
لە ئاداری 2026دا، لە میانی هەڵمەتی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە هاوکات بوو لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەربارەی ئەگەری “گۆڕینی ڕژێم” سیناریۆیەک هاتە ئاراوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنێکی زەمینی لە ناو خاکی ئێراندا. بڕیار بوو ئەم ئۆپەرسیۆنە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دەستپێبکات و لەلایەن حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانەوە جێبەجێ بکرێت. بەڵام ئەم سیناریۆیە ڕووناکی بەخۆیەوە نەدی و سەرەنجام شکستی هێنا.
ئەمڕۆش، لەگەڵ هەڵکشانی هەڵمەتی بۆردومانە نوێیەکانی ئەمریکا، ترەمپ گەڕایەوە سەر ئاماژەدان بەوەی کە دەکرێت بە “کارتی کوردی” وەسف بکرێت بێ ئەوەی بە ئاشکرا ناوی بێنێ و ئاماژەی بە ئەگەری پەنابردنە بەر ئۆپەرسیۆنێکی زەمینی کرد، لەگەڵ فرەوانبوونی ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئێراندا، بەڵام هیچ زانیارییەکی وردی دەربارەی سروشتی ئەم بژاردەیە یان ئەو لایەنانەی کە جێبەجێی دەکەن نەخستەڕوو.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی “فۆکس نیوز” لە 15ی تەممووزی 2026دا، لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی زەمینی گوتی: “هەندێک جار پێویستت بە هەڵمەتێکی زەمینی دەبێت، بەڵام ئێمە کەسانی دیکەمان هەیە کە لە جیاتی ئێمە ئەو هەڵمەتە زەمینییە ئەنجام دەدەن”، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ نابنە لایەنێک لە هیچ ئۆپەرسیۆنێکی لەو شێوەیەدا.
سەرەڕای ئەوەی دەستەواژەکەی ترەمپ دەربارەی “کەسانی دیکە” بە نادیاری مایەوە، بەڵام دەرگای شیکاریی لەلایەن شیکەرەوانەوە واڵا کرد دەربارەی ئەوەی ئایا مەبەستی لە بریکارە ناوخۆییەکانی ناو ئێرانە، یاخود گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، یانیش حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ هەروەها ئەم لێدوانانە ئەو سیناریۆیانەی گەڕاندەوە بەر باس کە لە سەرەتای جەنگەکەوە خرابوونە ڕوو، لە پێشەنگیاندا بژاردەی گۆڕینی ڕژێمی ئێران بوو، سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی ڕابردوو سنوورداریی دەرفەتەکانی سەرکەوتنی سەلماندووە.
ناکۆکییەکە لەوەدایە کە یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانی شکستپێهێنانی سیناریۆکەی مانگی ئادار، دزەپێکردنی زانیارییەکان بوو لە ڕاگەیاندنەکاندا، کە دەرفەتی بە تاران بەخشى خۆی بۆ ئامادە بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە. ئەمڕۆش وا دیارە ترەمپ خۆی هێڵە گشتییەکانی سیناریۆ نوێکەی درکاندووە، ئەگەرچی بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ و بێ خستنەڕووی وردەکاری یان ئاماژەیەکی ڕاشکاو بۆ کوردیش بێت؛ ئەمەش کۆمەڵێک پرسیار دەوورووژێنێت دەربارەی ئەوەی ئایا ئەم لێدوانانە ڕەنگدانەوەی نەخشەیەکی سەربازیی کردەیین، یان لە چوارچێوەی ئامرازەکانی گوشاری سیاسی و دەروونیدان بۆ سەر ئێران.
لە بەرامبەردا، تاران بەپەلە دەستی کرد بە گرتنەبەری ڕێکاری بەرگریی؛ هێزی سەربازیی زیاتری ڕەوانەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد و هێرشی ئاسمانی کردە سەر بارەگاکانی حزبە کوردییەکان، جگە لە بۆردومانکردنی بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر، ئەوەش تەنها یەک ڕۆژ دوای لێدوانەکانی ترەمپ، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی تاران بە جددی و وەک هەڕەشەیەک کە ئامادەکاری پێشوەختەی دەوێت مامەڵەی لەگەڵ ئەو ئاماژانەدا کردووە.
