ئاشکرابوونی بەڵگەنامەیەکی نوێی شەڕی ناوخۆ پەردە لەڕووی پەیوەندی نێچیرڤان بارزانی و قوسەی سەدام حسێن لادەبات

  • بەریتانیا چۆن دەستوەردانی کرد بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆی کورد و یەکخستنیان دژی سەدام؟
  • لەندەن هەوڵی دەدا دارایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی ئاشتیی ئەمریکا دابین بکات بە مەبەستی بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە عێراقدا.

بەریتانیا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان دوو حیزبە سەرەکییەکەی کورد لە باکووری عێراق، و بەردەوامیی ئەم دۆخەی بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و بەهێزکردنی پێگەی حکومەتی عێراق لەقەڵەم دا؛ ئەمەش وای لە لەندەن کرد پێشنیازی دەستوەردانێکی ڕێکخراوی یەکێتیی ئەورووپا بکات بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا.

بەڵگەنامە دیپلۆماسییە بەریتانییەکان، کە لە 19ی تەممووزی ڕابردوودا پەردەیان لەسەر لابرا، وردەکاریی هەوڵەکانی بەریتانیا و ئەمریکا بۆ جێگیرکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی ساڵی 1996ی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەخەنە ڕوو. هەروەها ڕۆڵی بەریتانیا لە پشتیوانیکردنی سیاسی و دیپلۆماسیی دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا، و کۆکردنەوەی دارایی لە وڵاتانی کەنداو و یەکێتیی ئەورووپا بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەردەخەن، لەگەڵ مەترسییەکانی هەرەسهێنانی ئاگربەست و کاریگەرییەکانی لەسەر سەقامگیریی باکووری عێراق، داهاتووی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، و ڕاگرتنی هەژموونی ئێران.

بەشدارپێکردنی یەکێتیی ئەورووپا

لە کۆتاییەکانی ئاداری 1996دا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕەشنووسی برگەیه‌كی بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا ئامادە کرد، کە تێیدا پێشنیازی دەستپێکردنی هەنگاوێکی هاوبەشی کرد لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپادا، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (PUK) ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بەشدارپێکردنی یەکێتیی ئەورووپاوە لە سەرخستنی دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا.

بەڵگەنامەکە ئاشکرای دەکات کە حکومەتی بەریتانیا نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان دوو حیزبە سەرەکییەکەی کورد لە باکووری عێراق دەربڕیوە و بەردەوامیی ئەم دۆخەی بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا داناوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی هەردوولا، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنێکی کۆتایی ئاشتی؛ ئەمەش وای لە لەندەن کرد پێشنیازی دەستوەردانێکی ڕێکخراوی ئەورووپی بکات کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە و لە هەمان کاتدا ئامادەیی و هەژموونی یەکێتیی ئەورووپا لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.

ململانێی کورد لە ساڵی 1993دا سەریهەڵدا، لە کۆتاییەکانی ساڵی 1994دا گەیشتە ئەوپەڕی گرژیی کاتێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانی دەست بەسەر شاری هەولێردا بگرێت، لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنتڕۆڵی داهاتە گومرگییە زۆرەکانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل (خابوور)ی لای خۆی هێشتەوە، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی پەرلەمانی هەڵبژێردراو و ئیدارەی هەرێم لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان.

لە کاتێکدا ناوبژیوانیی ئەمریکا لە ئابی 1995دا سەرکەوتوو بوو لە سەپاندنی ئاگربەست، و ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی گشتی مایەوە بێجگە لە هەندێک پێکدادانی ناوچەییی سنووردار، بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆبوونەوەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوون (کە بەریتانیا وەک چاودێر بەشداری لە یەکێکیاندا کرد)، لەگەڵ پەیوەندییە ڕاستەوخۆکانی نێوان دوو حیزبەکە، هەردوولایان زۆر نزیک کردبووەوە لە گەیشتن بە ئامادەکردنی پلانێکی کۆتایی ئاشتی. پلانەکە پشتی بەوە دەبەست کە لیژنەیەکی بێلایەن کە لەلایەن کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی (INC) پێکبهێنرێت، ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئاسایشی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و سەرلەنوێ کاراکردنەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.

