جەیمس بلێر؛ “دەست وەشێنەر”ی ترەمپ و ئەندازیاری پاکتاوکردنی نەیاران

 

ڕۆژنامەی “ئای پێپەر”ی بەریتانی پێشبینی کردووە کە هەژموونی سیاسیی جەیمس بلێر، ڕاوێژکارە گەنجەکەی سەرۆکی ئەمریکا، ڕوو لە هەڵکشان بکات، کە ئێستا وەک “دەست وەشێنەر” و جێبەجێکاری دڵسۆزی سیاستەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا وەسف دەکرێت.

بلێر، کە تەمەنی 37 ساڵە و پۆستی جێگری سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی بەڕێوەدەبات، سەرکردایەتی هەڵمەتێکی پاکتاوکردنی توند دەکات دژی نەیارانی ئاڕاستەکانی سەرۆک، و ئامانجی دوورخستنەوەی نەیارانیەتی، چ دیموکراتەکان بن یان کۆمارییەکان.

ترەمپ پشتی بە بلێر بەستووە بۆ لادانی ئەو سیاسیانەی کە نائومێدیان کردووە یان دژی بڕیارە سیاسییەکانی وەستاونەتەوە، بەبێ گوێدانە ئەو هۆشدارییانەی کە باسیان لە دروستبوونی دابەشکاریی حزبی دەکرد پێش هەڵبژاردنەکان.

ئەم ڕاوێژکارە گەنجە لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا سەرکەوتوو بوو لە خستنی سیناتۆر بیڵ کاسیدی و تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێس لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتی کۆمارییەکاندا، و سیناتۆری تێکساس جۆن کۆرنینی وەک ئامانجی داهاتووی ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانی خۆی دەستنیشان کردووە.

سەرکەوتنی خێرای بلێر بەستراوەتەوە بە سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی، سوزی وایڵز، کە لە ساڵی 2016وە لە ویلایەتی فلۆریدا سەرپەرشتی کەمپەینەکانی هەڵبژاردنی ترەمپ دەکات.

وایڵز دوای دۆڕانی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی 2020 دا بلێری بە ترەمپ ناساند، لەوێدا ئەم گەنجە سەرکەوتوو بوو لە ڕازیكردنی سەرۆک بۆ گرتنەبەری مۆدێلێکی ناوازەی هەڵبژاردن کە پشت بە ڕاکێشانی ئەو بلۆکە دەنگدەرە نەریتییانە دەبەستێت، وەک لاتینییەکان و ئەو جووانەی کە پاڵپشتی بنیامین نەتانیاهۆ دەکەن.

ئەم پێشهاتانە ڕەنگدانەوەی خواستی ترەمپن بۆ داڕشتنەوەی پارتێکی کۆماری نوێ کە دڵسۆزی ڕەهای بۆ ئەو هەبێت، تەنانەت ئەگەر ئەم هەڵمەتانەی پاکتاوکردنە هەڕەشە لە زۆرینەی پەرلەمانیی لەرزۆکی پارتەکەش بکەن.

بلێر لە ماوەی داهاتوودا لە پۆستە حکومییەکەی دەکشێتەوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی کۆمارییەکان بگرێتە دەست، بە مەبەستی ڕزگارکردنی کورسییەکانی کۆنگرێس لە لێکەوتە ئابوورییە سەختەکان و قەیرانی گرانبوونی بژێوی ژیان کە بەستراوەتەوە بە شەڕی ترەمپ دژی ئێران.

وەک درێژکراوەیەک بۆ تەکتیکی “زەوی سووتێنراو” کە لێهاتوویی تێدا هەیە، بلێر لە ئێستادا سەرکردایەتی هەوڵێکی خێرا و مشتومڕاوی دەکات بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشە و بازنەکانی هەڵبژاردن لە چەندین ویلایەتدا.

بلێر سوودی لە بڕیارێکی مێژوویی وەرگرت کە لەم دواییانەدا لەلایەن دادگای باڵاوە دەرچوو و تێیدا کاریگەرییەکانی یاسای مافی دەنگدانی کەمکردەوە، بۆ ئەوەی سنوورە جوگرافییەکانی بازنەکان بە شێوەیەک دابڕێژێتەوە کە هێزی دەنگدانی ئەمریکییە ئەفریقییەکان لاواز بکات کە پاڵپشتی دیموکراتەکان دەکەن.

