
بەر لەوەی تۆم باراک لە ئەرکە نوێیەکەی وەک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق بگاتە بەغدا، جموجوڵەکانی چەکدانانی میلیشیا شیعەکان دەستیپێکردووە، لەناوەڕاستی جموجوڵەکاندا كەتائیبی سەیدلشوهەدا چەکدانان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامۆژگاریمان بۆ حكومەت ئەوەیە واز لە هەوڵی داماڵينی چەكی گرووپەكان بهێنێت چونكە تووشی شكست و شەرمەزاریان دەكات و حكومەتەكەشیان دەڕووخێنێت.
كازم فەرتوسی، وتەبێژی كەتایبی سەیدلشوهەدا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا باسی لە هەنگاوەکانی چەکدانانی میلیشیاکان کرد و گوتی، پێویستە لەسەر دەسەڵاتداران عێراقی بن و نیشتمانی بن، پێیانوابێت ئەم چەكە بەشێكە لە شكۆی نیشتمان و سەروەرییەكەی.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت ئەوەیان لەبیربێت كێ بەڕووی داعشدا وەستاو شەڕی كردو چۆن هێزە ئەمنییەكان سەركرادیەتیان نەبوو و نەیانتوانی بەرگری لەخاكی عێراق بكەن و بەزین، ئەم گرووپانە هاتن و وڵاتیان رزگاركرد، ئەو هێزەشی كە راهێنانی بەحەشد شەعبی كردووەو ئەم حەدشەی ئێستاش ئەو حەشدەیە كە لەلایەن گرووپەكانەوە سەركردایەتی كراوە.
فەرتوسی جەختیشكردەوە لەسەر ئەوەی، کشانەوەی ئەمریکا لە مانگی ئەیلولدا خەیاڵەو تەنها كەسانی گەمژە متمانەیان بە لێدوانەکانی ئەمریکایە، ئەگەر پێشتر کشانەوەیەک هەبووبێت، بە هۆی چەکی مقاوەمەوە بووە؛ نەك لەسەر بنەمای رێکەوتنی بەغدادو واشنتۆن.
هاوکات ئێوارەی ڕۆژی هەینی نازم سەعیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری بزوتنەوەی نوجەبا، کە یەکێکە لەو گروپە میلیشیایانەی ڕەتیدەکاتەوە چەک دابنێت ڕایگەیاند، کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، کردنەئامانجی چەکی بەرەی مقاوەمە و حەشدی شەعبیە.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق یەکێکی دیکەیە لەو گروپە میلیشیایانەی ڕادەستکردنی چەک ڕەتدەکەنەوە، ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی ئەو گرووپە پەیامێکی سەیروسەمەرەی بڵاوکردوەتەوەو رایگەیاندوە، چەک تەنیا رادەستی (ئیمام مەهدی) دەکەن و ئەو گرووپانەی رێگەی رادەستکردنی چەکیان گرتووەتەبەر، بەشێک نەبوون لە مقاوەمەی ئیسلامی و “چەندین ساڵە یەک بەردیشیان نەگرتووەتە ئەمریکا”.
قسەکەی ئەبوو موجاهید وەک ئاماژەیەکە بۆ دواین ئیمامی شیعەکان کە شوێنکەوتووانى پێیان وایە دەگەڕێتەوە.
ئیمام مەهدی، ئیمامی 12یەمی شیعەکانە. بەپێی گێڕانەوە و باوەڕی پەیڕەوکارانی مەزهەبەکە، ئەو ئیمامە کاتێک تەمەنی 72 ساڵان بووە، لە 941ی زایینی (329ی کۆچی) لە زیارەتگاکەی خۆی لە سامەڕای عێراق دیارنەماوە.
سەبارەت بە کاتی گەڕانەوەی، شیعەکان دەڵێن لە دۆخێکدا دەبێت کە جیهان پڕ دەبێت لە نادادی، گەندەڵی و ستەمکاری. کاتێک دەگوترێت کەسێک شیعەی 12 ئیمامییە، مەبەست لەوەیە کە باوەڕی بە ئیمام مەهدی، واتە ئیمامی 12یەمیش هەیە؛ چونکە هەندێک جۆری شیعە هەن کە باوەڕیان جیاوازترە، شیعەکانی عێراق و ئێران بەتایبەتی، لەوانەن کە 12 ئیمامین.
هەفتەی داهاتوو قۆناغی تۆمارکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق تەواو دەبێت و دووبارە بەگوێرەی پێویست بەسەر هێزە ئەمنییەکاندا دابەش دەکرێنەوە، ئیتر ئەو قۆناغە دەستپێدەکات کە کێ لە بەرەی عێراقدایە و کێ دژی عێراقە. تا ئێستا سێ گروپی میلیشیا لە بەرەی دژایەتی چەکدانانن (کەتائیبی سەیدشوهەدا، نوجەبا و حزبوڵڵای عێراقی).
سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، هەنگاوە کردەییەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت دەستیپێکردووە، سەرجەم گرووپ و پێکهاتە سەربازییەکانی ژێر چەتری دامەزراوە ئەمنییەکان پەیوەندییە سیاسییەکانیان دەپچڕێنرێت.
سەعد مەعن رایگەیاند، جگە لە گرووپی سەرایا سەلام، گرووپی دیکەی وەک بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی دەستیان بە رێکارە یاساییەکان کردووە بۆ رادەستکردنی چەکی مامناوەند و قورس وەک ئامادەکارییەک بۆ تێکەڵبوونی تەواوەتی.
حکومەتی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلى فالح زەیدى دەیەوێت لە چوارچێوەی سنووردارکردنی چەک بەدەستی دەوڵەت، سەرجەم گرووپە چەکدارەکان لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبکاتەوە و پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکانیان بپچڕێنێت وەک تێکەڵکردنێکی تەواو بە دەستەی حەشدی شەعبی.





