تورکیا دژی سوکایەتیکردنی سەرمایەدارێکی ناسراو بە ژنی کورد خرۆشاوە

دەم پارتی و 16 سەندیکای پارێزەران لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و ئامەدسپۆر، سکاڵای یاساییان لە دژی بازرگان (رەحمی کۆچ) تۆمار کرد و هۆکارەکەشی گێڕانەوەی نوکتەیەکی ئابڕووبەرانەیە لەسەر ژنی کورد. سەرکۆنەکردن و سکاڵاکان بەردەوامن.

ئەو نوکتەی بازرگانی ناسراوی تورکیا، رەحمی کۆچ، رۆژی هەینی، 5-6-2026، لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەک لە ئیزمیر گێڕایەوە، مشتومڕ و کاردانەوەی زۆری لە نێو رای گشتیدا دروستکردووە. دەم پارتی رایگەیاند، کۆچ بەو قسانەی ژنانی کوردی کردووەتە ئامانج و سکاڵای یاسایی لە دژی تۆمار کرد.

خالیدە تورکئۆغڵو، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی، بە تۆمەتەکانی (هاندانی خەڵک بۆ کینە و دووژمنایەتی، سووکایەتیکردن و جیاکاری) سکاڵای پێشکەشی داواکاری گشتی لە ئیزمیر کرد.

دەم پارتی رایگەیاند، ئەو چیرۆکەی کۆچ گێڕاویەتیەوە، نیشاندەری دیدێکی رەگەزپەرستانە و جیاکارییە بەرامبەر بە ژنانی کورد.

لە دەقی ئەو سکاڵانامەیەی پێشکەشی داواکاری گشتیی ئیزمیر کراوە، هاتووە: “گێڕانەوەی چیرۆکێک لەسەر بنەمای تێنەگەیشتنی ژنێکی کورد لە پزیشکەکەی لە ژووری پشکنین و نیشاندانی وەک (تەنز)، گۆڕینی ستەمدیدەیی پێکهاتەیەکە بۆ گاڵتەجاڕی. بەکارهێنانی ئەو راستییە تاڵەی ژنانی کورد کە ناتوانن بە زمانی دایکیان دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بگات و لە ژووری منداڵبووندا ناتوانن گرفتەکانی خۆیان بگەیێنن، وەک گاڵتە، هێرشێکی گشتگیرە بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ، مافی تەندروستی و مافی ژنانی کورد.”

هەروەها 16 سەندیکای پارێزەرانی باکووری کوردستان سکاڵایان لە دژی (رەحمی کۆچ) تۆمارکردووە.

سەندیکای پارێزەرانی سەمسوور، ئاگری، ئێلهـ ، چەولیک، بەدلیس، دێرسم، ئامەد، جۆلەمێرگ، ئیدر، قەرس، مێردین، مووش، سێرت، رووها، شرناخ و وان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: “ئەو گوتەیەی بەناوی نوکتە لەلایەن کەسێک بە ناوی رەحمی کۆچەوە گێڕدراوەتەوە و دەستەواژەی سووکایەتیپێکردن، رەگەزپەرستی و شکاندنی کەرامەتی ژنی کوردی تێدایە، هەروەها پێکەنینی ئەو کەسانەی لەوێدا بوون، لەوانەش بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، جێی داخە.”

