بۆ پێکهێنانی کابینەی 10 یەکێتی دوو مەرجی هەیە؛ یەکێکیان دورخستنەوەی مەسرور بارزانیە

  • نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەبەغدا چاویان بە نزار ئامێدی نەکەوت
  • یەکێتی دەڵێت وەڵامی ئێمە لە هەرێمی کوردستانە
  • بۆ پێکهێنانی کابینەی 10 یەکێتی دوو مەرجی هەیە و یەکێکیان دورخستنەوەی مەسرور بارزانیە

دوای نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی چووە بەغدا و چاوی بە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق نەکەوت، هێشتا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام لە سەردانی هەردوو بەرپرسە باڵاکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا، لەگەڵ بەشێک لەو سەرکردە عەرەبانەدا کۆبوونەوە، کە لەڕابردوودا پەیوەندییەکانی پارتی و ئەو سەرکردانە لەوپەڕی توندیدا بوو.

ڕۆژانی 4 و 5ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی سەردانی بەغدای کرد، جیاواز لەو حزبانەی کە پارتی پەیوەندیی لەگەڵیاندا ئاساییە، نێچیرڤان بارزانی ئەمجارە لەگەڵ محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم کۆبووەوە، لەکاتێکدا کە ساڵانی ڕابردوو پەیوەندییەکانی حەلبووسی و پارتی لەوپەڕی خراپی و توندیدا بووە.

لەو دوو ڕۆژەی نێچیرڤان بارزانی لەبەغدا بوو، لەگەڵ نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق (لەپشکی یەکێتی) کۆنەبوەوە، تەنها لە لێدوانێکدا لەبارەی سەرۆک کۆمار هیوایخواست لەداهاتوودا کۆببنەوە و کێشەکان چارەسەر ببن.

ڕۆژی 14ی ئەم مانگە دووبارە نێچیرڤان بارزانی گەڕایەوە بەغدا و لەمەراسیمی متمانەبەخشین بە کابینەکەی عەلی زەیدی لە پەرلەمان بەشداربوو، ئەمجارە نێوانی نێچیرڤان بارزانی و نزار ئامێدی تەنها کورسییەک بوو، بەڵام بارزانی تەنانەت سڵاویشی لێنەکرد. هەڵوێستێک کە پێچەوانەی عورف و نەریتی کۆمەڵگەی کوردیشە.

ڕۆژی شەممە 23-5 مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی سەردانی بەغدای کرد، ئەویش هاوشێوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکان کۆبوەوە جگە لە سەرۆک کۆمار، تەنانەت لەگەڵ محەمەد حەلبووسی کۆبوەوە و وەک لە ڤیدیۆی پێشوازییەکەیاندا دیارە، بەگەرموگوڕیی سڵاو لە یەك دەکەن.

کێشەی پارتی و حەلبووسی چی بوو؟

پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و محەمەد حەلبووسی لە ساڵانی ڕابردوودا بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە؛ لە هاوپەیمانییەتییەکی توندوتۆڵەوە گۆڕا بۆ ململانێی توند و ناکۆکی سیاسی.

دوای هەڵبژاردنەکانی 2021، پارتی و حەلبووسی و موقتەدا سەدر هاوپەیمانییەکی سێقۆڵیی بەهێزیان پێکهێنا بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینە. بەڵام کاتێک موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە، حەلبووسی ڕاستەوخۆ ستراتیژی خۆی گۆڕی و چووە پاڵ “چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە” بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی سودانی. پارتی پێیوابوو حەلبووسی زۆر خێرا و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ ئەودا بڕیاریداوە و ئەم پێچەوانەبوونەوەیە لە هەڵوێستیدا بۆ پاراستنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بووە.

پارتی لە قۆناغێکدا پێیوابوو کە حەلبووسی بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا، سازشی زۆری بۆ لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە، بەتایبەت لەو دۆسیانەی کە پەیوەندییان بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و گازەوە هەبووە، و نەیانتوانیوە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو (کورد و سوننە) ڕووبەڕووی فشاری لایەنە شیعییەکان ببنەوە.

حەلبووسی وەک سەرکردەیەکی دیاری سوننە، هەوڵی دەدا پێگەی حزبی تەقەدوم لەو ناوچانەش بەهێز بکات کە دانیشتوانی عەرەبی سوننەیان تێدایە و لە هەمان کاتدا ناوچەی جێناکۆکن (وەک نەینەوا و کەرکووک). ئەم کێبڕکێیە لەسەر دەنگ و پێگەی کارگێڕی لەو پارێزگایانە، بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ پارتی تووشی بەریەککەوتن کرد.

یەکێک لە گەورەترین و کۆتا کێشە گرنگەکانی نێوانیان دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بوو لە کۆتایی 2023. پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەی لە حەلبووسی هاوپەیمانی پێشووی دەکرد، کە پشتگیری لە کاندیدی کورد یان نزیک لە پارتی بکات بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک. بەڵام حەلبووسی و حزبی تەقەدوم لە کەرکووک چوونە پاڵ لایەنە عەرەبییە سوننەکانی تر و تورکمانەکان و دەنگیان بە ڕێبوار تەها دا ببێتە پارێزگاری کەرکوک.

سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ کاتێک محەمەد حەلبووسی لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، کە هەرگیز سەردانی هەولێر ناکات، لەبەرامبەردا پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: هەولێر پێشوازی لە شۆڤێنییەکی وەکو تۆ ناکات. ئەمە نمونەیەکە لەو لێدوانە توندانەی بەرپرسانی پارتی بەرامبەر بە حەلبووسی.

پارتی و نزار ئامێدی

کاتێک یەکێتی بە فەرمی نزار ئامێدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید کرد، لەو باوەڕەدا بوو پارتی ڤیتۆی لەسەر نابێت، بەڵام لای پارتی بابەتەکە تەواو پێچەوانە بوو، نەک هەر ڤیتۆی لەسەری هەبوو، بەڵکو د.فوئاد حوسێنی وەک کاندیدی حزبەکەی بەرامبەر نزار ئامێدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دانا، کاتێکیش ئامێدی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بووە سەرۆک کۆماری عێراق، مەکتەبی سیاسی پارتی بە فەرمی ڕاگرتنی هەموو جۆرە مامەڵەیەکی لەگەڵ سەرۆک کۆمارەکەی یەکێتی ڕاگەیاند.

کورد مۆنیتەر لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای یەکێتی قسەیکرد و پرسیاری ئەوەیکرد، ئاخۆ یەکێتی بەرامبەر بەو هەڵوێستەی پارتی کاردانەوەی چی دەبێت کاتێک لەلایەن دوو بەرپرسی باڵای ئەو حزبەوە، نزار ئامێدی فەرامۆش دەکرێت و ئامادەنین لەگەڵیدا کۆببنەوە، ئەو بەرپرسە گوتی: وەڵامی ئێمە بۆ پارتی پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەبێ جێبەجێبوونی ئەوەی داوای دەکەین، حکومەت پێکناهێنرێت.

کورد مۆنیتەر لەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی پرسی داواکارییەکانی ئێوە چیە؟ ئەو بە کورتی وەڵامیدایەوە و گوتی: دوو داواکارییە، یەکێک لە دوو سەرۆکایەتیەکەی هەرێم یان حکومەت بۆ ئێمە، ئەگەر ئەوە نەبوو، داواکاریی دووەممان ئەوەیە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی هەرێمی کوردستان بە ئۆکەی ئێمە دیاریبکرێت.

 

Back to top button