
50 نەهەنگ خەریکە دەخرێنە تۆڕەکەوە، ئەمە ناونیشانێکە ئێستا بۆ ئاماژەدان بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەورە تۆمەتبارانی گەندەڵی لە عێراق بەکاردێت، کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە جێبەجێی بکات.
ئەو ژمارانەی باس دەکرێن ئاسایی نین؛ بەپێی ئەم پێشبینییانە، بڕی پارەکان لە نێوان 150 ملیار دۆلار وەک کەمترین ئاست دەست پێدەکات و ڕەنگە بگاتە 350 ملیار دۆلار وەک بەرزترین ئاست، کە پێدەچێت لە ڕێگەی خانوبەرە، ئۆتۆمبێل و مۆڵکی جۆراوجۆرەوە، لە ناوەوە و دەرەوەی عێراق کۆکرابێتنەوە.
لیستە چاوەڕوانکراوەکە تەنیا سەرمایەدارەکان ناگرێتەوە، بەڵکو سیاسییەکان، بەرپرسانی پێشو و ئێستا، لەگەڵ چەندین ناوی دیار لە جیهانی بازرگانیدا دەگرێتەوە، لەوانە خاوەن مۆڵەکان، نەخۆشخانەکان و پڕۆژە خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانە بەرفراوانەکان.
بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، ئەم مەلەفە بەستراوەتەوە بە ڕێڕەوێکی هاوتەریب کە حکومەت گرتوویەتییە بەر، ئەویش کارکردنە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئابووریی بەرەو باڵادەستیی زیاتری کەرتی تایبەت و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
بەڵام وەک پێدەچێت، ئەم گۆڕانکارییە جیا نییە لە مەرجێکی ئەمنیی ئاڵۆز: دوورخستنەوە یان کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپە چەکدارانەی کە هێشتا دەستوەردان لە هەندێک وردەکاریی دۆخی ئابووری و ئەمنیدا دەکەن، و بەشێکیشیان ڕەتیدەکەنەوە بچنە نێو پلانی “چەکدانان”ـەوە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گروپانە دابەشبوون بەسەر چوار ئاراستەدا: لە نێوان لایەنگر، خۆپارێز، دژبەر، و ئەوانەی کە هەڵوێستی خۆیان بە مەرجی سیاسی یان داراییەوە دەبەستنەوە.
سەرچاوە سیاسییەکان بە پێگەی (مەدا)یان ڕاگەیاندووە کە “هەڵمەتێکی گەورە دژی گەندەڵی بەڕێووەیە، بڕە پارەیەکی مێژوویی دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵات کە لە دوای ساڵی 2003وە وێنەی نەبووە”.
سەرچاوەکانی نزیک لە حکومەت دەڵێن، لە ئێستادا لیستێک لە چوارچێوەی کاری ئەنجومەنی باڵای دەستپاکی و چاودێریدا ئامادە دەکرێت، کە لە سەردەمی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران دا پێکهێنراوە، لیستەکە چەندین کەسایەتی لەخۆدەگرێت کە گومانی تێوەگلانیان لە مەلەفە گەورەکانی گەندەڵیدا لێدەکرێت.
ئەم سەرچاوانە ژمارەی “نەهەنگەکان” بە نزیکەی 50 کەسایەتی دەخەمڵێنن، کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، وەزیر، بەرپرسانی پێشو و ئێستا هەن؛ هەندێکیان لە دەرەوەی وڵاتن، و هەندێکی تریشیان سەرپەرشتی پڕۆژەی گەورە لە بەغدا و پارێزگاکان دەکەن، کە بوارەکانی نیشتەجێبوون، نەخۆشخانە، گەشتوگوزار، نەوت و ژێرخان دەگرێتەوە.
زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە قەبارەی پارە دزراوەکان لە نێوان 150 بۆ 250 ملیار دۆلاردایە، و لە هەندێک خەمڵاندندا دەگاتە 350 ملیار دۆلار، کە بەشێک لەو پارەیە بۆ دارایی گروپە چەکدارەکان دەچێت.
سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە بەشە هەرە زۆرەکەی ئەم پارانە لە دەرەوەی عێراقدان، و پلانی گەڕاندنەوەکە موڵکی خانوبەرە، زەوی، خانوو، باڵەخانە، ئۆتۆمبێلی دەگمەن و خشڵ و زێڕی بەنرخ دەگرێتەوە.
بەڵام پەرلەمانتارێکی پێشو و ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمان، کە بە مەرجی نەهێنانی ناوی قسەی بۆ (مەدا) کردووە، ئەم ژمارانە بە “زێدەڕۆیی” وەسف دەکات کە مەبەست لێی جوانکردنی وێنەی حکومەتە نوێیەکەیە و دەڵێت: حکومەت لە باشترین سیناریۆدا تەنیا دەتوانێت نزیکەی 50 ملیار دۆلار بگێڕێتەوە.
