
راپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتیی ئەمریکا زانیاریی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت، حکومەتی هەرێم 33 ملیار دۆلار قەرزارە، کە ئەو پارەیە بە دیناری عێراقی بەرامبەرە بە 49 ترلیۆن و 500 ملیار دینار..
بەگوێرەی شیکارییەکی کورد مۆنیتەر، ئەگەربێتوو ئەو قەرزە بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەراورد بکەین کە بەگوێرەی نوێترین سەرژمێریی عێراق زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە، ئەوا پشکی هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان لەو قەرزەی لەسەر حکومەتی هەرێم کەڵەکە بووە لە منداڵێکی تازە لەدایکبووەوە تا بەتەمەنترین کەس، دەکاتە نزیکەی 8 ملیۆن و 250 هەزار دینار.
کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی کاتێک کۆتایی بە تەمەنی کارکردنی هات، نزیکەی 27 بۆ 28 ملیار دۆلار قەرزی لەسەربوو، ئێستاش کە زیاتر لە شەش ساڵ بەسەر تەمەنی کابینەی نۆدا تێپەڕیوە، قەرزەکانی لەجیاتی ئەوەی کەم ببنەوە، بۆ 33 ملیار دۆلار زیاد بوون.
راپۆرتەکە وەبیری دەهێنێتەوە کە لە 24ی ئاداری ئەم ساڵ، مووشەکێک بەر بنکەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەی سپیلک لە سنووری قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر کەوت، کە بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30ی دیکەش بریندار بوون.
پشکنەری گشتیی ئەمریکا باس لەوە دەکات، گرووپە چەکدارەکان تەنیا هێزەکانی ئەمریکایان نەکردە ئامانج، بەڵکو بە مەبەست هێرشیان دەکردە سەر دامەزراوە حکومی و ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە 28 و 29ی ئاداردا بە درۆن هێرش کرایە سەر شوێنی مانەوەی هەریەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ باس لەوەش دەکات کە هێرشەکان بە جۆرێک تووند بوون کە تەنانەت سوپای پاسدارانی ئێرانیش بە فەرمی سەرکۆنەی کردن.
راپۆرتەکە زەنگێکی مەترسی لێدەدات و دەڵێت: “پێشمەرگە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێویستی نییە بۆ پاراستنی تەواوی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی پێشمەرگە و ژێرخانی وزە لەبەردەم هێرشەکاندا زۆر لاواز بن.” هەرچەندە ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر مووشەک و درۆنەکانی تێکدەشکاند، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە، هەرێمی کوردستان بێ بەرگری دەمایەوە.
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هێزەکانی هاوپەیمانان هەموو پشتگیری و کارە راوێژکارییەکانیان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە راگرت. ئەمەش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران و بە مەبەستی پاراستنی گیانی راوێژکارە ئەمریکییەکان کە بەشێکیان عێراقیان جێهێشتووە.
راپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەیلوولی 2026 کۆتایی دێت، ئەمەش داهاتووی مەشق و راهێنان و هاوکارییە سەربازییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە رووی ئابوورییەوە، راپۆرتەکە دەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا ناتوانێت بێ هاوکاریی ئەمریکا خەرجییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەتایبەت مووچە و ئامادەیی سەربازی دابین بکات؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە هەرێمی کوردستان 33 ملیار دۆلار قەرزی لەسەرە و بە چڕی پشتی بەو بودجەیە بەستووە کە لە بەغداوە بۆی دێت.
راپۆرتەکە باس لەوە دەکات، هەرچەندە ئەمریکا بە تەواوی لە سووریا کشاوەتەوە و ژمارەی ئەندامانی هێزەکانیشی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش کەمکردوونەتەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی سەربازانی لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، ئەگەرچی لەوێش ژمارەیان کەمکراوەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا کارە سەرەکییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر و ناوەندی دیپلۆماسیی هەولێر بەڕێوەبردراون کە لەوێ سیستمی بەرگریی ئاسمانی دژی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بەکارهێندراوە.
هەروەها باس لەوە دەکات، هێزێکی کەمتر لە جاران، لە بنکەی ئاسمانیی هەریر و شوێنێکی دیکە بە ناوی “سەربازگەی دهۆک” ماون.





