
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چیتر ئامادە نییە چاوپۆشی لە ناڕوونیی هەڵوێستی عێراق پەیوەست بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بکات، واشنتۆن پێیوایە دەبێت بەغدا لەجیاتی ڕۆژهەڵات، ڕوو لە ڕۆژئاوا بکات و دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری بەهێز بکات.
پەیمانگای “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا، پێشبینی گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی عێراق دەکات، کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی سەروەریی عێراق. ئاماژە بەوەش دەکات کە سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن دەکەوێتە ژێر چاودێریی وردەوە، بەڵام پێویستە ئەمریکییەکان و عێراقییەکان دان بەخۆیاندا بگرن و لە ئێستاوە بڕیاری پێشوەختە نەدەن.
وەک پەیمانگە ئەمریکییەکە باسیکردووە، پێدەچێت ئیدارەی ئەمریکا چاوەڕوانییەکی زۆری لە زەیدی هەبێت، بەڵام دەبێت ئاستی ئەم چاوەڕوانییانە کەم بکرێنەوە.
ڕاپۆرتەکە بەوردی باسی لەوە کردووە کە بەرنامەی حکومەتەکەی زەیدی گەورە دەرکەوتووە؛ بەشێوەیەک کە بەشی یەکەمی بەرنامەکە تایبەت بووە بە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە و جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا، لە کاتێکدا بەشی دووەم باسی لە سیاسەتی دەرەوە و جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کردووە. پەیمانگاکە پێی وایە ڕەنگە واشنتۆن بە تەواوی باوەشی بۆ زەیدی کردبێتەوە، چونکە ئەو پیاوێکی بازرگانی پراگماتیکە و دەزانێت چۆن ڕێککەوتن واژۆ بکات.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئەزموونی ئەمریکا لەگەڵ ئەوانەی پێشتر ئەم پۆستەیان وەرگرتووە بێهیواکەر بووە، چونکە سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئێران، سەرکردە شیعەکان هێشتا لەژێر کاریگەریی تاراندا ماونەتەوە، لە بەرامبەردا هێزی میلیشیاکانی سەر بە ئێران زیادی کردووە و وەک خۆی دەڵێت، چاوکراوەتر بوون.
داواکارییە بەردەوامەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان، یان داماڵینی چەکەکانیان یان هەڵوەشاندنەوەیان بێسوود بوون، هەر بۆیە “ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چاوەڕوانە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، کە تا ڕادەیەک لە دەرەوەی سیستمەکەوە هاتووە، بتوانێت ئەدایەکی باشتری هەبێت”.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە پێکهێنانی حکومەتەکەی زەیدی تا ئێستا تەواو نەبووە، ڕوونیشی کردووەتەوە کە پێدەچێت ئەو پۆستە وزارییانەی ماون پڕبکرێنەوە، بەتایبەتی ناوخۆ و بەرگری، زەیدی بۆ ڕازیکردنی نەیارەکانی لە “چوارچێوەی هەماهەنگی” بەکاربهێنێت، کە بێگومان ئەم سازشانەش باجێکی سیاسییان دەبێت.
هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە پێویستە سەرۆک وەزیران لە دانانی وەزیرەکانیدا ڕەچاوی هێڵە سوورەکانی ئەمریکا بکات، جەختیشی کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت عێراق ڕوو لە ڕۆژئاوا بکات و لەئاراستەی ئێران و چین-ی ئێستای دووربکەوێتەوە، هەروەها پرۆسەی گۆڕانکاری لە دامەزراوە و سیاسەتەکانیدا ئەنجام بدات.
ئیدارەی ترەمپ دوو ئامانجی سەرەکیی پێکەوەبەستراوی هەیە، کە گرنگترینیان داماڵینی چەکی حەشدی شەعبی و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانە، ئەمەش پێویستی بە جووڵەیەک دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە کێشەی سەرەکی تا ئێستا نەبوونی ئیرادەی سیاسی و ئازایەتیی پێویست بووە بۆ داماڵینی چەکی ئەو گروپانە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، داماڵینی چەکی گروپە چەکدارەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کارکردن لە عێراق بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئارامتر بێت و توانای ئەوانیش بۆ سەپاندنی ئەجێندای ئێران سنووردار بکات. ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەوەی واشنتۆن دەیەوێت بیبینێت، پرۆسەی بڕیاردانی سیاسی، ئابووری و دپلۆماسییە کە بەدوور بێت لە هەژموونی ئێران.
جەختیشی کردووەتەوە کە ئەولەویەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بە ئیدارەی ترەمپەوە، بریتییە لە ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی کە لە عێراقدا کاردەکەن و دەستەبەرکردنی سەلامەتییان؛ بەو پێیەی لە کاتی شەڕەکانی ڕابردوودا، میلیشیاکان چەندین جار کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکی و ئەوروپییەکانیان لە هەرێمی کوردستان و بەسرە کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی کارمەندە بیانییەکان.
ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنها بەدوای پاراستندا ناگەڕێت، بەڵکو دەیەوێت بەشداریکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە گەشەکردنی ئابووریی عێراقدا بەرفراوانتر بکات. پێشبینی ئەوەش دەکات کە واشنتۆن پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بە شێوەیەکی سروشتی لە ڕێگەی داماڵینی چەکی میلیشیاکان و پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران گەشە پێبدات.
لە کۆتاییدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە لەگەڵ دوورخستنەوەی سووریا لەژێر هەژموونی ئێران، واشنتۆن دەیەوێت عێراقیش لەژێر چەتری ئێران بێتە دەرەوە و تێکەڵی ژینگەی عەرەبی ببێت، لەوانەش سووریا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا لە دیدارەکەی لەگەڵ زەیدی لە 15ی حوزەیراندا، نەخشەڕێگەیەکی گەورەی بۆداناوە، واش دەردەکەوێت کە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئامادەیە پەیڕەوی بکات، بەڵام دۆخی سیاسی وایکردووە کە دەرفەتەکانی سەرکەوتن و خێراییەکەی مسۆگەر نەبن.