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە: “لە کاتێکدا باسی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی هاووڵاتیبوون و یاسای برایەتی دەکرێت، بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە گوتانە بەرامبەر بە کورد و ژنانی کورد بەو ئاسانیە، خزمەت بە ساڕێژکردنی برینەکانی رابردوو ناکات، بەڵکو قووڵتریان دەکاتەوە.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەڵسوکەوتەکانی بینالی یڵدرم کە خۆی کوردە، نابەرپرسانەیە. ئەو بەهۆی ئەزموونی دەوڵەتداری و پێگەکەیەوە دەبوو دەستبەجێ کاردانەوەی هەبێت و دژی سووکایەتییەکە بوەستێتەوە، بەڵام بە پێکەنینەکەی پشتگیریی لێ کرد. ئێمە وەک سەندیکاکانی پارێزەرانی ناوچەکە، هەر جۆرە زمانێکی جیاکاری کە ئاراستەی ژنان، گەلان و کەرامەتی مرۆڤ دەکرێت، رەت دەکەینەوە؛ بە تووندی سەرکۆنەی ئەم هەڵوێستە و ئەو ڕەفتارەی هاوکاری بوو دەکەین و بە ڕێزەوە بە رای گشتی ڕادەگەیەنین کە لە دژی ئەو کەسانە سکاڵای یاساییمان تۆمار کردووە.”

ئەو سەندیکایانەی سکاڵایان تۆمار کردووە:

1- سەندیکای پارێزەرانی سەمەسوور
2- سەندیکای پارێزەرانی ئاگری
3- سەندیکای پارێزەرانی ئێلهـ
4- سەندیکای پارێزەرانی چەولیک
5- سەندیکای پارێزەرانی بەدلیس
6- سەندیکای پارێزەرانی دێرسم
7- سەندیکای پارێزەرانی ئامەد
8- سەندیکای پارێزەرانی جۆلەمێرگ
9- سەندیکای پارێزەرانی ئیدر
10- سەندیکای پارێزەرانی قەرس
11- سەندیکای پارێزەرانی مێردین
12- سەندیکای پارێزەرانی مووش
13- سەندیکای پارێزەرانی سێرت
14- سەندیکای پارێزەرانی رووحا
15- سەندیکای پارێزەرانی شرنەخ
16- سەندیکای پارێزەرانی وان

بەرپرسانی باڵای تورکیاش لە رەحمی کۆچ تووڕەن

جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری تورکیا لە رێگەی پەیامێکەوە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) سەرکۆنەی رەحمی کۆچی کرد و رایگەیاند: “شکۆی مرۆڤ و هاوڵاتیبوونی یەکسان بنەمای سەرەکین. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەستەواژەیەک بەکاربهێنێت کە ببێتەهۆی بریندارکردن یان دروستکردنی وێنەیەکی کۆمەڵایەتیی نەرێنی لەسەر بنەمای رەگەز، ناسنامەی نەتەوەیی و پێگەی کۆمەڵایەتی.”

هەروەها ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، تەرازووی دادپەروەری بەپێی سەروەت و ناسناو ناپێورێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ناکرێ سووکایەتیکردن بە شکۆی ژن لەژێر ناوی نوکتە و تەنزدا بشاردرێتەوە.

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتیش گوتاری رق و کینەی دژی هاووڵاتیانی کورد بە چەپەڵ و پێچەوانەی بەهاکان ناوبرد.

هەروەها پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە پەیامێکدا بۆ ئەو بازرگانە رایگەیاند: “ئایا هیچ شەرم لای ئێوە نەماوە؟ ئەمە بە تەواوی ریسواییە.”

رەحمی کۆچ داوای لێبوردنی کرد

لەدوای دروستبوونی شەپۆلێکی نا|ڕەزایی، بەتایبەتی لە باکووری کوردستانەوە، رەحمی کۆچ داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند کە بە هیچ جۆرێک مەرامێکی چەپەڵی لە گێڕانەوەی ئەو نوکتەیەدا نەبووە و گوتی:”لە ناخی دڵمەوە داوای لێبوردن دەکەم”.