ئاستەنگی دارایی

کۆسپ و ئاستەنگی سەرەکی کە ڕێگەی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەگرت سیاسی نەبوو، بەڵکو دارایی بوو؛ چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکرد کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی پێویستی بە نزیکەی 4 ملیۆن دۆلار بێت بۆ 6 مانگی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، بە جۆرێک کە تەمویلکردنی هێزەکانی ئاسایش، چاودێران و ئیدارەی مەدەنی بگرێتەوە، بەڵام واشنتن تا ئەو کاتە نەیتوانیبوو دارایی پێویست دابین بکات.

بەڵگەنامەکە پێی وابوو کە یەکێتیی ئەورووپا بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی لە سەقامگیریی باکووری عێراقدا هەیە، بەهۆی ئامادەییی فراوانی ڕەوەندی ئەورووپی لە ناوچەکە و پەیوەندییە مێژوویی و سیاسییەکانی وڵاتانی یەکێتییەکە لەگەڵ هەرێمەکەدا، و هۆشداریشی دا لەوەی دەستپێکردنەوەی شەڕ دەکرێت ببێتە هۆی شەپۆلێکی نوێ لە کۆچبەران و دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ ئێران و عێراق تا هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا بەهێز بکەن بە جۆرێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییە بەربڵاوەکانی ئەورووپادا نەگونجێت.

لەبەر ئەوە بەریتانیا داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد کە چەقبەستوویی پڕۆسەی ئاشتی بشکێنێت لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پشتیوانیی دارایی و شارەزایی تەکنیکی، بەو پێیەی بەشداربوونی یەکێتییەکە ئامادەییی سیاسیی لە ناوچەکە بەهێز دەکات و پابەندبوونی بە هێنانەدیی ئاشتییەکی بەردەوام لە باکووری عێراق دووپات دەکاتەوە، جگە لەوەی بەشداریی یەکێتیی ئەورووپا و بەخشەرەکانی دیکە، لە پێشەنگیاندا وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، هان دەدات بۆ پێشکەشکردنی بەشداریی هاوشێوە.

بەڵگەنامەکان ئاشکرایان کرد کە لەندەن ئامادە نەبوو دارایی ئەورووپا بگوێزرێتەوە بۆ تەنها گواستنەوەیەکی دارایی بە قازانجی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لەبەر ئەوە پێشنیازی بەستنەوەی هەر بەشدارییەکی ئەورووپی کرد بە 2 مەرجی بنەڕەتییەوە: مەرجی یەکەم ئەوە بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بتوانێت بەشدارییەکی دارایی هاوشێوە دابین بکات، چ لە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداوەوە بێت یان لە هەردوو حیزبە کوردەکەوە. مەرجی دووەم بریتی بوو لە پێدانی ڕۆڵێکی سیاسیی فەرمی بە یەکێتیی ئەورووپا لە ناو پڕۆسەی ئاشتیدا، بە مەرجێک ویلایەتە یەکگرتووەکان لایەنی سەرەکی بێت لە ناوبژیوانییەکەدا.

حکومەتی بەریتانیا دووپاتی کردەوە کە سەرچاوەی پێویستی هەیە بۆ پشکی بەریتانیا لە هەر بەشدارییەکی ئەورووپی کە بگاتە تا 2 ملیۆن دۆلار، کە ئەوەش نیوەی ئەو بڕە پارەیە بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵی کۆکردنەوەی دەدا بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاشتی.

لە حاڵەتێکدا کە یەکێتیی ئەورووپا ڕەزامەند بێت لەسەر پێشنیازەکە، سەرۆکایەتیی دەوریی یەکێتییەکە نوێنەرایەتی دەکات، بەڵام حکومەتی بەریتانیا ڕوونی کردەوە کە ئارەزوو دەکات نوێنەرایەتییەکی نیشتمانیی سەربەخۆی هەبێت لە ناو پڕۆسە سیاسییەکەدا، پشتبەستن بە بەشدارییەکانی پێشووی لە کۆبوونەوەکانی ئاشتی و ڕۆڵە سەربازییەکەی لە ئۆپراسیۆنی “دابینکردنی ئارامی” (Provide Comfort)، کە ئەرکێکی سەربازی و مرۆیی بوو بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان لە نیسانی 1991دا بۆ پاراستن و پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ پەنابەرە کوردە هەڵهاتووەکانی باکووری عێراق دوای جەنگی دووەمی کەنداو.

بەڵگەنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوای لە باڵیۆزخانەکەی لە واشنتن کردووە ئەم بیرۆکانە بگوازێتەوە بۆ بەرپرسانی ئەمریکی لە چوارچێوەی ڕاوێژی نهێنی، چونکە دەستپێشخەرییەکە هێشتا نەخرابووە ڕوو بۆ وڵاتانی دیکەی ئەورووپا. هەروەها داوای لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە پاریس کردبوو بۆچوونی فەرەنسا وەربگرێت ئەگەر واشنتن ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر بیرۆکەکە دەربڕی.

