
زیاد هاشمی، ڕاوێژکاری ئابووریی نێودەوڵەتی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی، زیادبوونی گوشارە داراییەکان لەوانەیە بە تێپەڕبوونی کات حکومەتی عێراق ناچار بکات پەنا بۆ بژاردەی سنووردار و ڕێکاری “بەئازار” ببات، ئەوەش لەپێناو زیادکردنی نەختینەی دینار و دابینکردنی مووچە، سەرەڕای لێدوانە فەرمییەکانی ئەم دواییانە کە بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار یان لابردنی سفری دیناری عێراقییان ڕەتدەکردەوە.
هاشمی ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەت گرەو لەسەر گەڕاندنەوەی تواناکانی هەناردەکردنی نەوت دەکات وەک چارەسەرێکی بنەڕەتی، بەڵام ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە لانی کەم 60 ڕۆژ هەیە، ئەمەش دەیخاتە بەردەم تەنگژەیەکی دارایی ڕاستەقینەوە کە پێویستی بە چارەسەری خێرا و پڕکردنەوەی کەلێنەکان هەیە، بەبێ ئەوەی بارگرانیی زیاتر بخرێتە سەر شانی مووچەخۆرانی خاوەن داهاتی سنووردار.
هاشمی لە میانی چاوپێکەوتنێکدا ڕوونی کردەوە، کە دووبارە خستنەناوی عێراق لە لیستی خۆڵەمێشیی گرووپی کاری دارایی نێودەوڵەتی، نیشانەیەکی نەرێنییە و دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆشیاریی و وریایی بانکە نێوەندگیرە ئەمریکییەکان و کەمبوونەوەی وەبەرهێنانی بیانی، ئەمەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر بازاڕی هاوتەریب (بازاڕی ڕەش) بەهۆی زیادبوونی داواکاری لەسەر دۆلاری کاش.
گوتیشی: “ئەم ڕێکارانە ڕەنگە بۆ حکومەت سودی هەبێت و نەختینەی دینار بۆ گەنجینەی گشتی بەدەستبهێنن، ئەمەش دەرفەتێکی گەورەتری پێدەبەخشێت بۆ دابینکردنی مووچە و خەرجییە کارگێڕییەکانی دیکە لە کاتی گونجاوی خۆیاندا”.
هەروەها باسی لەوەشکرد،”حکومەت پێدەچێت گرەو لەسەر گەڕاندنەوەی توانای عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوت بکات وەک پێش شەڕەکە، و بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەم بابەتە پێویستی بە کاتێک هەیە کە لە شەست ڕۆژ کەمتر نەبێت، و لەم ماوەیەدا حکومەت لەبەردەم تەنگژەیەکی دارایی ڕاستەقینەدا دەبێت کە پێویستی بە گەڕان بەدوای ڕێکاری خێرا هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە”.
سیناریۆی دۆلاری 160 هەزاری و شۆکی خاوەن داهاتە سنووردارەکان
سەبارەت بە لێکەوتەکانی بەرزکردنەوەی فەرمیی نرخی خەرجکردنی دۆلار بۆ ئاستی 1650 دینار، هاشمی ئاماژەی بەوە کرد کە “بە دڵنیاییەوە شۆکەکە ڕاستەوخۆ بۆ سەر هاووڵاتیان دەبێت، بەتایبەتی خاوەن مووچە سنووردارەکان، چونکە ئەمە دەستبەجێ ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، بەمەش بارگرانی قەیرانی دارایی و بەرزبوونەوەی تێچووەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ سەر شانی هاووڵاتی”.
سەبارەت بە ڕادەی سوودبەخشی ئەم بڕیارە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان، گوتی: “تەنانەت ئەگەر حکومەت ئەم ڕێکارە بگرێتەبەر و نرخی فەرمی فرۆشتنی دۆلار بۆ 1650 دینار بۆ هەر دۆلارێک بەرز بکاتەوە، پێموانییە بتوانێت گوژمەیەکی نەختینەی پێویست بەدەستبهێنێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە داراییە گەورەیەی کە ڕووبەڕووی بووەتەوە”، ڕوونیشی کردەوە کە “جیاوازییەکە نزیکەی 35 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، بازدانێکی گەورە لە داهاتی بەدەستهاتوو بە دینار دروست ناکات، بۆیە حکومەت بەو شێوەیەی دەیەوێت سوودمەند نابێت، لە کاتێکدا هاووڵاتی عێراقی زیانی گەورە و ڕاستەوخۆ بەردەکەوێت”.
ئامرازەکانی بانکی ناوەندی و گرێکوێرەی بازاڕی هاوتەریب
سەبارەت بە جیاوازی نرخی نێوان بازاڕی فەرمی و نافەرمی کە گەیشتووەتە نزیکەی 25 خاڵ، هاشمی دووپاتی کردەوە کە “بازاڕی هاوتەریب بە جیاوازی نرخ لەگەڵ نرخی فەرمیدا دەمێنێتەوە، هەرچەندە بانکی ناوەندی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بدات، چونکە داواکارییەکی بەردەوام لەسەر دۆلاری نەخت لە دەرەوەی کەناڵە فەرمییەکان هەیە، کە زۆربەی کات بە نرخێکی بەرزتر لە نرخی فەرمییە”.
