
- پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی دیکەی هەرێمی کورستان کشایەوە
- ئامادەکاریی بۆ بردنی یاسای پڕۆسەی ئاشتی بۆ پەرلەمانی تورکیا دەکرێت
- کەجەکە دەڵێت: ئێمە یاسایەک قبوڵ ناکەین کە پێش پەسەندکردنی، نیشانی ئۆجەلان نەدرابێت
پەرەسەندنە مەیدانی و سیاسییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی» هەنگاوی نوێی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش لە دوای سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بۆ بەغدا و هەولێر، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە کە پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی عێراق کشاوەتەوە.
ڕۆژی هەینی، زانیاریی یەکبەدوای یەک لە ئەنقەرەوە بڵاوکرانەوە سەبارەت بە کشانەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کەمپی (سیانی) و ناوچەی (بەهار تەپە) لە چیای گارە لە نزیک سنوورەکانی تورکیا. هێزە ئەمنییەکانی تورکیاش دڵنیا بوونەتەوە لە چۆڵکردنی ئەو ناوچانە، کە ئەمەش وەک یەکێک لە مەرجەکان بۆ دەستپێکردنی کارکردن بە یاسای پرۆسەی ئاشتی دادەنرێت.
چیای گارە یەکێک بوو لە گرنگترین پێگەکانی پەکەکە و «فەرماندەیی ئەکادیمیاکانی ئاپۆلۆ»ی تێدابوو، کە تێیدا هێزە تایبەتەکانی پارتەکە مەشقی پسپۆڕییان لەسەر ئۆپەراسیۆنەکان و هەواڵگری وەردەگرت، لەگەڵ «ئەکادیمیای عەلی چیچەک» کە مەشقی ئایدۆلۆژی تێدا پێشکەش دەکرا.
تورکیا لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەکەوە ڕایگەیاندووە، کە دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە هات کە لە 27ی شوباتی 2025 لە زیندانی ئیمراڵی لە ڕۆژئاوای تورکیاوە ڕایگەیاند بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە و دانانی چەکەکان و دەستپێکردنی قۆناغی کاری سیاسی لە چوارچێوەیەکی یاسایی دیموکراتیدا، کە هیچ هەنگاوێکی کرداری لە بواری یاساییدا نانێت تا ئەو کاتەی دەزگای هەواڵگری کۆتاییهاتنی پرۆسەی چەککردنەکە پشتڕاست دەکاتەوە.
ئاشکرابوونی ئەم پێشهاتە دوای سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای میت هات، کە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە بەغدا، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک ئەنجامدا، و تێیاندا باسی لە هاوکارییە ئەمنی و هەواڵگرییەکان، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پێشهاتە ناوچەییەکان کرد.
کۆبوونەوەکانی کاڵن لە بەغدا، ڕۆژی سێشەممە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، نزار ئامێدی سەرۆک کۆمار، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە، باسم بەدری ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، عەممار حەکیم ڕێبەری «ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی»، خەمیس خەنجەر ڕێبەری «هاوپەیمانی سیادە» و محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پارتی «تەقەدووم»ی گرتەوە.
ڕۆژی چوارشەممەش، کاڵن لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە، کاڵن لە سلێمانیش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پشتیوانی دوو پارتە سەرەکیەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی یان «تورکیایەکی خاڵی لە تیرۆر» کرایەوە، کە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی هاوبەش و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت.
خێراکردنی چوارچێوەی یاسایی
له ههمان چوارچێوهدا، وتهبێژی پارتی «دیموکراتی و یەکسانی گەلان» (دەم پارتی)ی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ڕێککەوتن کراوە لەسەر کاتی خستنەدەنگدانی یاسای ئاشتی لە کارنامەی پەرلەماندا لە ماوەی ئەم مانگی تەممووزەدا.
عائیشە گوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، ئەو بانگەشە و دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ئۆجەلان ڕەشنووسی یاساکەی پەسەند کردووە،کە خۆی لە بنەڕەتدا لە کاتی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت لە ئیمراڵی پێشنیازی کردبوو، و جەختی کردەوە کە ئەم زانیارییانە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە شاندی پارتەکەیان، کە بە «شاندی ئیمراڵی» ناسراوە و هەریەک لە پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار لەخۆدەگرێت، ماوەی 40 ڕۆژە چاویان بە ئۆجەلان نەکەوتووە، و دەگوترێت کە شاندەکە چاوی بە نوێنەرانی حکومەت کەوتووە و ڕەشنووسەکەی پەسەند کردووە، پاشان پرسیاری کرد: «ئێمە چۆن دەتوانین لە ڕاستی ئەم زانیارییانە دڵنیا بین؟ و ڕای گشتی چۆن دەتوانێت ئاگاداری بێت؟».
لە لایەکی دیکەوە، هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکاری «کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە»، کە چەتری کۆکەرەوەی ڕێکخراوە کوردییەکانە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ش لەنێویاندایە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەخنەی لە سەردانەکەی کاڵن بۆ بەغدا، هەولێر، سلێمانی و کەرکووک گرت و پێی وابوو ئەو پەیوەندییانەی لە کاتی سەردانەکەدا ئەنجامی داون «لە بەرژەوەندیی کورداندا نین».
بەیاننامەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئۆجەلان و ئەنجومەنەکە لەبەرامبەر ئەمری واقیع بێدەنگ نابن، و لۆژیکی نییە سیاسەتی «شەڕی تایبەت» پەیڕەو بکرێت، بەجۆرێک کە بگوترێت: «ئێمە یاسایەکمان دەرکردووە، بەڵام ئەوان قبوڵی ناکەن»، چونکە ئەمە بەردەوامی پێدانی ئەو سیاسەتانەیە کە لە ماوەی سەدەیەکدا هیچ سوودێکیان نەبووە و بوونەتە هۆی دروستبوونی درز لە نێوان گەلی کورد و تورکیادا.
بەیاننامەکە دووپاتی کردەوە کە ئەو بیروڕا و پێشنیازانەی لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئۆجەلان هاتوونەتە ئاراوە، نەگەیەندراونەتە کەجەکە، و لە 24ی ئایاری ڕابردووەوە هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئۆجەلان نەکراوە، و ئەو پێشنیازانەی ئەو لە کاتی کۆبوونەوەکەدا پێشکەشی کردبوون، دەبوو لەلایەن حکومەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و سەرەتا بدرێنەوە بە ئۆجەلان و پاشان بە کەجەکە.
لە کۆتاییدا هاتووە: «پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، ئێمە پشتیوانی لێدەکەین و پێمان وایە ئەو ڕاپۆرتەی لیژنەی پەرلەمانی تورکیا ئامادەی کردووە بۆ پێشنیازکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی (پەکەکە) ئەرێنییە، ئەگەرچی ناتەواویش بێت، بەڵام ئێمە یاسایەک قبوڵ ناکەین کە پێش پەسەندکردنی، نیشانی ئۆجەلان نەدرابێت».





