میلیشیا شیعەکان چۆن بەناوی چەکدانانەوە هەوڵی جێگیرکردنی دەوڵەتی قوڵ دەدەن؟

  • وەهمی گۆڕانکاری لە عێراق: گۆڕانکارییە کتوپڕەکانی ناو میلیشیاکانی بەغدا، ستراتیژییەکی قووڵتری ئێران دەشارنەوە
  • ئەمە دەستبەرداربوون نییە لە “دەوڵەتی قووڵ”ـی ئێران لەناو سیستەمی عێراقیدا، بەڵکو ڕێکخستنەوە و چەسپاندنیەتی

بڕیاری دوو میلیشیای بەهێزی شیعەی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە لە عێراق، بۆ چەکدانان و ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت، لەلایەن ئەمریکا و بەرپرسانی تری ڕۆژئاواوە پێشوازی لێکرا.

ئەو دوو میلیشیایە بریتین لە عەسائیب ئەهلی هەق، بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، و گرووپی کەتائیب ئیمام عەلی، بە سەرکردایەتی شبل زەیدی. عەسائیب ڕایگەیاند کە لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم لایەنەکانی ڕادەستکردنەکە و ئامادەکردنی لیستی چەکەکانی گرووپەکە.

لە هەمان کاتدا، بەیاننامەیەکی کەتائیب ئیمام عەلی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە “لەپێناو بەرپرسیارێتی نیشتمانی، بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی سەرکەوتن، و بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی” نراوە.

لە کاردانەوەی ئەم ڕاگەیاندنانەدا، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق، لە پێگەی ئێکس نووسیویەتی کە “پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی دەکات بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە، کە بنەمایەکی سەرەتاییە بۆ نوێبوونەوەی خۆبەڕێوەبەریی عێراقی کە لەسەر بنەمای گەڕاندنەوەی سەروەری، سەقامگیرییەکی بەردەوام، و بەڵێنی نوێبوونەوەی نیشتمانی دامەزراوە.

“هەروەها دەستخۆشی لەو گرووپانە دەکەین کە بڕیاری بنەمایییان داوە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم چەکەکانیان بۆ دەوڵەتی عێراق، کە بەشدار دەبێت لە داڕشتنی نەخشەی سیستەم و یاسادا.”

کەواتە چی ڕوودەدات؟ ئایا ئێمە شایەتحاڵی دیمەنێکی بێپێشینەین کە پێکهاتەیەکی میلیشیایی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە بە ئارەزووی خۆی لەپێناو یەکڕیزیی نیشتمانی و حوکمڕانییەکی باش خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە؟ ئایا هێشتا موعجیزە ڕوودەدات؟

ڕێکخستنەوە و چەسپاندنی ‘دەوڵەتی قووڵ’ـی عێراق

وەک چاوەڕوان دەکرا، وێنەکە زۆر ئاڵۆزترە. ئەمە دەستبەرداربوون نییە لە “دەوڵەتی قووڵ”ـی ئێران لەناو سیستەمی عێراقیدا، بەڵکو ڕێکخستنەوە و چەسپاندنیەتی.
کەسایەتییە سەرەکییەکە کە پێویستە لەم ئاراستەیەی ئێستادا چاودێری بکرێت فایەق زێدانە، کەسێک کە لە دەرەوەی عێراق کەمتر ناسراوە. ئەو وەک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کار دەکات. زێدان، کە کەسێکی نزیکی خەزعەلییە، لەلایەن زۆرێکەوە وەک “پاشادروستکەر” (بڕیاردەری سەرەکی)ـی عێراق دەبینرێت.

عەلی مەحموود، ڕۆژنامەنووسی عێراقی، لە سەرەتای ئەم مانگەدا بۆ مەکۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (Middle East Forum) نووسیویەتی: “لە ساڵی 2018ـەوە، هیچ کاندیدێکی سەرۆک وەزیران بەبێ ڕاوێژ، ڕەزامەندی، یان دەستتێوەردانی [زێدان] هەنگاوی نەناوە.”

ئەم هەژموونە بە ڕوونی لە 19ی نیساندا دانی پێدانرا، کاتێک تۆم باراک سەردانی زێدانی کرد، لە چوارچێوەی پێداگریی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.

هەوڵەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو بوون، لە پەراوێزی هەڕەشەکان سەبارەت بە ڕاگرتنی دەستگەیشتن بە دۆلارەکانی عێراق. وەک مەحموود نووسیویەتی، “باراک سەنگی خۆی خستە پاڵ زێدان، ڕێک وەک چۆن ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی پێش ئەو، ئەو کارەی کرد، و هەر یەکێکیان پیاوەکەیان خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕوونەوە. ئەمریکییەکان سەرۆک وەزیرانێکیان دەوێت کە ڕێڕەوەکە بگۆڕێت.”

