ئەگەر هەیە هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی تورکیاوە بە یەکجاریی ڕابوەستێت

 

لەگەڵ بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمزدا، نەوتی عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئاڵۆز بووەتەوە کە هەڕەشە لە تاکە شادەماری ئابووریی عێراق دەکات، تورکیا بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ساڵی 1973 کۆمەڵێک مەرجی توندی هەیە.

دیارترین مەرجەکانی تورکیا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئاڵوگۆڕی نەوت لەنێوان هەردوو وڵات بریتییە لە:

  • زیادکردنی ڕسووماتی گواستنەوەی نەوت
  • بەستنەوەی بۆرییەکە بە کێڵگەکانی بەسرەوە لەجیاتی کێڵگەکانی کەرکوک
  • پێدانی مافی وەبەرهێنانی نەوت و پاڵاوتن بە ئەنقەرە

شارەزایان پێیان وایە دۆخەکە پێویستی بە جووڵەیەکی خێرای حکومەتەکەی زەیدی هەیە بۆ دانوستاندن، نەک چاوەڕوانکردنی گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگریکردن لە ڕاگرتنی تەواوەتیی هەناردەکردن لە کاتی داخرانی گەرووی هورمزدا.

بەسرە – جەیهان

نەبیل مه‌رسومی، شارەزای دارایی و ئابووری ڕایگەیاند، ڕێککەوتننامەکە لە مانگی تەمووزی داهاتوودا کۆتایی پێدێت، تورکیا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سێ پرس هەیە؛ یەکەمیان ڕسووماتی گواستنەوە کە پێشتر نزیکەی یەک دۆلار بوو، دووەمیشیان ئەوەیە ئەنقەرە دەیەوێت بۆرییەکە بە کێڵگەکانی بەسرەوە ببسترێتەوە نەک بە کێڵگەکانی کەرکوکەوە.

دەشڵێت: “هیچ نەوتێکی زیادە لە کێڵگەکانی کەرکوکدا نییە، چونکە بەرهەمهێنانی ڕۆژانە 350 هەزار بەرمیلە و نیوەی ئەو بڕە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی دەڕوات، بۆیە تورکیا دەیەوێت بۆرییەکە بە بەسرە و بەدیاریکراویش بە کێڵگەی ڕومێلەوە ببسترێتەوە، بۆ حەدیسە لە ئەنبار، پاشان بۆ سلۆپی لە باشووری تورکیا و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهان، بەمەش دەیانەوێت تورکیا بکەنە خاڵی تێپەڕبوون بۆ وزەی نێودەوڵەتی”.

وەبەرهێنانی تورکی

مەرسومی ئاماژە بەوەش دەکات: “پرسی سێیەم ئەوەیە کە تورکیا دەیەوێت وەبەرهێنان لە بواری نەوتدا بکات، بەتایبەتی لە بواری پیشەسازیی دەرهێنان و کەرتی پیشەسازیی پاڵاوتن، لەگەڵ دروستکردنی ژێرخاندا. ئەگەر عێراق پێش مانگی تەممووز نەگاتە ڕێککەوتن، ئەوا ئەگەری هەیە هێڵی کەرکوک-جەیهان و تەنانەت هێڵی بۆریی کوردستانیش مەترسیی ڕاوەستانیان لەسەر بێت، بەوەش عێراق لە تاکە شا دەماری هەناردەکردن بێبەش دەبێت”.

ئەوەش دەخاتە ڕوو کە “دانوستاندن لە نێوان عێراق و تورکیادا هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن؛ ڕێککەوتنەکەش گرنگە، چونکە هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دابین دەکات و لە داهاتوودا پێشبینی زیادبوونی ئەم ڕێژەیەش دەکرێت”.

لە 21ی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆتایی بە ڕێککەوتنە مێژووییە نەوتییەکەی لەگەڵ عێراق هێنا، دوای زیاتر لە نیو سەدە لە جێبەجێکردنی، کە دەقەکەی بریتی بوو لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی هێڵی بۆریی نەوتی “جەیهان” لە نێوان بەغدا و ئەنقەرەدا کە لە ساڵی 1973 واژۆ کرابوو، کە وەک شا دەمارێکی ئابووریی زیندوو بۆ هەردوولا دادەنرا، بەتایبەت بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.

ڕێککەوتننامەی واژۆکراوی نێوان عێراق و تورکیا لە سەرەتای مانگی تەممووزی داهاتوودا کۆتایی دێت، و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییش، هیچ قسەیەک لە لایەن عێراقی یان تورکیاوە بۆ درێژکردنەوە یان نوێکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە نەکراوە.

گوشاری نێودەوڵەتی

حکومەتی عێراق پشت بە گوشارە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، لەوانەش گوشاری ئەمریکا لەسەر تورکیا بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە، چونکە لە ئێستادا جیهان بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە پێویستی بە نەوت هەیە.

