زەیدی سنورێک بۆ عەباس عێراقچی و هەژموونی ئێران لە عێراق دادەنێت

پۆڵ دەیڤس، ئەکادیمی و توێژەری ئەمریکی لە کاروباری ئاسایشی نەتەوەییدا، پێی وایە حکوومەتی عێراق پەیامی سیاسیی ڕوون دەنێرێت کە گوزارشت لە گۆڕانکارییەکی قۆناغ بە قۆناغ لە سیاسەتی دەرەوەیدا دەکات؛ گۆڕانکارییەک کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران ڕابەرایەتی دەکات بە ئامانجی کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران و کرانەوەی زیاتر بەڕووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبیدا.

دەیڤس، کە مامۆستای یاریدەدەرە لە پەیمانگەی سیاسەتی جیهانی لە واشنتۆن دەڵێت: کورتکردنەوەی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران لەناو عێراقدا تەنیا لە نەجەف و کەربەلا، بەبێ ڕێکخستنی هیچ ڕێوڕەسمێکی فەرمی لە بەغدا، نیشانەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ سروشتی ئەو پەیوەندییە نوێیەی کە حکوومەتی عێراق هەوڵ دەدات لەگەڵ تاراندا دایبڕێژێتەوە.

ئەو گوتیشی: بەهۆی پەیوەندییە مێژووییەکان و وابەستە مەزهەبییەکانەوە، شتێکی سروشتییە عێراق بەشداریی لەم بۆنەیەدا بکات، بەڵام ئامادەنەبوونی پایتەخت لەم دیمەنەدا، واتا و ئاماژەی سیاسیی وای تێدایە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.

دەیڤس پێی وایە ئەو هەواڵانەی دەربارەی سنووردارکردنی بەشداریکردنی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس بڵاوکراونەتەوە، ئەگەر ڕاست بن، دەبنە “ئاماژەیەکی یەکجار گرنگ”، بەتایبەت لە ژێر ڕۆشنایی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەستی دەوڵەت و ئەو هەژموونەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کە بەم پرسەوە بەستراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە مشتومڕە توندەکانی نێوان عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕەنگدانەوەی قەبارەی ئەو جیاوازییە بەردەوامەیە کە لە نێوان بەغدا و تاراندا هەیە، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن.

لە درێژەی قسەکانیدا دەیڤس گوتی: وا دەرناکەوێت کە زەیدی تەنها هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بدات، بەڵکو کار بۆ سەرلەنوێ دیاریکردنی پێگەی عێراق لەسەر ئاستی هەرێمیی دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی بنیاتنانی پەیوەندیی توندوتۆڵتر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیی هاوسێ و کەمکردنەوەی پانتایی کاریگەریی ئێران لەسەر بڕیاری عێراق».

بەڵام ئەم توێژەرە ئەمریکییە ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم ڕێڕەوە ئاسان نابێت، چونکە لەدیدی ئەودا سەرۆک وەزیران ڕووبەڕووی فشاری هێزە سیاسییەکان و گرووپە دەستڕۆیشتووەکانی ناو هاوپەیمانێتیی دەسەڵاتدار دەبێتەوە، و هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر سەرکەوتنی ئەم ئاڕاستەیە.

لێدوانەکانی دەیڤس دوای ئەو زانیارییانە هاتن کە سەرچاوە عێراقییەکان باسیان لەوە کردبوو، حکومەتی عێراق بەهۆی ڕەچاوکردنی باری ئەمنی و سیاسی، ڕێوڕەسمی ماتەمینی خامنەیی سنووردار کردووە و تەنها لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا ڕێگەی پێداوە، لەگەڵ بەدوورگرتنی لە ئەنجامدانی هەر ڕێوڕەسمێک لە بەغدا.

هەروەها سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەغدا لایەنی ئێرانیی ئاگادار کردووەتەوە لە پێویستیی بەشدارینەکردنی سەرکردە سەربازییەکانی ئێران لەم ڕێوڕەسمانەدا، لە سەرووشیانەوە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، لە ترسی ئەوەی نەک ڕووداوەکە پەیامی سیاسی و ئەمنی پێکەوە بگرێتەوە کە لە چوارچێوە ئاینییەکەی خۆی تێپەڕێت.

عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی تەسـمیم لە پەرلەمانی عێراق ڕاستیی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەوە دەکرد تاران ئاگادارکرابێتەوە کە قائانی “کەسێکی نەخوازراوە” لە ناو عێراقدا؛ جەختی کردەوە کە ئەم زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە و ئامانجیان زیانگەیاندنە بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران، بەتایبەت کە قائانی «هیچ شتێکی نەکردووە زیان بە عێراق بگەیەنێت، تاوەکو ڕێککاری بەرامبەر بگیرێتەبەر”.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ ئامادەکارییەکانی زەیدی بۆ سەردانەکەی بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ سەردانێک کە وەک وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە سەیر دەکرێت بۆ کێشانی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دەرەوەی حکوومەتە نوێیەکە، لە ناوەڕاستی هەوڵەکانی عێراق بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان هاوبەشییەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا، لە قۆناغێکدا کە ناوچەکە شاهیدی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوکێشەکانی هەژموون و دەسەڵاتە.

Back to top button