ئەردۆغان بۆ ترەمپ: بە هیچ جۆرێک و لە هیچ شوێنێکی ناوچەکەدا قبووڵی سەربەخۆیی کورد ناکەم

  • ئەردۆغان ڕێگریی لە هێزە کوردییەکان کرد بچنە ناو جەنگی ئێرانەوە
  • ترسی سەرۆکی تورکیا لە پڕچەککردنی کورد، گرەوی نەتانیاهۆی بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران پووچەڵ کردەوە
    رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانیی لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا

لە ڕۆژی 11ی شوباتی ئەمساڵ، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی لە کاتێکدا بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ دانیشتبوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو پێشنیازانەی خستەڕوو کە دەکرێت ڕژێمی لەرزۆکی ئێران بڕووخێنرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی سەرۆکی ئەمریکا تا بچێتە جەنگەوە.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی کە لە ژوورەکەدا ئامادە بوو، بە ڕۆژنامەی «تەلەگراف»ی ڕاگەیاند: «نەتانیاهۆ بە ترەمپی گوت ئەگەر بتوانین هەندێک هەنگاو بنێین، ئەوا دەرفەتێکمان دەبێت بۆ خوڵقاندنی بارودۆخێک کە تێیدا گەلی ئێران چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست.»

بەشێک لە پێشنیازەکەی نەتانیاهۆ پشتی بە گرەوێکی پڕمەترسی بەستبوو، ئەویش ناردنی هەزاران شەڕڤان و پێشمەرگەی کورد بوو بۆ سنوورەکانی ڕۆژئاوای تاران لەژێر چەتری پاراستنی ئاسمانیی ئەمریکادا.

بەپێی پلانێک کە لەلایەن مۆسادەوە داڕێژرابو وە لەگەڵ سی ئای ئەی (CIA) تاوتوێی کرابوو، هێزەکان لە سنووری هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دەپەڕینەوە و هانی ڕاپەڕینێکی سەرتاسەرییان دەدا، تا بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکان بهێنن.

بەڵام یەک کەس هەبوو کە نەتانیاهۆ حیسابی بۆ نەکردبوو: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان.

بەپێی زانیارییەکانی تەلەگراف، ئەردۆغان بەهۆی ناڕەزایی لە ئەگەری بەهێزبوونی چەکدارە کوردییەکان لە ناوچەکەدا، دەستوەردانی کرد و لە کۆتاییدا ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ناچار کرد دەستبەرداری ئەو ئۆپەراسیۆنە نهێنییە بن.

ئەو بەرپرسە باڵایە بە ئاماژەدان بە پلانە شکستخواردووەکە گوتی: «چەند مەرجێکیان نەهاتنە دی، ئەوەش لەبەر هۆکارگەلێک کە لێرەدا باسیان ناکەم. هۆکارەکە نەبوونی تێڕوانین نەبوو، بەڵکوو بەهۆی شکستی ئۆپەراسیۆن یان ئەو بڕیارانەوە بوو کە دران.»

بەپێی سەرچاوەکان لە ئیسسرائیل و کەنداو، ئەردۆغان کە یەکێکە لە سەرکردە نزیکەکانی ترەمپ، بە سەرۆکی ئەمریکای ڕاگەیاندووە “بە هیچ جۆرێک لە هیچ شوێنێکی ناوچەکەدا قبووڵی سەربەخۆیی کورد ناکات”.

ناڕەزایەتییەکەی ناوبراو لە ترسێکی چەند دەیەیی لە جوداخوازیی کوردەوە سەرچاوەی گرتبوو. زیاتر لە 40 ساڵە تورکیا لە شەڕدایە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە ڕێکخراوێکی چەکداری و سیاسیی کوردییە و ئەو شەڕەش گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە.

کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا و بە شێوەیەکی سەرەکی بەسەر ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا دابەش بووە؛ لەو وڵاتانەشدا ڕووبەڕووی جیاکاری و ستەمی توند بوونەتەوە. ئیسرائیل بە شێوەیەکی چالاکانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورددا پەرە پێداوە، چونکە وەک هێزێکی دەبینێت کە دەتوانێت دۆخەکە تێکبدات و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاری بهێنێت. کورد لە ئێران، هەم لە سەردەمی شادا و هەم دواتر لە سایەی کۆماری ئیسلامیدا چەوساوەتەوە.

لەگەڵ ئاگاداربوون لە پلانەکە، ئەردۆغان ترسی لێ نیشت کە پڕچەککردنی هێزە کوردییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە دوژمنە سیاسییەکانی لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی چەکدار و مەترسیدار بن؛ مەترسییەک کە نەیدەتوانی قبووڵی بکات.

دەستوەردانەکەی ئەردۆغان بووە هۆی لەباربردنی یەکێک لە گەورەترین هەوڵەکانی گۆڕینی ڕژێم لە جەنگێکدا کە ئێستا لە چەقبەستووییدا دەسووڕێتەوە و نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی.