تورکیا ماوەیەکە لایەنی عێراقی لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام عێراق هیچ جووڵەیەکی نەکرد بۆ نوێکردنەوە یان درێژکردنەوەی، یانیش گەڕان بەدوای جێگرەوەی دیکەدا.

فیشخابوور – جەیهان

سەبارەت بە چاککردنەوەی هێڵی بۆریی کەرکوک – فیشخابوور – جەیهان، کە وەزارەتی نەوت لە سەرەتای شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکادا ڕایگەیاندبوو لە ماوەی هەفتەیەکدا چاک دەکرێتەوە، ئەوا لە ماوەی شەش مانگیشدا چاک ناکرێتەوە.

شارەزایان دەڵێن، لێدوانەکەی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری پێشووی نەوت زیادەڕۆیی تێدا بوو، چونکە هێڵەکە بە درێژایی 100 کیلۆمەتر کێشەی تەکنیکی تێدایە، و بۆرییەکە بە قووڵایی شەش مەتر لەژێر لمدا نێژراوە، و لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا ڕووبەڕووی کاری تێکدەرانە بووەتەوە، بۆیە پێویستی بە ماوەیەکی درێژ هەیە بۆ چاککردنەوەی”.

عێراق بەهۆی دابەزینی بەرچاوی داهاتەکانیەوە، بەدەست قەیرانێکی دارایی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش وەک دەرەنجامی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەکانی باشوورەوە، بەهۆی بەردەوامیی داخرانی گەرووی هورمز لە چوارچێوەی ئەو شەڕەی کە لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا بەرپابووە.

بەهۆی ئەم شەڕەشەوە، وەزارەتی نەوت بڕیاریدا 200 هەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکوک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە هەناردە بکات، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە هەناردەکردنی نەوتدا دروستبووە، ئەمەش بە بەکارهێنانی ئەو بۆرییەی کە سەر بە هەرێمی کوردستانە.

لەو کاتەدا چەندین ناکۆکی و ناڕەزایەتی و مەرج لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هاتنە ئاراوە، بەڵام لەم دواییانەدا ڕەزامەندی دەربڕی، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق ڕسووماتی تێپەڕاندنی لە ڕێگەی ئەم بۆرییەوە دا کە سەر بە کۆمپانیا تایبەتەکانە.

هەناردەکردنی تەنها لەسەدا 7

کۆڤەند شێروانی، ڕاوێژکاری بواری نەوت ئاماژە بەوە دەکات، لێدوانی دژ بەیەک لەلایەن حەیان عەبدولغەنی، وەزیری پێشووی نەوتەوە هەیە سەبارەت بە چاککردنەوەی بۆریی عێراقی کە لە ڕێگەی فیشخابوورەوە بە بەندەری جەیهانەوە بەستراوەتەوە و دیاریکردنی ماوەی تەنها هەفتەیەک بۆی، چونکە هێڵەکە بە ڕێژەیەکی زۆر زیانی پێگەیشتووە و هەزاران کونی تێدایە، و باشتر وایە بگۆڕدرێت نەک چاک بکرێتەوە، چونکە کاتێکی زۆر و تێچوویەکی دارایی بەرزی دەوێت”.

ڕوونیشی دەکاتەوە: “عێراق لە ئێستادا 7٪ی هەناردەکردنی خۆی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەکات، و ئەم هێڵە توانای گواستنەوەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە، ئەگەر وەزارەتی نەوت بتوانێت بەشێک لە نەوتی بەسرە بگوازێتەوە بۆ کەرکوک”.

ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە

سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکەی لەگەڵ تورکیادا، شێروانی ڕوونی دەکاتەوە: “ئەم ڕێککەوتننامەیە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کۆتایی دێت، و پێویستە وەزارەتی نەوت لە کابینەی نوێی حکومەتدا بجوڵێت بۆ نوێکردنەوەی، هەروەها لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی تورکی لەسەر مەرجەکانی، سەبارەت بە ڕسووماتی گواستنەوە، تێپەڕین، کۆگا کردن و بارکردن”.

جەختیش دەکاتەوە کە “گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە، بووەتە پێویستییەکی بەپەلە، و دەبێت ڕەچاوی ئەو گۆڕانکارییانە بکرێت کە بەسەر نرخی وزەدا هاتوون، ئەگەر وەزارەتی نەوت دوابکەوێت، رەنگە لایەنی تورکی ئەم دەروازەیە دابخات تاوەکو دەگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ، لێرەشدا پێویستە حکومەتی عێراق پەلە بکات؛ چونکە ڕەشنووسێکی ئامادەکراو لە لایەن تورکیاوە هەیە، و دەبێت ڕەشنووسێک لە لایەن عێراقیشەوە ئامادە بێت بۆ ئەوەی بیخاتە بەردەم ئەنقەرە”.

 

Back to top button