
گەورەترین پێگەی ئەتۆمیی ئێران کە بە “کێوی کوڵەنگ” ناسراوە، جارێکی تر لە نێو چەقی ململانێکاندا هاتووەتەوە بەرباس؛ ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە دامەزراوەکە کەوتووەتە ژێر چاودێریی ئەمریکاوە و هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، ئاماژەی بە ئەگەری بەئامانجگرتنی سەربازیی کرد.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئێراندا، ئەمەش لە کاتی هەڵکشانی گرژییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز؛ بابەتەکە سەرنجی بەلای یەکێک لە پارێزراوترین و تەمومژاوییترین دامەزراوەکانی ئێراندا ڕاکێشایەوە.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا گوتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی پێگە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات کە بە “کێوی کوڵەنگ” ناسراوە و کەوتووەتە نێو زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، ترەمپ گوتیشی: ڕەنگە لە نێو ئامانجە سەربازییەکانی داهاتوودا بێت.
هەروەها گوتی، “کێوی کوڵەنگ” نوێنەرایەتی “ئامانجێکی گونجاو دەکات بۆ لێدانێکی بەهێز و ڕاستەوخۆ”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری بەئامانجگرتنی پێگەکە ئەگەر واشنتن بڕیاری دا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەرفراوانتر بکات.
ئەم لێدوانانە دوای زنجیرەیەک هێرش دێن کە لە مانگەکانی ڕابردوودا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، لەوانەش پێگەکانی پیتاندن لە نەتەنز، کۆمەڵگەی ئاوی قورسی خۆنداب لە نزیک ئەراک، دامەزراوەکانی گۆڕینی یۆرانیۆم لە ئەسفەهان، جگە لە کارگەی بەرهەمهێنانی “یۆرانیۆم” لە پارێزگای یەزد.
“کێوی کوڵەنگ” چییە؟
ئەم پێگەیە کە بە زمانی فارسی بە “کۆهـ کۆلەنک” ناسراوە، دەکەوێتە نزیک دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لە ناوەڕاستی ئێران و بە یەکێک لە نوێترین دامەزراوە ئەتۆمییەکان دادەنرێت کە تاران لە قووڵایی چیاکاندا دروستی کردووە، کێوەکە بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس.
وێنە مانگە دەستکردەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کارەکانی دروستکردنی کۆمەڵگەکە لە ساڵی 2020ەوە دەستی پێکردووە، کە هەڵکەندنی بەرفراوان و دروستکردنی تۆڕێک لە تونێلی لە ناو جەرگەی تاشەبەردێکی زەبەلاحدا لەخۆگرتووە.
بەرپرسانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە پێگەکە تایبەتە بە کۆکردنەوەی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج کە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکاردێن، لە کاتێکدا تا ئێستا ڕێگەیان بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نەداوە پشکنینی گشتگیر لە ناوخۆی دامەزراوەکەدا ئەنجام بدەن؛ ئەمەش گومانی لای لایەنە ڕۆژاوایییەکان سەبارەت بە سروشتی ئەو چالاکییانەی تێیدا ئەنجام دەدرێن، دروست کردووە.
قەڵایەک کە ڕەنگە لە توانای بۆمبەکانی ئەمریکا بەهێزتر بێت
گرنگیی “کێوی کوڵەنگ” لەو ئاستە بێوێنەیە لە پارێزگاری و قایمکارییەیدایە کە دامەزراوەکە هەیەتی، شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە قووڵاییەکدایە کە ڕەنگە بگاتە نزیکەی 600 مەتر لە ژێر چینەکانی بەردی گرانێتدا، ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە پارێزراوترین دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.
شارەزایانی کاروباری سەربازیی پێیان وایە کە ئەم قووڵایییە ڕەنگە لەسەروو توانای بۆمبە حەشارشکێنەکانی ئەمریکاش بێت، هەرچەندە هەڵسەنگاندنێکی کۆتایی نییە لەسەر ڕادەی توانای ئەو چەکانە بۆ وێرانکردنی تەواوەتی پێگەکە.
شارەزایان پێیان وایە دروستکردنی دامەزراوەیەک بەم ئاستە لە پاراستن، ئەو توانایە بە ئێران دەبەخشێت کە تەنانەت لە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر شوێنەکانی تریش، بەردەوام بێت لە هەندێک لە چالاکییە ئەتۆمییە هەستیارەکانی.
خاڵێکی نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمیدا
ئێران بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ڕۆژاوایی پێیان وایە ئاستی پارێزگاری و قەبارەی بیناسازیی ناو “کێوی کوڵەنگ” نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری بەکارهێنانی پێگەکە لە چالاکییە ئەتۆمییە هەستیارەکاندا دروستکردووە.
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران، “کێوی کوڵەنگ” وەک یەکێک لە هەستیارترین پێگەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەردەکەوێت، و ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات مەودای ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران بەرفراوانتر بکات، ڕەنگە ببێتە لایەنێکی سەرەکی لە هەر پەرەسەندنێکی نوێی سەربازیدا.