ئاگربەستێکی ناسک

ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوام بوو، سەرەڕای بەردەوامیی هەندێک پێکدادانی ناوچەییی سنووردار، و دەستپێکردنی بەرەبەرەی هەردوو حیزبەکە لە گەڕاندنەوەی کەناڵەکانی پەیوەندیی نێوانیان، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری دا لەوەی ئاگربەستەکە ناسکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهاردا ئەگەری هەرەسهێنانی هەیە. ڕوونی کردەوە کە دەستپێکردنەوەی شەڕ پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا دەبێت چونکە دەبێتە هۆی پەککەوتنی بەرنامەکانی هاوکاریی مرۆیی لە باکووری عێراق، تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی، و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ حکومەتی بەغدا تا سوود لە پەرتەوازەیی کورد وەربگرێت.

لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکەوتوو بوو لە گەیشتن بە نیمچە ڕێککەوتنێک لەسەر پلانی ئاشتی، ڕەتی کردەوە تەواوی بکات پێش دەستەبەرکردنی دارایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی. ئیدارەی ئەمریکا مەزەندەی کرد کە 6 مانگی یەکەم پێویستی بە 4 ملیۆن دۆلار دەبێت، کە ئەوەش ئەو ماوەیە بوو کە دەبوو تێیدا ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تەواوی کارا بکرێتەوە. ڕوونی کردەوە کە کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی (INC) بەشە گەورەکەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی دەگرتە ئەستۆ، بەڵام بێبەش بوو لە هەر سەرچاوەیەکی دارایی، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕەتی کردەوە ئەم خەرجییانە بگرێتە ئەستۆ، و هەوڵە هاوبەشەکانی بەریتانیا و ئەمریکاش بۆ قەناعەپێکردنی وڵاتانی کەنداو بۆ بەشداریکردن لە تمویلدا شکستیان هێنا.

لەندەن بەڵێنی دارایی ئەورووپیی بە هۆکارێک دەبینی بۆ جووڵاندنی تەواوی پڕۆسە سیاسییەکە، چونکە پێشبینی دەکرد ڕاگەیاندنی ئامادەییی یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەشداریکردن ببێتە هۆی هاندانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کەنداو، و تەنانەت هەردوو حیزبە کوردەکەش، بۆ دابینکردنی ئەو سەرچاوە داواکراوانەی دەمێنێتەوە، بە جۆرێک کە ڕێگە بدات بە دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کەناڵێکی پەیوەندیی ناڕەسمی لەگەڵ کۆمیسیۆنی ئەورووپیدا کردەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری پێشکەشکردنی بەشداریی دارایی، بەڵام بەرپرسانی کۆمیسیۆن ئاماژەیان بە بوونی ئاستەنگی یاسایی کرد کە ڕێگرە لە بەکارهێنانی بڕگەکان لە بودجەی ئێستادا بۆ ئەم مەبەستە، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی ئەوەی ئەو ئاستەنگانە ئەستەم نین ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت، و داوایان لە لەندەن کرد وەرەقەیەکی ناڕەسمی ئامادە بکات کە باکگراوندی سیاسی و یاسایی دەستپێشخەرییەکە ڕوون بکاتەوە.

بەڵگەنامەکە دووپاتی کردەوە کە بژارەی بەکارهێنانی تەرخانکراوەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی هاوبەش، لە ڕوانگەی حکومەتی بەریتانیاوە، بە باشترین ڕێگە دەمانەوە بۆ پشتیوانیکردنی دەستپێشخەرییەکە، چونکە بڕیارەکە لە دەستی حکومەتی وڵاتانی ئەندامدا دەهێڵێتەوە و دەرفەت دەداتە بەریتانیا بۆ ڕابەرایەتیکردنی جووڵەی ئەورووپی لە ڕووی سیاسییەوە. همچنین جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ڕۆڵی ئەورووپی تەنها لە پێشکەشکردنی پارەدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو دەبێت هاوشان بێت لەگەڵ ئامادەییی سیاسیی فەرمی لە ناو دانوستانەکاندا، لەگەڵ مەرجدارکردنی بە بەشدارییەکی دارایی ئەمریکیی هاوتەریب، و دەستەبەرکردنی بەشداریی سەربەخۆی بەریتانیا و فەرەنسا پشتبەستن بە ڕۆڵی دوو وڵاتەکە لە ئۆپراسیۆنی “دابینکردنی ئارامی”دا، پێش تێپەڕین بۆ قۆناغی ڕاوێژی فەرمی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.