ئەوەی دواتر ڕوویدا، دانانی بازرگانێکی تەمەن 40 ساڵە بەناوی عەلی زەیدی، وەک سەرۆک وەزیران و پاشان ڕاگەیاندنەکانی عەسائیب و کەتائیب ئیمام عەلی.
بەڵام سەیرکردنێکی وردتری زێدان—ئەو دەسەڵاتدارەی کە ئەمریکا ئێستا لە عێراقدا هاوپەیمانییەتی لەگەڵ دەکات—ئەوە دەردەخات کە ئەو پێکهاتەیەکە لەناو ئەو سیستەمی دەسەڵاتەی کە ئێران لە عێراق سەرکردایەتی دەکات، نەک نەیاری.

لێکۆڵینەوەیەکی وردی کانوونی یەکەمی 2023 لەلایەن سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وێست پۆینت (West Point)، زێدانی وەک یەکێک لە خاڵە گرێدراوەکانی سیستەمی ئێرانی لە عێراقدا دەستنیشان کردووە. لێکۆڵینەوەکە سەرنج دەخاتە سەر قۆناغی دوای شکستە هەڵبژاردنەکەی گرووپەکانی موقاوەمەی سەر بە ئێران لە ساڵی 2021دا. لەو کاتەدا، وا دیار بوو هێزە دژە-ئێرانییەکان هەلێکی ڕاستەقینەیان هەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

زێدان لە پەیوەندییەکی نزیکدا مایەوە لەگەڵ سوپای پاسداران و گرووپە تیرۆریستییەکان

لێکۆڵینەوەکەی سەنتەری CTC ڕێڕەوی کارکردنی زێدان بەم دەستەواژانە وەسف دەکات: “بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی وردی چەند ساڵە، زێدان یەکێکە لەو چەند دادوەرەی کە لەلایەن موقاوەمەی عێراقییەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەبو مەهدی موهەندیسەوە لە دەوروبەری ساڵی 2004ـەوە پێگەیەنراوە. زێدان لەلایەن موهەندیسەوە بردرایە لوتکەی سیستەمی دادوەریی عێراق، و دواتریش موهەندیس لە دانیشتنە تایبەتەکاندا وەک ‘پارێزەری پڕۆژەی شیعە’ ئاماژەی پێدەدا… زێدان بە درێژایی ساڵانی 2021-2022 سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەت لە پەیوەندییەکی نزیکدا مایەوە لەگەڵ بەرپرسانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانیانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە دیاریکراون، وەک کەتائیب حیزبوڵڵا و عەسائیب ئەهلی هەق.”

دەبێت ئەوە وەبیربهێندرێتەوە کە موهەندیس، پیاوە سەرەکییەکەی سوپای پاسداران بوو لە عێراق. ئەو لە کانوونی دووەمی 2020 لە پاڵ قاسم سولەیمانی، بە موشەکێکی ئەمریکی لەسەر ڕێگای فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا.

لە ساڵی 2021 تا 2022، هەوڵەکانی زێدان و هاوپیشەکانی سەرکەوتوو بوون. ڕکابەرەکانیان لە پێکهێنانی حکومەت شکستیان هێنا، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی پێکهاتەی لایەنگری ئێران بۆ سەر دەسەڵات بە پێکهێنانی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی لە تشرینی یەکەمی 2022.

زێدان “چووەتە ناو ئەو ڕۆڵەی کە کاتی خۆی ئەبو مەهدی موهەندیس دەیگێڕا… بەڕێوەبردنی دیمەنە سیاسییەکە لە پشتی پەردەوە.” ئەمە ئەو پیاوەیە کە حکومەتی ئەمریکا هاوپەیمانی لەگەڵ دەکات بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق.

ئەم ململانێیە لەسەر دەسەڵات لە نێوان کوتلە جیاوازەکاندا ڕاستەقینەیە. تۆڕەکەی زێدان و خەزعەلی دژی تۆڕەکەی مالیکین، و بە پێچەوانەشەوە. نابێت وا دابنرێت کە دژایەتیکردنی مالیکی بە واتای دژایەتیکردنی تەواوەتی بەرژەوەندییەکانی ئێران دێت لە عێراقدا. نەخێر وا نییە. بەڵکو ئەوەی ڕوودەدات، ڕکابەرییەکە لە ناو کەمپی سەر بە ئێراندا.

بڕیاری هاوپەیمانەکانی زێدان، خەزعەلی و زەیدی، بۆ تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکانی ڕێکخراوەکانیان بەناو هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتدا (یان لانیکەم نیشاندانی مەبەستیان بۆ کردنی ئەو کارە) هەوڵێکە لەلایەن پێکهاتەیەکی لایەنگری ئێرانەوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هەنگاوە ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی سیستەمەکەیان.

سەرەڕای تویتەکەی نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە واتای سەرکەوتنی سەروەریی و سەربەخۆیی عێراق یان کەمبوونەوەی کۆنترۆڵی سوپای پاسداران بەسەر بەغدادا نایەت. بەڵکو، ئەمە بەڵگەیە لەسەر قووڵی و ئاڵۆزیی سیستەمی ئێران لە عێراقدا، و فرەڕەهەندیی سروشتی پڕۆژەکەی تاران.

Back to top button