لە بەندەرەکانەوە بۆ نەوت
لەوەتەی عەلی زەیدی لە مانگی ڕابردوودا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ڕێوشوێنە نوێیەکانی تایبەت بە گەندەڵی تا ئێستا پەردەیان لەسەر چوار کەسایەتی لاداوە، کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتارێکی پێشو و یەکێکی ئێستا هەن.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پارانەی ئاشکرا کراون زیاتر لە 20 تریلیۆن دیناری عێراقییە، لە مەلەفێکی تایبەت بە بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق، فەرحان فەرتووسەوە دەستیپێکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پرسیاری زۆر لەلایەن پەرلەمانتارانەوە لەسەر داهاتەکان و گرێبەستەکانی کارپێکردنی هاوبەش دروستبووە.
لایەنە چاودێرییەکان دەڵێن بەشێک لەم پارانە بۆ پاڵپشتیکردنی لایەنە سیاسییەکان و دامەزراندنی پڕۆژە لە دەرەوەی سنوورەکان بەکارهاتووە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی چەندین موڵک و خانوبەرەی بەرفراوان لە ناو بەغدادا.
فەرتووسی پێشتر خاوەندارێتی هەر وەبەرهێنانێکی دەرەکی ڕەتکردبووەوە و جەختی کردبووەوە کە مووچەکەی لە 7 ملیۆن دیناری مانگانە تێپەڕ ناکات.
لە مەلەفێکی تردا، عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دەستبەسەرکرا، کە تێیدا لایەنە دادوەرییەکان دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار، 40 خانوبەرە، زێڕ، چەکی سووک و مامناوەند، و چەندین بڕە پارەی تریان بە دیناری عێراقی ڕاگرت.
لهم چوارچێوهیهدا، داوا لە پەرلەمان کراوە پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار حەسەنین خەفاجی لابدات، بەهۆی تۆمەتی هەوڵدان بۆ سەرانەسەندن و قۆستنەوەی هەژموون لەبەرامبەر وەرگرتنی پارەدا.
هەروەها دادگای سەرەتایی کەرخ بڕیارێکی دەرکردووە کە پەرلەمانتاری پێشوو جەمال کەربولی پابەند دەکات بە پێدانی 4.5 ملیۆن دۆلار بە سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی، ئەمەش دوای ئەوەی بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، بەخشینێکی تایبەت بە پڕۆژەی نەخۆشخانەیەکی سعوودی بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆی گۆڕیبوو.
دەرکەوتنی “نەهەنگێکی نوێ”
لە پێشهاتێکی نوێدا ، پەرلەمانتار عەلا حەیدەری ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کردووە، کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە پێی دەڵێت “پێشێلکاریی گەورە و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی” لە ناو یەکێک لە کۆمپانیا نەوتییەکاندا، کە لەلایەن کەسێکەوە دەکرێت کە بە “نەهەنگی نوێی نەوت” وەسفی کردووە.
حەیدەری لە لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم مەلەفە لەپڕ دەرنەکەوتووە، بەڵکو ئاراستەی حکومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کرابوو، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێکی ڕاستەقینەی لەسەر بگیرێتە بەر.
دەستەی دەستپاکی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە لە نیسانی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کە لە ماوەی ساڵی 2025دا، 14.645 فەرمانی بانگهێشتکراون، 3.461 فەرمانی دەستگیرکردن دەرچووە، 1950 فەرمانی ڕاگرتن، و 215 بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵاتی دەرکردووە.
له ڕووی جێبەجێکردنەوە، دەستەکە ڕایگەیاند کە لە هەمان ساڵدا 1555 پرۆسەی گرتنی ئەنجامداوە، کە بە دەستگیرکردنی 671 تۆمەتبار لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا کۆتایی هاتووە.
لەسەر ئاستی دادوەری، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ئەو کەیسانەی ڕەوانەی دادگا تایبەتمەندەکان کراون گەیشتووەتە 2444 کەیس، و 5676 فەرمانی ڕەوانەکردن دەرچووە.
لە نێوان ئەم مەلەفانەدا، 8 فەرمان دژی وەزیرەکان و ئەوانەی لە پلەی ئەواندان هەبووە، و 89 فەرمانیش دژی خاوەن پلە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بووە.
چەک بەبێ ڕێککەوتنی کۆتایی
لەسەر ئاستی مەیدانی، زانیارییەکان تا ئێستا ئاماژە بەوە ناکەن کە هیچ لایەنێک بە فەرمی ڕادەستکردنی چەکەکەی ڕاگەیاندبێت، جگە لە “سەرایا سەلام”ی سەر بە موقتەدا سەدر، کە هەنگاوەکەی وەک شکاندنی بێدەنگیی لە ناو مەلەفی گروپە چەکدارەکاندا وەسف کرا.
سەدر پێشتر بیرۆکەی هەڵوەشاندنەوە یان ڕێکخستنی چەکی بە ڕوونی خستبووە ڕوو، و پاڵپشتی خۆی بۆ حکومەت نیشاندابوو، لە بەرامبەردا، هیچ هەنگاوێکی ئاشکرا لەلایەن گروپەکانی ترەوە نیە وەک عەسائیب و کەتائیبی ئیمام عەلی، کە ئەوانیش ئامادەییان نیشانداوە چەک دابنێن.