ڕۆڵی کەنداو

لە 14ی شوباتی 1996دا، بەریتانیا نوسراوێکی بەپەلەی ڕەوانەی باڵیۆزخانەکانی لە ڕیاڕ، کوەیت و ئەبو زەبی کرد، لەگەڵ ناردنی کۆپی بۆ واشنتن، پاریس، ئەنقەرە، دیمەشق، تاران، نیویۆرک و نێردە بەریتانیییەکانی دیکە، بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانیی وڵاتانی کەنداو بۆ بەشداریکردنی دارایی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیدا کە ئەمریکا سەرپەرشتی دەکرد لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە باکووری عێراق، لە چوارچێوەی جووڵەیەکی ڕۆژئاواییدا بۆ ڕێگریکردن لە هەرەسهێنانی ئاگربەست. ڕوونی کردەوە کە واشنتن داوای لە لەندەن کردووە پشتیوانی لە هەوڵەکانی بکات بۆ دابینکردنی 4.5 ملیۆن دۆلار بۆ داپۆشینی 6 مانگی یەکەمی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، کە داراییەک بوو تەرخانکرابوو بۆ دامەزراندنی لیژنەیەکی بێلایەن بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و سەرپەرشتیکردنی ڕێکخستنە ئاسایشییەکانی.

بەڵگەنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە 2 مانگ تێپەڕیبوو بەسەر دوا سەردانی نێردراوی ئەمریکی دەیڤید دۆیتش بۆ ناوچەکە، و نەبوونی هیچ پێشکەوتنێک لەو ماوەیەدا نیگەرانییەکی زۆری بەریتانیای لێکەوتەوە لە ئەگەری هەرەسهێنانی ئاگربەست. دووپاتی کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر نوێترین ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە دەربڕیوە، لە کاتێکدا هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کورت ببووەوە لەسەر تێبینیی سنوورداری تایبەت بە داڕشتنی هەندێک بڕگە، کە لەندەن ئەوانی بە ئاستەنگ نەدەزانی لە بەرامبەر تەواوکردنی ڕێککەوتنەکە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا گریمانەی ئەوەی کردبوو کە بەرپرسانی ئەمریکی پێشتر لەگەڵ حکومەتەکانی کەنداو قسەیان لەسەر بڕی بەشدارییە چاوەڕوانکراوەکان کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داوای لە باڵیۆزەکانی کرد بە بەرپرسانی کەنداو ڕابگەیەنن کە هەڵسەنگاندنی لەندەن ئاماژە بەوە دەکات هەردوو حیزبەکە زۆر نزیکن لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی، و ئاستەنگی سەرەکیی بریتییە لە دابینکردنی سەرچاوە داراییە پێویستەکان بۆ دامەزراندنی لیژنە بێلایەنەکە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە هەر دواکەوتنێک لە دابینکردنی داراییدا دەکرێت ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی شەڕ، کە ئەوەش سەقامگیری لە باکووری عێراق تێکدەدات و زیان بە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا دەگەیەنێت، چونکە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی ناوخۆیی لە بڕی تەرکیزکردن لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سەددام حوسێن، و بەمەش حکومەتی عێراق و ئێران سوودمەندی سەرەکی دەبن.

جگە لەوەش، بەڵگەنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا نێردەکانی ئاڕاستە کردبوو لە حاڵەتی ئاراستەکردنی پرسیار سەبارەت بە هەڵوێستی بەریتانیا، جەخت لەوە بکەنەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای بەشداریی دارایی ڕاستەوخۆی لە لەندەن نەکردووە، بەم پاساوەی بەریتانیا خۆی تەمویلی چەندین پڕۆژەی مرۆیی لە باکووری عێراق دەکات، جگە لە ئه‌ستۆگرتنی خەرجیی ساڵانە کە بە نزیکەی 10 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت، وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە ئۆپەراسیۆنی “دابینکردنی ئارامی”دا. وەزارەت داوای لە باڵیۆزخانەکانی کرد بەپەلە ئاگاداری بکەنەوە لەوەی ئایا حکومەتە میواندارەکان نیازی بەشداریکردنیان هەیە لە تەمویلدا و کەی لایەنی ئەمریکی لە بڕیارەکەیان ئاگادار دەکەنەوە.

