هەوڵەکانی بەهێزکردنی مەرکەزییەت لە بەغداوە دەستیان پێکردووە

دوای ئەوەی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کە جووڵەیەک هەیە بۆ هەموارکردنی یاسای ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێکدا ڕێکنەخراون، مشتومڕەکان لە ناو پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە داهاتووی لامەرکەزی کارگێڕی لە عێراق نوێ بوونەتەوە. ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان پارێزگاکان و وەزارەتە فیدراڵییەکان و بەرفراوانکردنی دەسەڵاتی ئیدارە خۆجێییەکان، لە بەڕێوەبردنی دۆسیە خزمەتگوزاری و جێبەجێکارییەکاندا.

عیمران کەرکووشی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، پڕۆژەی بەهێزکردنی لامەرکەزی و فراوانکردنی دەسەڵاتی پارێزگاکان، تەنیا ڕێکارێکی کارگێڕی نییە بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ململانێی سیاسی و جیۆپۆلیتیکییە کە لە ڕەهەندە کارگێڕی و ڕێکخستنییەکان تێدەپەڕێت.

ڕوونیشیکردەوە: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەندێک لایەنی ناوخۆیی پاڵپشتی لە بەهێزکردنی مەرکەزیەتی دەوڵەت لە بەغدا دەکەن بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری و بەڕێوەبردنی دۆسیەکانی چەک و دارایی، لە کاتێکدا هێزە سیاسییەکان لە ڕێگەی پەرلەمانەوە هەوڵدەدەن ناوەندەکانی هەژموونی خۆجێیی لە ناو پارێزگاکاندا مسۆگەر بکەن، بۆ ئەوەی بەردەوامی سەرچاوە داراییەکان و بەڕێوەبردنی بڕیاری خۆجێیی خۆیان بپارێزن.

شکستەکانی لامەرکەزیەت

کەرکوشی دەڵێت: ئەوەی داواکراوە بریتییە لە هەبوونی ناوەندێکی بەهێز کە پارێزگاری لە سەروەری و یەکپارچەیی دەوڵەت بکات، لە بەرامبەردا لایەنەکان و پارێزگاکان دەسەڵاتی پێویستیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان لە چوارچێوەی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانیدا.

جەعفەر زاملی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمان، ئاشکرای کرد کە جووڵەیەک لە ناو لیژنەکەدا هەیە بۆ هەموارکردنی یاسای ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێکدا ڕێکنەخراون.

بەپێی ئەوەی زاملی ڕایگەیاندووە، پێشنیازەکە لەسەر ئەو بنەمایەیە کە پارێزگار بەرپرسی یەکەم بێت لە فەرمانگەکانی سەر بە پارێزگاکەی، و ڕێکار و فەرمانەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پارێزگاوە دەربچن لەجیاتی ئەوەی بە وەزارەتەکاندا تێپەڕن، کە ئەمەش بەهۆی نووسراو و نامەگۆڕینەوەی فەرمییەوە دەبێتە هۆی دواکەوتن.

زاملی ڕوونیکردەوە کە لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لیژنەیەکی بچووککراوەیە بۆ پێشکەشکردنی توێژینەوەیەکی گشتگیر سەبارەت بە هەموارکردنی یاساکە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەموارە پێشنیازکراوەکان تەنها لە گۆڕانکاریی پەیوەندی کارگێڕیدا کورت نابنەوە، بەڵکو پێداچوونەوە بە هەندێک ماددەی یاساکەشدا دەکەن کە پەیوەستن بە میکانیزمەکانی کاری لامەرکەزی لە ناو پارێزگاکاندا.

هەروەها پێشنیازەکان پێداچوونەوە بە میکانیزمی دەنگدان و بڕیاردان لە ناو ئەنجومەنی پارێزگاکاندا کراوە، بە جۆرێک کە گەرەنتی ئەوە بکات بڕیارەکان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتی و پارێزگاکەدا بن، نەک بۆ بەرژەوەندی کەسەکان یان پارتە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنە خۆجێییەکان.

لە سەرەتای ساڵی 2025دا، دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، ڕەزامەندی لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نوێی پارێزگاکان دا، کە لەو کاتەدا وەک بەشێک لە ڕێڕەوی پەرەپێدانی ئیدارەی خۆجێیی و بەهێزکردنی لامەرکەزیەتی کارگێڕیی تەماشا دەکرا.

گفتوگۆکانی ئێستا پشت بە دەقەکانی دەستووری عێراق دەبەستن کە دەسەڵاتی بەرفراوانی بەخشیوە بە ئەنجومەنی پارێزگاکان، وەک دەستەی خۆجێیی سەربەخۆ کە ناچنە ژێر دەسەڵات یان سەرپەرشتی هیچ وەزارەتێک یان لایەنێکی بەستراو بە وەزارەتەوە.

هەروەها دەستوور دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی بەرفراوانی بەو ئەنجومەنانە بەخشیوە کە توانایان پێدەدات کاروباری پارێزگاکان بەڕێوەببەن و بڕیاری پێویست بدەن بە جۆرێک لەگەڵ بنەمای لامەرکەزیەتی کارگێڕیدا بگونجێت؛ ئەم بنەمایەش لە دوای پەسەندکردنی دەستوورەوە هەمیشە تەوەری گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکان و ئیدارە خۆجێییەکان بووە.

لە ماوەی ڕابردوودا باس لەوە دەکرا دیدی تۆم باراک، نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بریتییە لە بەهێزکردنی ناوەندی بڕیار لە بەغدا، ئەمەش لە ڕێگەی یەکخستنی بڕیاری ئەمنی، هەروەها کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و بەهێزکردنی توانای بەغدا بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە ستراتیژییەکان بە دوور لە فرەیی لە ناوەندەکانی بڕیاردان دا.

Back to top button