ئێران دەیەوێت لە بەغداوە جوڵانەوەیەک دژی هێزی پێشمەرگە دروست بکات

ئێران پلانی هەیە هێزە کوردییەکان لە عێراق لاواز بکات بۆ ڕێگریکردن لە چەککردنی میلیشیاکان و هێشتنەوەی هەژموونی خۆی، ئەوەش بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆست-ی ئیسرائیلی.

ئێران میلیشیاکان بۆ ئەنجامدانی هەر کارێکی پێویست بەکاردەهێنێت بە مەبەستی پاراستنی پێگەی خۆی لە عێراق، هاوکات ئامانجیەتی ڕکابەرە کوردەکانیشی لە وڵاتەکەدا لاواز بکات

ڕۆژنامە ئیسرائیلیەکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: عێراق هەوڵی چەککردنی ئەو میلیشیایانە دەدات کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. بەغدا دەڵێت دەیەوێت چەکی میلیشیاکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە. میلیشیاکان دەزانن بەغدا پاڵپشتی ئەمریکای هەیە بۆ فشارخستنە سەر ئەو گرووپانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، گرووپەکان هەموو کارێک کە لەدەستیان بێت دەیکەن بۆ ئەوەی لە چەککردن دەربازیان بێت، ئێستا ئەو گرووپانە چاویان بڕیوەتە سەر هەرێمی کوردستان، تاوەکو هەوڵی لاوازکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بدەن.

میلیشیاکان چۆن هەوڵی پێشگرتن لە چەککردن دەدەن؟

یەکێک لە ڕێگاکان ئەوەیە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چەکەکانیان “لەمێژە” لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە. میلیشیاکان بەشێکن لە دەستەی حەشدی شەعبی کە لەلایەن دەوڵەتەوە پاڵپشتی دەکرێت؛ بۆیە گرووپەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە وەک حەشدی شەعبی، لە بنەڕەتدا هێزێکی نیمچەسەربازیی فەرمین. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە بنەڕەتدا هێزێکی پاسەوانی نیشتمانین، کەواتە پێویست ناکات چەکەکانیان ڕادەست بکەن، چونکە چەکەکانیان لەژێر کۆنترۆڵدایە.

فێڵێکی دیکە کە گرووپەکان بەکاری دەهێنن ئەوەیە هەوڵ دەدەن پرۆسەی چەککردنی میلیشیاکان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانیش بگرێتەوە. هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان خاوەنی هێزی سەربازیی خۆیەتی بە ناوی پێشمەرگە. ڕۆڵ و پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراقدا دیاریکراوە کە دوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی 2003 پەسەندکرا.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە باسی لەوەشکردووە، لەبەر ئەوە، پێشمەرگە هێزێکی فەرمییە. بەدرێژایی ساڵان، هەوڵ هەبووە بۆ چاکسازیکردن لە هێزەکانی پێشمەرگە تاوەکو چیتر سەر بە دوو پارتە سیاسییە کوردییەکە (پارتی و یەکێتی) نەبن. لە ڕابردوودا، یەکەی 70 و یەکەی 80ی پێشمەرگە لە بنەڕەتدا باڵی سەربازیی یەکێتی و پارتی بوون.

میلیشیای بەهێزی کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ئێستا داوای چەککردنی پێشمەرگە دەکات. ئەمە بە مەبەستی دروستکردنی بەربەستە لەبەردەم هەوڵەکانی چەککردنی خۆیان و گرووپەکانی دیکە. ئەم میلیشیایە هۆشداریش دەداتە سەرۆک وەزیران لە بەرامبەر گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی “ئیستیفزازی و نابەرپرسانە”.

ئەبو موجاهید عەساف لە کەتائیبی حیزبوڵڵا گوتی: “ئارامیمان بەرامبەر بە هەنگاوە ئیستیفزازی و نابەرپرسانەکانی سەرۆک وەزیران بەرەو تەواوبوون دەچێت.” ئەم لێدوانە رەنگە هەڕەشە بێت لەسەر ژیانی سەرۆک وەزیران. هەروەها عەساف زەیدیی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە ‘بارودۆخە ئاڵۆزەکان’ـی بەردەم عێراق و ناوچەکە تێنەگەیشتووە، لە پاڵ هۆشداریدان لە ‘خۆبەدوورگرتن لە پەلکێشبوون بۆ نێو ئەو شتانەی دوژمنان پێی دڵخۆش دەبن”.

ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە “ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە یەکەیەکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە پارێزگای زیقار لە ڕۆژی دووشەممەدا، عەباس حوسێن یەعقووبی، فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی سەر بە بزووتنەوەی نوجەبای دەستگیرکرد. دواتر حەشدی شەعبی پشتڕاستیکردەوە کە یەعقووبی بۆ ڕێکارە یاساییەکان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دەستەکە کراوە.”

ئەجێندای فراوانتری ئێران

بەکارهێنانی گوتاری دژە کورد بە ئامانجی دروستکردنی دووبەرەکییە لە نێوان عێراقییەکاندا، تاوەکو هەندێک لە شیعەکانی عێراق کە پاڵپشتی لە میلیشیاکان دەکەن، مشتومڕی ئەوە دروست بکەن کە شایستەی هەمان مافی کوردن. ئەوان دەڵێن میلیشیاکانیان هاوشێوەی پێشمەرگەن.

ئامانجی ڕاستەقینە لێرەدا ئەوەیە کە ئێران میلیشیاکان بۆ ئەنجامدانی هەر شتێکی پێویست بەکاردەهێنێت بە مەبەستی پاراستنی پێگەی خۆی لە عێراق. ئێران لە ڕابردووشدا هەوڵی لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی داوە.

لە ماوەی ڕابردوودا، هێرشی کردە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان. بەکارهێنانی کەتائیبی حیزبوڵڵا بۆ داواکردنی لاوازکردنی پێشمەرگە، بەشێکە لەئەجێندای فراوانتری ئێران.

Back to top button