لەگەڵ ئەوەشدا، هاشمی بەراوردکارییەکی لەگەڵ قۆناغەکانی پێشوودا کرد و ڕوونی کردەوە: “ئەگەر دۆخی ئێستا بەراورد بکەین بە ساڵانی ڕابردوو، کاتێک پلاتفۆرمی دراو و سزاکان و کێشەکانی چاودێری و ڕێکخستن هەبوون، دەبینین جیاوازییەکانی ئێستا زۆر کەمترن لەوانەی پێشتر هەبوون”، دواتریش جەختی کردەوە کە “لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کەلێنانە بەهۆی سروشتی سیستەمی نەختینەیی و دارایی عێراقەوە بەردەوام دەبن، کە ڕێگە بە دزەکردنی دۆلار بۆ بازاڕی هاوتەریب دەدات، بۆیە پێویستە حکومەت و ئیدارەی نوێی بانکی ناوەندی لە قۆناغی داهاتوودا سەرنج بخەنە سەر چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە”.
سیستەمی گەندەڵی و هەژموونی 15 کڕیار و فرۆشیارە دەستڕۆیشتووەکە
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی 15 کەسایەتی دەستڕۆیشتوو دەکەن کە کۆنترۆڵی یاریپێکردنی بازاڕ دەکەن، هاشمی دەستی خستە سەر کێشەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە “گەندەڵی لە زۆرێک لە جومگەکانی دەوڵەتدا ڕەگی داکوتیوە، و تێکەڵبوون لە نێوان هەندێک لایەنی سیاسی، کارگێڕی، بازرگانی و بانکیدا هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی سیستەمێکی گەندەڵ کە کاریگەری لەسەر کەرتە جیاوازەکان هەیە، لەوانەش بازاڕی دۆلار”.
جەختیشی کردەوە کە “چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕێگەی ڕێکاری کاتییەوە بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە زنجیرەیەک چاکسازی ڕیشەیی هەیە و ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمە بێت کە بە درێژایی دەیان ساڵ کاری بۆ فراوانبوونی کردووە، هەروەها ڕزگارکردنی ئابووری عێراق بێت لە ژێر هەژموونی ئەواندا، بە شێوەیەک ڕێگە بە دیناری عێراقی و چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکان بدات بە ئازادییەکی زیاترەوە کار بکەن”.
مەترسییەکانی گەڕانەوە بۆ لیستی خۆڵەمێشیی
هاشمی لە درێژەی قسەکانیدا ڕەهەندەکانی دووبارە خستنەناوی عێراقی لە لیستی خۆڵەمێشیی گرووپی کاری دارایی نێودەوڵەتی (FATF) شیکردەوە و پێی وابوو کە “ئەمە نیشانەیەکی نەرێنییە لەسەر ڕەوتی چاکسازی لە سیستەمی دارایی و نەختینەیی عێراقدا”، و وتیشی: “سەرەڕای ئەوەی دۆخی ئێستا باشترە لەوەی پێشتر، بەڵام گرووپی کاری دارایی پێی وایە کەمکوڕی هەیە لە بوارەکانی شەفافیەت، لێکۆڵینەوە داراییەکان، چاودێری، سزاکان و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دیکە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “لەبەر ئەم هۆکارە عێراق دوای ئەوەی لە ساڵی 2018دا لێی دەرچوو، دووبارە خرایەوە ناو لیستی خۆڵەمێشی، ئەمەش ناچاری دەکات پێداویستی و ڕێکاری دیاریکراو لە ماوەی خشتەیەکی زەمەنی لە قۆناغی داهاتوودا جێبەجێ بکات”.
سەبارەت بە لێکەوتە دەستبەجێ و ڕاستەوخۆکان لەسەر کەرتی بانکی، هاشمی جەختی کردەوە کە بڕیارەکە “بەمانای گۆشەگیرییەکی دارایی تەواو نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی وردبینی و وریایی لەلایەن بانکە نێوەندگیرەکانەوە، بەتایبەتی بانکە ئەمریکییەکان کە حەواڵە داراییەکانی عێراق پشتیان پێ دەبەستێت”.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا هۆشداری دا و گوتی: “بوونی عێراق لە لیستی خۆڵەمێشیدا ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی مەترسی و دڵەڕاوکێ لای هەندێک لە وەبەرهێنەرانی بیانی، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دواکەوتن یان کەمکردنەوەی قەبارەی وەبەرهێنانی داهاتوو بۆ وڵاتەکە، سەرەڕای ئەوەش، ئەگەری هەیە داواکاری لەسەر دۆلاری کاش لە بازاڕی هاوتەریبدا زیاد بکات، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشاری زیاتر لەسەر نرخی خەرجکردن و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی”.