لە بەرامبەردا، سەرکردە دیموکراتەکان بە توندی هێرشیان کردە سەر ئەم مانۆڕانە و دووبارە داڕشتنەوەی بازنەکانیان بە دەستدرێژییەکی ئاشکرا بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بنەمای دەستپاکی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا وەسف کرد.

بەڵام ئەم ڕەخنانە نەیانتوانی پێش بە بلێر بگرن کە لەلایەن ترەمپەوە پاڵپشتییەکی بەهێز دەکرێت، چونکە ترەمپ ڕاوێژکارە گەنجەکەی بە گونجاوترین کەسایەتی دەبینێت بۆ قۆستنەوەی کەلێنە یاسایی و لۆجستییەکان بە شێوەیەک کە باڵادەستیی بەرەی پارێزگارانی “ماجا” (MAGA) مسۆگەر بکات.

لە کۆتاییدا، جەیمس بلێر، کە دیارترین کاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی سوزی وایڵز لە داهاتوودا، سەلماندوویەتی کە خاوەنی بوێری سیاسی و ئامادەکارییەکی بەهێزە بۆ کردنی هەر کارێک کە پێویست بێت بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن.

بلێر لە یاریدەدەرێکی نەناسراوەوە لە کۆشکی سپی، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بوو بە خاوەن هەژموونێکی گەورە و ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە پێشخستنی ئەجێندا تشریعییەکەی ترەمپدا، تا ئەو ڕادەیەی ڕاسڵ ڤۆگت، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجە، دانی بەوەدا ناوە کە سەرۆک “بە ڕێژەیەکی زۆر پشتی پێ دەبەستێت”.

کەسانی نزیک لە ترەمپ ئەم گۆڕانکارییە بۆ ئەو بڕیارە بوێرانە دەگێڕنەوە کە بلێر لە کاتی کارکردنیدا وەک بەڕێوەبەری سیاسیی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ دابووی؛ چونکە پاڵنەر بوو بۆ بەئامانجگرتنی ئەو دەنگدەرانەی کە بەشدارییان لە دەنگداندا کەم یان مامناوەندە، بە پێچەوانەی شێوازە باوەکە کە جەخت لەسەر بنکە حزبییە جێگیرەکان دەکاتەوە.

بلێر چالاکوانێکی سیاسیی “کەچەڵە” بەپێی دەربڕینی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”، تەمەنی 36 ساڵە و خەڵکی فلۆریدایە، هاوکارەکانی وەک کەسێکی توڕە و بەپەرۆش وەسفی دەکەن، ئەمەش لە وەسفکردنی خۆیدا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری “ڤانیتی فێر” ڕەنگی داوەتەوە کاتێک وتوویەتی: «من کەسێکم بەزەییم نییە».

جەیمس بلێر لە 21ی ئایاری 1989 لە ویلایەتی فلۆریدا لەدایکبووە، زانکۆی ویلایەتی فلۆریدای بە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە داراییدا تەواو کردووە، پاشان لە ساڵی ٢٠١٣دا کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری سیاسیی لە شاری تامپا دامەزراندووە، کە سەرکەوتنی ئەم کۆمپانیایە خێرایی بە سەرکەوتنی ئەو بەخشیوە بۆ ناو گۆڕەپانی ئەمریکا.

کاروانی سیاسیی خۆی لە فلۆریدا دەستپێکرد، لەوێ وەک یاریدەدەری ڕیچارد کۆرکۆران، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجومەنی نوێنەرانی فلۆریدا کاری کرد، پاشان لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشداری لە هەڵمەتی ڕۆن دیسانتیس بۆ پۆستی پارێزگاری ویلایەتەکە کرد، و دواتر بوو بە جێگری سەرۆکی دیوانەکەی تا دەستلەکارکێشانەوەی لە ئابی ٢٠١٩دا دوای ناکۆکی ناوخۆیی لەگەڵ هاوسەری دیسانتیس و کەسایەتییەکانی دیکە.

Back to top button