڵات بۆ قۆناغی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دابەشکردنی هەژموون لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا».
ڕوونیشی کردەوە: سودانی سەرکردایەتییەکەی بە تەواوی لەدەست نەداوە، چونکە هێشتا خاوەنی بەشە گەورەکەی هاوپەیمانێتییەکەیە، بەڵام بە کردار کەوتووەتە ناو ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە دەسەڵاتدارەکانی ناو ماڵی شیعە، بەتایبەتی لەگەڵ نوری مالیکی و هادی عامری، لەسەر بەڕێوەبردنی قۆناغی داهاتوو و دیاریکردنی شێوازی هاوسەنگییەکان لە ناو حکومەت و پەرلەماندا.
ئاماژەی بەوەش کرد کە: ناکوکییەکانی ئەم دواییە نەیارایەتی ناوخۆییان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانێتییەکە لەلایەن سودانییەوە ئاشکرا کرد، چ لە مەلەفی کاندیدکردنی وەزیرەکان یان لە بەڕێوەبردنی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکاندا، ئەمەش وای لە چەندین لایەن کرد کە بەدوای پێگەی نوێی سەربەخۆتردا بگەڕێن.
ناکۆکییەکانی کابینەی وزاری
قەیرانەکە بە شێوەیەکی گەورەتر لە کاتی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی عەلی زەیدیدا تەقیوەتەوە، چونکە لایەنەکانی ناو هاوپەیمانێتییەکە باسیان لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە میکانیزمی هەڵبژاردنی وەزیرەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی ڕێککەوتنەکان لەلایەن سودانییەوە لەگەڵ هێزەکانی دیکەی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە.
حەسەنین ڕەکابی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی “سۆمەرییەکان” ئاماژەی بە بوونی ناکۆکییەک کردبوو کە لەو کاتەوە دەستیپێکردووە کە سودانی ناوی بۆ سەرۆکایەتی وەزیران یان بۆ پۆستە وزارییەکان پێشکەش کردبوو “بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانێتییەکە”، و جەختی کردەوە کە ئەمە بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتییەکان تا گەیشتووەتە ڕادەی کشانەوە.
هەروەها ئەو لایەنانەی کە کشاونەتەوە، باسیان لە “خۆدزینەوە لە ڕێککەوتنە سیاسییەکان” و پەیڕەوکردنی “سیاسەتی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە” لە ناو هاوپەیمانێتییەکەدا کردووە، بەتایبەتی لە کاتی دانیشتنی دەنگدان لەسەر کابینەی حکومەت.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، لایەنە کشاوەکان بەرەو پێکهێنانی بلۆکێکی نوێ هەنگاویان نا بە ناوی “هاوپەیمانی بەیانی نیشتمانی”، کە هێزەکانی سەر بە فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی و چەندین پەرلەمانتاری دیکە لەخۆدەگرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لە هەوڵی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە دەکرێت بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی کاریگەر لە ناو حکومەتی نوێ و پەرلەماندا.
هاوپەیمانێتی هەڵبژاردن
لە بەرامبەردا، ئەندامێکی هاوپەیمانی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” لە گرنگی جیابوونەوەکانی ئەم دواییەی کەمکردەوە و پێی وابوو ئەوەی ڕوویداوە “شتێکی سروشتییە” لە هاوپەیمانێتییە هەڵبژاردنییەکانی عێراقدا.
دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانێتییەکان
چاودێران پێیان وایە ئەو شتانەی لە ناو “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان”دا ڕوودەدەن، ناتوانرێت لە گۆڕانکارییە بەرفراوانەکانی ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی” جیا بکرێنەوە، بەتایبەتی لەگەڵ چوونی حکومەتەکەی عەلی زەیدی بۆ قۆناغی تەواوکردنی کابینەی وزاری و کێبڕکێ لەسەر پۆستە جێبەجێکاری و ئەمنییە هەستیارەکان.
هەروەها پێشبینییە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لە هێزە شیعەکان زوو دەستیان کردووە بە گۆڕینی پێگەکانیان بۆ ئامادەکاری بۆ قۆناغی داهاتوو، بەتایبەتی دوای پاشەکشەی هەژموونی هەندێک کەسایەتی کە لە ماوەی حکومەتەکەی سودانیدا جڵەوی هاوسەنگییەکانیان بەدەستەوە بوو.
سەرەڕای جەختکردنەوەی سەرکردەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” لە دوایین کۆبوونەوەیاندا لەسەر “یەکڕیزی و تۆکمەیی چوارچێوەکە”، بەڵام بەردەوامبوونی کشانەوەکان لە هاوپەیمانێتییەکەی سودانی، ئەو تێڕوانینە بەهێزتر دەکات کە ململانێیەکی شاراوە لە ناو ماڵی شیعەدا هەیە لەسەر سەرکردایەتیکردنی قۆناغی داهاتوو، ئەمەش لە ناوەڕاستی هەوڵەکان بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان پێش تەواوکردنی حکومەتەکەی زەیدی بە شێوازی کۆتایی.