ترەمپ ڕایگەیاندووە کە گۆڕینی ڕژێم پێشتر دوو جار ڕوویداوە و حکوومەتە نوێیەکە زۆر «لۆژیکی ترە» لەوانەی پێش خۆی؛ بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامە لەسەر ئەوەی بڵێت کە ڕووخاندنی ڕژێم لە ئامانجە سەرەکییەکانی نەبووە. ئامانجەکانی ترەمپ لە نێوان کردنەوەی گەرووی هورمز، بڕینی پشتیوانی لە گرووپەکانی سەر بە ئێران و لەناوبردنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی تاراندا هاتوچۆیان کردووە.

ڕۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» بڵاوی کردەوە، دوای کۆبوونەوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان، بەرپرسانی ئەمریکا بەو ئەنجامە گەیشتوون کە پێشنیازەکەی نەتەنیاهۆ لەنێویاندا ئەگەری هێرشی زەمینیی کورد بۆ سەر ئێران لە واقیعەوە دوور بوون.

کاتێک جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، زانیارییەکانی خستە بەردەم ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەنیا یەک وشەی بۆ وەسفکردنی سیناریۆکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی ڕژێم بەکارهێنا: «گاڵتەجاڕانە.»

سەرەڕای ئەوەش، ئەمە ڕێگەی لە ترەمپ گرت بەردەوام بێت لەسەر بیرۆکەکە. ناوبراو لە 1ی ئاداردا لەگەڵ سەرکردە کوردەکان قسەی کرد و بەردەوام بوو لە فشارخستنە سەر بەرپرسە ناوخۆییەکان کە لەوانەیە بتوانن لاوازیی تاران بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.

لە ئامادەکارییەکی دیاردا بۆ هێرشەکە، ئیسرائیل پێگەکانی ڕۆژئاوای ئێرانی بۆردومان کرد، لەوانە بەرپرسانی ڕژێم، بنکە سەربازییەکان، سیستەمەکانی مووشەک، بنکەکانی پۆلیس و پێگەکانی بەسیج، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کرد کە ڕێگە بۆ پێشڕەویی کورد خۆش دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پلان وابوو هێرشەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق چەکدارانی هەر شەش لایەنەکەی کوردی ئێران لەخۆ بگرێت، ئەوانیش لە بەرامبەردا چەک بدەنە کوردەکانی ناوخۆی ئێران. هاوپەیمانییە چەکدارییەکە لە 18ی ئاداردا ئامادەی هێرش بوو، تەنیا چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ترەمپ بوون.

لە نێوەندی ئامادەکارییەکاندا، کوردەکان خۆیان دوودڵ بوون لەبارەی ئاسۆی سەرکەوتنیان بەرامبەر ڕژێمی ئێران و داوای «پاراستنی سیاسی»یان کرد.

بەرپرسە باڵا ئیسرائیلییەکە بە تەلەگرافی گوت: «زانیارییە هەواڵگرییەکان بەڵێنی ئەوەیان نەدەدا کە [گۆڕینی ڕژێم] مسۆگەرە، بەڵکوو دەیانگوت دەتوانن ئەگەری ڕوودانی ئەو سیناریۆیە زیاد بکەن.»

زۆری نەخایاند کە پلانەکە لەبەریەک هەڵوەشایەوە و وردەکاریی پێشڕەوییەکە دزەی کردە ناو میدیاکانی ئەمریکاوە. کاناڵی «فۆکس نیوز» لە مانگی ئاداردا بڵاوی کردەوە کە هێرشەکە دەستی پێکردووە، ئەمەش کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی دەستلەکارکێشاوەی کۆشکی سپی ناچار کرد ڕوونکردنەوە بدات و بڵێت ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە چەک ناداتە کورد.

ئەردۆغان فشاری خستبووە سەر واشنتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پلانەکە. دەوڵەتانی کەنداویش بەپێی ڕاپۆرتەکان هۆشدارییان دابوو لەوەی دابەشبوونی نەتەوەیی ئێران لەوانەیە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر بکات.

ئەم شکستە بە باشی لە قودس پێشوازیی لێ نەکرا؛ ڕۆمان گۆفمان، بەڕێوەبەری مۆساد، بڕیاری دا دوو لە باڵاترین بەرپرسانی دەزگاکە دووربخاتەوە کە بەشدار بوون لە داڕشتنی پلانی ڕووخاندنی ڕژێمدا.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان بە تەلەگراف، لە دواین کۆبوونەوەی ئۆڤاڵ ئۆفیسدا لە 28ی تەممووز، بابەتی گۆڕینی ڕژێم جارێکی دیکە هاتە کایەوە. نەتانیاهۆ دووپاتی کردەوە کە گۆڕینی ڕژێم لە ژێر هەندێک مەرجدا هێشتا دەکرێت، بەڵام پێدەچێت لە قەناعەتپێکردنی ترەمپدا سەرکەوتوو نەبووبێت؛ ترەمپ لە کۆتاییدا لە جیاتی هێرشی سەربازی، بژاردەی هەڵمەتێکی ئابووریی درێژخایەنی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە هەڵبژارد.

دۆناڵد ترەمپ لە نزیکەی هەموو هەنگاوەکانیدا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێراندا بێبەرهەم بووە؛ گۆڕینی ڕژێم دەبوو وەک دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون بێت لەم قەیرانە، بەڵام ئەویش شکستی هێنا.

Back to top button