تۆم باراک، ئەو پیاوەی لەکۆڵ یانەی پاریس سانجێرمان بوەوە

چیرۆکی نێوان تۆم باراک و یانەی پاریس سانجێرمان چیرۆکی کڕین و فرۆشتنی یانەیەکە کە بووە هۆی گۆڕینی مێژووی تۆپی پێی فەرەنسا و ئەوروپا. تۆم باراک کە خاوەنی کۆمپانیای وەبەرهێنانی کۆلۆنی کاپیتەڵ بوو، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە گەیاندنی یانەکە بەو قۆناغەی ئێستای. بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نیە، بەڵکو تۆم باراک بەشێک لە شکستەکانی یانەکەشی دەکەوێتە ئەستۆ.

لە ساڵی 2006، تۆم باراک لە ڕێگەی کۆمپانیاکەیەوە بە هاوبەشی لەگەڵ چەند لایەنێکی تر، یانەی پاریس سانجێرمانی لە تۆڕی تەلەفزیۆنی فەرەنسی (Canal+) کڕی. لەو کاتەدا یانەکە خاوەنی مێژوویەک بوو، بەڵام لە ڕووی دارایی و ئاستی وەرزشییەوە لە دۆخێکی باش و جێگیردا نەبوو.

سەردەمی خاوەندارێتی تۆم باراک بۆ پاریس سانجێرمان قۆناغێکی زۆر سەخت بوو، چونکە کێشەی دارایی و وەرزشی سەریهەڵدابوو، یانەکە نەیدەتوانی کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولی فەرەنسی بکات و تەنانەت لە هەندێک وەرزدا مەترسی دابەزینی بۆ خولی پلە دوو لەسەر بوو.

یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی یانەکە لەو سەردەمەدا شەڕ و توندوتیژی نێوان گروپە جیاوازەکانی هاندەرانی یانەکە (هولیگانز) بوو، کە زیانێکی زۆری بە ناوبانگ و داهاتی یانەکە گەیاند. تۆم باراک ناچار بوو پلانێکی توند بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لەم توندوتیژییانە و پاککردنەوەی یاریگای باخچەی شازادەکان.

گرنگترین بەشی چیرۆکەکە لێرەدایە؛ تۆم باراک تێگەیشت بۆ ئەوەی پاریس سانجێرمان ببێتە یانەیەکی گەورەی ئەوروپی، پێویستی بە سەرمایەیەکی یەکجار زۆرە کە کۆمپانیاکەی خۆی، ئامادە نەبوو تێیدا خەرجی بکات. تۆم باراک لە بواری بازرگانیدا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ سەرکردە و وەبەرهێنەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو هەبوو.

لە ساڵی 2011، بە بەکارهێنانی ئەو پەیوەندییانە، باراک سەرکەوتوو بوو لە ڕازیکردنی سندوقی وەبەرهێنانی وەرزشی قەتەر بە سەرۆکایەتی ناسر خلێفی بۆ کڕینی یانەکە. لە سەرەتادا قەتەرییەکان 70٪ی پشکەکانیان کڕی، و دواتر لە ساڵی 2012 تەواوی پشکەکانیان لە تۆم باراک کڕییەوە و بوونە خاوەنی تەواوەتی یانەکە.

تۆم باراک وەک پردێک بوو بۆ گواستنەوەی پاریس سانجێرمان لە یانەیەکی پڕ لە کێشە و قەیرانی داراییەوە، بۆ یەکێک لە دەوڵەمەندترین و بەهێزترین یانەکانی جیهان. بەڵام لە ماوەی خاوەندارێتی ئەودا، پاریس سانجێرمان نەک هەر نەیدەتوانی کێبڕکێی بەدەستهێنانی نازناوی خولی فەرەنسی بکات، بگرە لە وەرزی (2007-2008) یانەکە کەوتە قەیرانێکی گەورەوە و تا کۆتا یارییەکانی وەرزەکە لە لێواری دابەزین بوو بۆ خولی پلە دووی فەرەنسا. ئەمەش بۆ یانەیەکی پایتەخت کە بودجەیەکی گەورەی لەبەردەستدا بوو، کارەساتێکی وەرزشی بوو.

کۆمپانیای کۆلۆنی کاپیتاڵ کە تۆم باراک خاوەنی بوو، کۆمپانیایەکی تایبەت بوو بە وەبەرهێنان لە بواری خانووبەرە. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە باراک هیچ خولیایەکی بۆ تۆپی پێ نەبووە؛ بەڵکو ئامانجی سەرەکی ئەو کڕینی یانەکە بووە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی یاریگای باخچەی شازادەکان و زەوییەکانی دەوروبەری بۆ پرۆژەی خانووبەرە، هەروەها هێشتنەوەی یانەکە وەک براندێک بۆ ئەوەی دواتر بە نرخێکی گرانتر بیفرۆشێتەوە.

لەبری ئەوەی پارە بڕێژێتە ناو خەزێنەی یانەکەوە بۆ کڕینی یاریزانی ئەستێرە و دروستکردنی تیمێکی بەهێز، ئیدارەی تۆم باراک سیاسەتێکی زۆر توندی لە کەمکردنەوەی خەرجییەکاندا پەیڕەو دەکرد. ئەمەش وایکرد یانەکە نەتوانێت رکابەری یانەکانی وەک لیۆن و مارسیلیا بکات کە لەو کاتەدا کۆنتڕۆڵی تۆپی پێی فەرەنسایان کردبوو.

هەرچەندە باراک لە ساڵی 2010دا پلانێکی ئەمنی توندی جێبەجێ کرد کە بە پلانی لیپرۆ ناسراوە بۆ دەرکردنی هاندەرە توندوتیژەکان، بەڵام ئەم هەنگاوە باجێکی قورسی هەبوو. تەواوی هاندەرە سەرسەختەکان بایکۆتی یاریگایان کرد، بەمەش یاریگای پاریس سانجێرمان ئەو کەشە حەماسییەی لەدەستدا و بووە یاریگایەکی بێدەنگ و سارد.

تۆم باراک وەک سەرۆکی یانەیەکی وەرزشی شکستخواردوو بوو، چونکە نەیتوانی یانەکە لە ڕووی ئاست و ئەنجامەوە بەرەوپێش ببات. بەڵام وەک وەبەرهێنەرێکی بازرگانی سەرکەوتوو بوو، چونکە توانی یانەکە لە مایەپووچبوون ڕزگار بکات و لە کۆتاییدا بە قازانجێکی زۆرەوە بیفرۆشێت بە قەتەرییەکان.

Back to top button