ڕووداوەکە چۆن بوو؟

رۆژی هەینی، 5-6-2026، بە ئامادەبوونی رەحمی کۆچ و ژمارەیەک لە بەرپرس و بازرگانان، نەخۆشخانەی ئەمریکی لە ئیزمیر کرایەوە. کۆچ لەکاتی گەڕان بە ناو نەخۆشخانەکە کە بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیاشی لەگەڵ دا بوو، نوکتەیەکی گێڕایەوە و گوتی:”ژنێکی کورد باسی نەخۆشییەکەی خۆی بۆ دکتۆرێک دەکرد و هەوڵی دەدا تێی بگەیەنێت. دکتۆرەکەش گوتوویەتی:”دەی کەوایە جلەکانت داکەنە هەتا پشکنین بکەم”، گوایە ژنەکە گوتوویەتی:”نا دکتۆر. سەرەتا تۆ دایکەنە!”.

لەوکاتەدا بینالی یڵدرم و ئەوانەش کە لەوێدا ئامادەبوون، پێکەنین. ئەمە کاردانەوەی زۆری بەدوادا هاتووە، تەنانەت بەرپرسانی حکومەتی تورکیا؛ یاریدەدەری سەرۆک کۆمار و وەزیری دادی تورکیاش ناڕەزاییان دەربڕیوە.

ئەگەرچی رەحمی کۆچ داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند کە بە هیچ جۆرێک مەرامێکی چەپەڵی لە گێڕانەوەی ئەو نوکتەیەدا نەبووە و گوتی:”لە ناخی دڵمەوە داوای لێبوردن دەکەم”، بەڵام بەشێک لە کوردان دەڵێن، دەبێ ئەو داوای لێبوردنە بە فەرمی بێت و دواتریش لە بەرامبەر یاسا ئەستۆپاکیی خۆی لەمبارەیەوە بەدەستبهێنێت.

گرووپی کۆمپانیاکانی کۆچ

گرووپی کۆمپانیاکانی کۆچ، ساڵی 1963 لەلایەن وەهبی کۆچ دامەزراوە. یەکەمین هۆڵدینگ و یەکێک لە گەورەترین دامەزراوە تایبەتەکانی تورکیایە. ناوەندی سەرەکیی کۆچ لە ناوچەی ئوسکوداری ئیستەنبووڵە.

مێژووی کۆچ هۆڵدینگ بۆ ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک وەهبی کۆچی دامەزرێنەری، لە ئەنقەرە دەستی بە بازرگانی کرد. کۆچ بە تێپەڕینی کات بوارەکانی کارکردنی فراوانتر کرد و لە پەنجاکانی سەدەی رابردوودا چەندین کۆمپانیای پیشەسازیی دامەزراند؛ دوای کەرتی خۆراک، رووی لە کەرتی ئامێرە کارەباییەکانی نێوماڵ و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل کرد.

ساڵی 1963 کاتێک ژمارەی کۆمپانیاکانی ئەو گرووپە گەیشتە 25 ، بە رێکخستنەوەیەکی نوێ پێگەی گرووپی کۆمپانیاکانی بە فەرمی وەرگرت.
وەهبی کۆچ لە ساڵی 1984دا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی کارگێڕیی بۆ رەحمی کۆچی کوڕی جێهێشت، رەحمی کۆچ ساڵی 2003 هەمان ئەرکی سپاردە مستەفا کۆچی کوڕی.

کۆچ لە لیستی (فۆرچن گڵۆباڵ 500)ی ساڵی 2024دا، پلەی 194ی بەدەستهێنا. لەو توێژینەوەیەی ژووری پیشەسازیی ئەستەنبووڵ لەژێر ناوی (500) گەورەترین دامەزراوەی پیشەسازیی تورکیا” بۆ ساڵی 2019 ئامادەی کردبوو، چوار کۆمپانیای سەر بە گرووپی کۆچ توانییان بچنە نێو لیستی 10 یەکەمەکان.

بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیەی (گۆڤاری ئیکۆنۆمیست) لەبارەی دەوڵەمەندترین خێزانەکانی تورکیا ئەنجامی داوە، خێزانی کۆچ بەو سەرمایەیەی هەیانە، لە پلەی یەکەمی دەوڵەمەندترین خێزانەکانی تورکیادان.

Back to top button