چیرۆکی یەکەم شکست
لە ئاداری 2026دا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە ڕاشکاوی باسی لە “کارتی کوردی” کرد وەک یەکێک لە بژاردە پێشنیازکراوەکان لە چوارچێوەی نەخشەی ئەمریکی-ئیسرائیلییەکاندا بۆ دروستکردنی گوشار لە ناوخۆی ئێراندا.
ناوبراو ڕوونی کردەوە کە واشنتن ڕاوێژی لەگەڵ گرووپە چەکدارە کوردییەکانی ئێراندا کردووە دەربارەی ئەگەری بەشدارییان لە دروستکردنی گوشاری سەربازی بۆ سەر تاران لە ڕێگەی بەرەی ڕۆژئاواوە و لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، لە حاڵەتی فرەوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا، بەپێی ئەوەی ئاژانسی “ڕۆیتەرز” لە 4ی ئازاری 2026دا بڵاویکردوەتەوە.
بەدوای ئەو لێدوانانەدا، میدیا ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان دوابەدوای یەک ڕاپۆرتیان بڵاوکردەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گرووپە چەکدارە کوردییەکان لە ڕێگەی ناوچە سنوورییەکانی عێراق و ئازەربایجانەوە دەستیان بە دزەکردنە ناو خاکی ئێران کردووە، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو بانگەشانە دوورن لە ڕاستییەوە.
سەرەڕای ئەوەش، تاران بە هەڕەشەیەکی جددیی مامەڵەی لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتانەدا کرد و بە بۆردومانی درۆن و مووشەک وەڵامی دایەوە کە شوێنی گروپە چەکدارە کوردییەکانی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج.
لە 5ی ئاداری 2026دا، ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست” ئاماژەی بەوە کرد کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ هەوڵی داوە کورد بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و پەیوەندی بە سەرکردە کوردییەکانی ئێران و عێراقەوە کردووە، و پێشنیاری پێشکەشکردنی پشتیوانیی ئاسمانیی ئەمریکای کردووە لە حاڵەتی جووڵانیاندا دژ بە ڕژێمی ئێران.
بەڵام ئەم نەخشەیە بەخێرایی تووشی کۆسپ بووەوە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە؛ لە پێشەنگیاندا ڕەتکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەکۆیەک بۆ هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، و نەبوونی پابەندبوونی ئەمریکا بە پێشکەشکردنی پشتیوانیی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ حزبە کوردییەکان، سەرباری هەڵوێستی توندی تورکیا بەرامبەر هەر جووڵەیەک کە دەسەڵاتی حزبە چەکدارە کوردییەکان بەهێز بکات.
هەروەها نەخشەکە کێشەی بۆ دروست بوو بەهۆی نەبوونی پشتیوانیی جەماوەری لە ناوخۆی ئێراندا بۆ بیرۆکەی ڕوخاندنی ڕژێم لە ڕێگەی گرووپی چەکداری خاوەن سروشتی جیاوازخوازییەوە.
لە 29ی ئاداری 2026دا، ڕۆژنامەی ” تایمز ئۆف ئیسرائیل” و کەناڵی 12ی ئیسرائیلی هەرەسهێنانی نەخشەکەیان گەڕاندەوە بۆ دزەپێکردنی پێشوەختەی وردەکارییەکانی، جگە لە ڕەتکردنەوەی هەرێمیی بۆ نەخشەکە. ئاماژەیان بەوەش کرد کە واشنتن و تەلئەبیب گرەویان لەسەر چوونی چەکدارە کوردەکان لە عێراقەوە بۆ ئێران دەکرد بۆ هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینێکی فرەوان دژی ڕژێم، بەڵام نەخشەکە پێش ئەوەی بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە هەرەسی هێنا.