ڕەشنوسێکی ناوخۆیی لە ژێر ناونیشانی “عێراق: تەمویلکردنی ڕێککەوتن لە نێوان کوردەکانی عێراقدا بە سەرپەرشتیی ئەمریکا” ئاشکرای کرد کە هەوڵەکانی بەریتانیا گوازراونەتەوە بۆ ڕێڕەوێکی هاوتەریب کە بریتی بوو لە هەوڵی ڕاکێشانی پشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دەستپێشخەرییە ئەمریکییەکە، دوای ئەوەی پەیوەندییە سەرەتاییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ئاماژەی ناومیدکەریان پێشان دا.

ململانێی کورد لە کۆتاییەکانی 1994دا گەشەی کرد بۆ جەنگێکی کراوە بەهۆی ناکۆکی لەسەر دابەشکردنی داهاتی ڕسووماتی گومرگیی سەپێندراو بەسەر بازرگانیی تەنکەرەکانی نەوتدا، و کۆنتڕۆڵکردنی شاری هەولێر لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە.

بەریتانیا دارایی داواکراوی بەوە وێنە کرد کە ئاڕاستە نەکراوە بۆ پشتیوانیکردنی هیچ کام لە دوو لایەنەکە لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکو بۆ خەرجییەکانی لیژنەی ئاسایشی بێلایەن بووە کە بڕیار بوو ئەندامانی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقی لەخۆ بگرێت. لەندەن، دوای وەرگرتنی وەڵامی نائومێدکەر لە پایتەختەکانی کەنداوەوە، دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لە بژارەی بەدەستهێنانی بەشدارییەکی ئەورووپی لە نێوان 500 هەزار تا ملیۆنێک دۆلاردا، نەک بە مەبەستی دابینکردنی تەواوی تێچووەکە، بەڵکو بۆ ناردنی پەیامێکی سیاسی کە پشتیوانیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی دووپات بکاتەوە و بەخشەرەکانی کەنداو هان بدات بۆ تەواوکردنی مابەقیی داراییەکە.

ڕەشنووسەکە بە ئاڕاستەکردنی نێردەی شانشینی یەکگرتوو لە یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل کۆتایی هات بۆ ئه‌نجامدانی پەیوەندیی ڕانەگەیەندراو لەگەڵ بەرپرسانی کۆمیسیۆنی ئەورووپیدا تا ئەگەری تەرخانکردنی بودجەیەک بۆ ئەم مەبەستە تاوتوێ بکەن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر هێشتنەوەی ئەم جووڵانە لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا تا کاتی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا.

مەترسییەکانی بارزانی و تاڵەبانی

بەڵگەنامەکە دووپاتی کردەوە کە هەڵسەنگاندنی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو قۆناغەدا پشتی بە نەناردنی نێردراوی ئەمریکی دەیڤید دۆیتش (بەڕێوەبەری کاروباری کەنداوی باکوور لە وەزارەتی دەرەوە) دەبەست بۆ باکووری عێراق پێش ڕوونبوونەوەی وێنەی کۆتایی سەبارەت بە ئەگەری بەدەستهێنانی دارایی داواکراو لە لایەنە بەخشەرەکانەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دۆیتش دانینا بەوەی ئەگەری ئەنجامدانی سەردانەکە بۆ ناوچەکە لە مانگی دواییدا هێشتا بە ئەگەری ڕوودانی هەیە، تەنانەت ئەگەر کێشەی دارایی بە شێوەیەکی کۆتایی یەکلایی نەکرابێتەوە.

لە 20ی شوباتی 1996دا، بەرپرسە بەریتانییەکان زنجیرەیەک ڕاوێژیان لەگەڵ دۆیتش ئەنجام دا، کە تێیدا پێداچوونەوەیان بە نوسراوە هاتووەکان لە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئەنقەرە کرد، و ئاگاداریان کردەوە لەو مەترسییانەی کە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی گواستبوویانەوە سەبارەت بە درێژبوونی ئەو ماوەیەی کە بەسەر دوا سەردانی نێردراوە ئەمریکییەکەدا تێپەڕیبوو.

نێردەی بەریتانی ڕوونی کردەوە کە ئەم دواکەوتنە بووە هۆی گەشەسەندنی گومانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە ڕادەی جددیبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پابەندبوون بەو دەستپێشخەرییەی سەرپەرشتیی دەکات؛ و پێیان وابوو سەردانێکی پێشوەختەی دۆیتش، هەتا لە نەبوونی گەرەنتیی کۆتایی سەبارەت بە تەمویلی لیژنە بێلایەنەکە، دەبێتە هۆی ڕەواندنەوەی بەشێک لەو مەترسییانە و بەهێزکردنی توانای سەرکردایەتییە کوردەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوشارەکانی ئێران کە لەو قۆناغەدا ڕوویان لە زیادبوون دەکرد.

