
لە زۆربەی ئایین و ڕێبازە ئاینییەکاندا، مامۆستای ئایینی پێگەیەکی باوکانە یان ڕێبەرانەی هەیە. بەڵام هەندێکجار ئەو کەسایەتییە ئاینییانە لە سەرجەم ئاینەکاندا، پێگەکانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت یاخود ئەوەی پێی دەگوترێت “بەرژەوەندی دنیایی” قۆستوەتەوە.
هەندێک لەو کەسایەتییە ئاینییانەی خوێندکاریان هەیە، دووچاری کەیسی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ خوێندکارەکانیان بوونەتەوە. مامۆستاکە لە نێوان دەیان خوێندکاردا، گرنگییەکی تایبەت بە کچێکی دیاریکراو دەدات و وا لە کچەکە دەکات هەست بە شانازی و سەرنجڕاکێشان بکات.
دۆسیەی جون لۆید دوپری کە بانگخوازێکی دیار بوو، نیشانیدا کە ئەو پێگەی خۆی وەک “ڕێنوێنیکەری گەنجان” بەکارهێنا بۆ دروستکردنی پێوەندیی سۆزداریی تایبەت و نامەگۆڕینەوەی سۆزداری لەگەڵ ئەو کچانەی کە دەچونە لای بەمەبەستی ڕاوێژ وەرگرتن.
ئەو کەسایەتییە ئاینییانەی کە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا، تەلەفزیۆن، یان وانە گشتییەکانەوە ناوبانگ دەردەکەن، بەناوبانگ بوونەکەیان هاوشانە لەگەڵ بە “ئەستێرەبوون”یان لەسەر شاشەکان. لێکۆڵینەوەکانی سەر دۆسیەی نۆمان عەلی خان، بانگخوازی بەناوبانگی ئەمریکی-پاکستانی لە بواری تەفسیر لە ساڵی 2017دا دەریانخست، کە ئەو پێگەی خۆی و کاریزماکەی بۆ وتنەوەی وانەکانی بەکارهێناوە بۆ ناردنی نامەی نەشیاو، وێنە و پێشنیازی هاوسەرگیریی نهێنی بە چەندین ژن و کچ، کە وەک خوێندکار یان هەوادار متمانەیان پێکردبوو.
لە هەندێک حاڵەتدا مامۆستا یان کەسایەتییە ئاینییەکە، بابەتی سۆزداریی بەرگی ئاینیی دادەپۆشێت. بۆ نموونە پێی دەڵێت: “من دەمەوێت لە سەرپێچی بتپارێزم”، یان “پێویستە هاوسەرگیریی بکەین بۆ ئەوەی پێکەوە خزمەتی ئایین بکەین”. بەم شێوازە، کچەکە وا هەست ناکات کە ئەمە پەوەندییەکە لە دەرەوەی چوارچێوە شەرعییەکان، بەڵکو وەک “ئەرکێکی پیرۆز” تەماشای دەکات.
لە مێژووی گرووپە ئاینییە جیاوازەکاندا تەنانەت لە ئەمریکا و ئەوروپا وەک گرووپەکانی دەیڤید کۆریش، یان مۆرمۆن فەندەمێنتالیست، ڕێبەرەکان کەسایەتی خۆیان بەکاردەهێنا بۆ قەناعەتپێکردنی کچانی گەنج، کە پەیوەندیبەستن لەگەڵ ئەواندا پلەی ڕۆحییان بەرز دەکاتەوە.
یووسف قەرزاوی و دۆسیەی ئەسما بن قادە
ئەمە نموونەیەکە لەسەر “هاوسەرگیریی کاتیی” لە نێوان مامۆستا و خوێندکاردا. ئەسما بن قادە خوێندکاری قەرزاوی بو و چەندین ساڵ تەمەنی لە نێوانیان بوو.
دوای جیابوونەوەیان، باس لەوە کرا کە چۆن پێگەی قەرزاوی وەک موفتی و زانایەکی گەورە کاریگەریی هەبووە لەسەر ڕاکێشانی سەرنجی خوێندکارەکەی و ڕازیبوونی بە هاوسەرگیرییەک، کە دواتر کێشەی زۆری لێکەوتەوە.
فەتحوڵڵا گیولەن
هەرچەندە دۆسیەکانی زیاتر ڕەهەندی سیاسییان وەرگرت، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین ئەندامی پێشووی بزووتنەوەکەی تۆمەتی ئەوەیان ئاراستە کرد، کە لەنێو خانووەکانی ڕێنمایی- Işık Evleri، جۆرێک لە کۆنترۆڵی دەروونی و هەندێکجار دەستدرێژیی یان پەیوەندی نەشیاوی لەگەڵ گەنجان هەبووە.
عەدنان ئۆکتار
ئەمە یەکێکە لە گەورەترین دۆسیەکانی سەدەی21، ئۆکتار کە بە “هاروون یەحیا”ش ناسرابوو، گرووپێکی ئاینی هەبوو کە تێیدا دەیان کچی گەنج کە بە “پشیلەکان” دەناسران لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە.
تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، دەستدرێژی سێکسی، و ڕفاندنی کچانی درایە پاڵ و لە ساڵی 2021دا بە زیاتر لە هەزار ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
ڕاڤی زەکەریاس
یەکێک بوو لە بەناوبانگترین بانگخوازە مەسیحییەکانی جیهان لە سەدەی 20 و 21. دوای مردنی لە ساڵی 2020، لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە بۆ چەندین ساڵ هەڵسوکەوتی نەشیاو و دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر ئەو ژنانە هەبووە کە لە ناوەندە تەندروستییەکانی ئەودا کاریان کردووە.
ئاشرامەکانی هیندستان
لە هیندستان چەندین “گورو” یان ڕێبەری ڕۆحی هەبوون کە وەک خوداوەند تەماشا دەکران. ئاسارام باپو لە ساڵی 2013دا تۆمەتبار کرا بە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی مێردمنداڵ کە خوێندکاری قوتابخانە ئاینییەکەی بوو. لە ساڵی 2018دا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
تاریق ڕەمەزان
نەوەی حەسەن بەنا (دامەزرێنەری ئیخوان موسلمین) و بیرمەندێکی دیاری ئیسلامی لە ئەوروپا. لە ساڵی 2017وە ڕووبەڕووی چەندین تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لە فەرەنسا و سویسرا بووەوە.
قوربانییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەو “کەسایەتییە دوو لایەنەکەی” بەکارهێناوە؛ لە لایەک باسی ڕەوشت و ئایین، لە لایەکی تر هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی سێکسی ئەنجامداوە.