میدیا ئیسرائیلییەکان باسیان لەوەکرد کە شکستپێهێنانی نەخشەکە تەنها لە ئەنجامی دزەپێکردندا نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئامادەیی سەربازیی ئێران لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی، و دروستکردنی گوشاری دیپلۆماسی لەسەر حکومەتی عێراق بوو، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی تورکیا و دوودڵیی سەرکردە کوردییەکان لە ئەنجامدانی سەرکێشییەک کە مەترسیی گەورەی سەربازی و سیاسیی لەپشت بوو.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست” جەختی کردەوە کە هێزە کوردییەکان ئامادە نەبوون بۆ چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی لەو قەبارەیە؛ چونکە دەیانناڵاند بەدەست کەمیی چەک و تەقەمەنی، لێکترازانی ناوخۆیی، و مەترسی لە وەڵامی توندی ئێران، جگە لە ڕەتکردنەوەی دوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بۆ بەکارهێنانی هەرێمەکە وەک سەکۆیەک بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک دژی ئێران.
بۆچی ترەمپ دووبارەی دەکاتەوە؟
قسەکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ دەربارەی ئەگەری پەنابردنە بەر هەڵمەتێکی زەمینی لە میانی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تۆڕی “فۆکس نیوز”، شیکاریی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.
لێدوانەکە دەرگای بۆ چەند لێکدانەوەیەک واڵا کرد، لەوانە ئەگەری ئەوەی واشنتن گرەو لەسەر ئامادەیی حزبە کوردییەکان یان گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بکات بۆ جووڵەکردن لە ناوخۆی ئێراندا، یان ئەوەی قسەکان لە چوارچێوەی دروستکردنی گوشاری دەروونی و سەربازیدابێت لەسەر تاران تا ناچاری بکات پاشەکشە لە سیاسەتەکانی لە گەرووی هورمز بکات و بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان.
لێدوانەکانی ترەمپ تەمومژاویی بوون؛ کاتێک پرسیاری لێکرا دەربارەی ئەنجامدانی هەڵمەتێکی زەمینیی سنووردار، گوتی: “نامەوێت ئەوە بکەم، هەرچەندە هەندێک جار پێویست بە هەڵمەتێکی زەمینی دەکات، بەڵام لایەنی دیکەمان هەیە کە لەجیاتی ئێمە ئەنجامی دەدەن”، بێ ئەوەی ناسنامەی ئەو لایەنانە دەستنیشان بکات.
ئەم وتارە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپۆرتێک کە کەناڵی “الحرة”ی ئەمریکی لە 13ی تەممووزی 2026دا بڵاویکردەوە، کە تێیدا لەزاری حیزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانەوە گواستییەوە کە سوپای پاسداران هەزاران سەرباز و چەکی قورسی بەرەو ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق جووڵاندووە.
کەناڵەکە ئەم جووڵانەی بەوە وەسف کرد کە ڕەنگدانەوەی ئامادەکاریی ئێرانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ چەکدارە کوردەکاندا، و ئاماژەی بەوە دا کە تاران تا ئێستاش بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ جێبەجێکردنی نەخشە ئیسرائیلییەکەدا دەکات کە وەک ئەگەرێک هێشتا مابێت.
بەپێی لێدوانی سەرکردەی حیزبە کوردییەکان بۆ کەناڵی “الحرة”، هێزە ئامادەکراوەکانی ئێران بریتی بوون لە هێزی تایبەت، تۆپخانە، دەبابە، مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان (دڕۆن)، جگە لە نزیکەی 3000 ئەندام لە یەکەی تایبەتی “سابرین”، و یەکەکانی هێزی زەمینی و هێزی ئاسمانی-فەزایی سەربە سوپای پاسداران.