پەیوەندی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و قوسەی سەددام حوسێندا

بەرپرسە بەریتانییەکان باسیان لەوە دەکرد، تەنها ئەنجامدانی سەردانەکە لەلایەن دۆیتشەوە جێی پێشوازیی سەرکردایەتیی کورد دەبێت تەنانەت ئەگەر بەڵێنی دارایی لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرێت، و پێشنیازیان کرد کە ئامادەییی خۆی بەکاربهێنێت بۆ تەواوکردنی خاڵە ئاڵۆزەکانی ناو ڕێککەوتنەکە، یان بیرۆکەی بەشداریکردنی خودی دوو حیزبەکە لە تەمویلکردنی لیژنە بێلایەنەکە بخاتە ڕوو بۆ بارزانی و تاڵەبانی ئەگەر بەدەستهێنانی پشتیوانیی دەرەکی ئەستەم بێت. بەڵام دۆیتش ڕوونی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا پێشتر دوو حیزبەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە کۆبوونەوەی کۆتایی تەرخانکراو بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە یەکلایی دەکرێنەوە.

وەک لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە و دۆیتش ڕوونی کردووەتەوە، کە سەرکردایەتی کورد لە سەرەتاوە ئارەزوویان دەکرد ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خۆی بەشداری لە لیژنە بێلایەنەکەدا بکات، بەڵام واشنتن ئەوەی ڕەت کردەوە و پێی باشتر بوو پابەندبوونی خۆی بەرامبەر کورد لە ڕێگەی ئامرازی دیکەوەبسەلمێنێت، لەوانە بەردەوامیی بەرنامەکانی هاوکاریی مرۆیی و کارکردن بۆ دابینکردنی دارایی پێویست بۆ لیژنەکە لە سەرچاوەی دەرەکییەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردایەتییە کوردەکان ئەم بەڵێنەیان وەک گەرەنتییەکی ئەمریکیی ڕاستەقینە لێکدایەوە، و دەستەپاچەیی واشنتن لە دابینکردنی داراییدا وەک بەڵگەیەک لەسەر پاشەکشەی پابەندبوونی ئەمریکی ڕاڤە دەکرێت، کە ئەوەش دەکرێت ڕاستەوخۆ ڕەنگ بداتەوە لەسەر داهاتووی تەواوی پڕۆسەی ئاشتی.

دۆیتش هۆکارێکی دیکەی ئاشکرا کرد کە واشنتنی پاڵ نا بۆ بیرکردنەوە لە پەلەکردن لە ناردنی نێردراوەکەی بۆ باکووری عێراق؛ کاتێک ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق، ئاگاداری کردبووەوە لە بوونی ڕاپۆرتی بڕواپێکراو سەبارەت بە پەیوەندیی جددی لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و قوسەی سەددام حوسێندا. لە هەمان کاتدا، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە واشنتن سکاڵای کردبوو لە بوونی پەیوەندیی نوێ لە نێوان حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کە ئەوەش نیگەرانییەکی زیاتری لە لای ئیدارەی ئەمریکا دروست کردبوو لە ئەگەری قۆستنەوەی چەقبەستوویی دەستپێشخەرییە ئەمریکییەکە لەلایەن بەغداوە بۆ گەڕاندنەوەی هەژموونی لە ناو هەرێمدا.

دۆیتش دواتر گەڕایەوە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنی بەریتانییەوە تا ئاگاداریان بکاتەوە لەوەی دەیڤید وێلچ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، بڕوای بەوە هێناوە کە سەردانێک بۆ ناوچەکە لە ماوەی ئاداری ئەو ساڵەدا هەنگاوێکی گونجاو دەبێت.

بەم هۆیەوە، بەڵگەنامە بەریتانییەکان ئاشکرای دەکەن کە قەیرانی دارایی تەنها مەسەلەیەکی دارایی ڕووت نەبوو، بەڵکو بووە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ بڕواپێکراویی ناوبژیوانیی ئەمریکی و ڕەگەزێکی کاریگەر لە هاوسەنگیی هێزە سیاسی و هەرێمییەکانی دەوروبەری باکووری عێراق لە ساڵی 1996دا.

Back to top button