ڕۆژنامەکانی “نیویۆرک تایمز” و “هارتس”، جگە لە میدیا ئیسرائیلییەکانی دیکە ئاشکرایان کرد کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە ئازاری 2026دا نەخشەیەکی بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران ئامادەکردووە کە ناوی نهێنی “پشیلەی پووت لەپێ”ی لێنراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی 13ی ئیسرائیلی، نەخشەکە پشتی دەبەست بە ئەنجامدانی لێدانی ئیسرائیلی کە ناوەندەکانی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق بەتایبەت لە کوردستانی ئێران بکاتە ئامانج، وەک ئامادەکارییەک بۆ جووڵەی چەکدارە کوردییەکان لە ناو خاکی ئێراندا بە مەبەستی کردنەوەی بەرەیەکی زەمینی دژی تاران.
چاودێران پێیان وایە ئەو هێرشەی ئێران لە 7ی نیسانی 2026دا کە بە فرۆکەی بێفرۆکەوان بنکە کوردییەکان و بنکە و کونسوڵخانەی ئەمریکای لە شاری هەولێر کردە ئامانج، لە چوارچێوەی هەوڵێکی پێشوەختەدا بوو بۆ لەباربردنی هەر جووڵەیەک کە پشت بە گروپە کوردییەکان ببەستێت، پێش ئەوەی ببێتە واقیعێکی مەیدانی.
نەخشەی جێگرەوە.. دابەزینی زەمینی؟
گەیشتنی یەکەکانی فیرقەی 82ی چەکداری ئاسمانیی ئەمریکی، کە لە هێزە بژاردەکانن و تایبەتمەندن لە ئۆپەرسیۆنەکانی دابەزین و کۆنترۆڵکردنی خێرای شوێنە هەستیارەکان، لەگەڵ هێنانی هێزی زیاتری ئەمریکی بۆ ناوچەکە، پرسیاری لەسەر سروشتی قۆناغی داهاتووی هەڵمەتە سەربازییەکە دژ بە ئێران دروستکرد، و ئایا واشنتن ئامادەکاری بۆ بژاردەیەکی زەمینیی جێگرەوە یان هاوتەریب لەگەڵ “کارتی کوردی”دا دەکات؟
سەرنج خستنەسەر لێدانەکانی ئەمریکا لە ئامانجگرتنی پرد و ڕێگا و تۆڕەکانی گواستنەوە لە ناوخۆی ئێراندا، بەتایبەت ئەو پارێزگایانەی باشووری وڵاتەکە بە تارانەوە دەبەستنەوە، زەمینەی ئەم گریمانەیەی زیاتر کرد، ئەمەش وای لە چاودێران کرد بپرسن ئایا ئەم هێرشانە ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی زەمینی بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ناوچە نەوتییەکان لە باشوور یان ئەو شوێنانەی دەڕوانن بەسەر گەرووی هورمزدا، یانیش سەپاندنی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆ بەسەر جووڵەی دەریاوانی لە گەرووەکەدا.
بۆردومانی چڕی ئەمریکا بۆ ژێرخانی پارێزگای هورمزگان کە گەرووی هورمز دەکەوێتە چوارچێوەی جوگرافیای ئەوەوە، ئەم گریمانەیەی بەهێزتر کرد؛ چونکە لێدانەکان سەرنجیان لەسەر بڕینی پەیوەندیی کەناراوەکانی ئێران بوو لە قوڵایی ناوخۆیی، تا جووڵەی زەمینیی ئەگەری ئاسانتر بکات لە حاڵەتی بڕیاردان لەسەری.
شارەزایان هۆشداریی دەدەن لەوەی بەردەوامیی گرژییەکان لەوانەیە لە کۆتاییدا سەربکێشێت بۆ داگیرکاریی زەمینیی خاکی ئێران، کە ئەمەش بژاردەیەکە دەرگا بۆ “جەنگێکی درێژخایەن” واڵا دەکاتەوە کە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا هۆشدارییان لەبارەیەوە هەبووە، جگە لە باجە سیاسییە ناوخۆییەکەی بۆ سەر ترەمپ و کۆمارییەکان پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس.





