
لە کاتژمێرەکانی ڕابردووەوە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە، کاتێکیش دەپرسیت هۆکارەکەی کەمی دۆلارە لە بازاڕدا؟ حکومەت دەڵێت نەخێر، وەکچۆن جێگیرکردنی نرخی نوێی فرۆشتنی دۆلاریش نیە لە بودجەدا، چونکە بانکی ناوەندیی ڕەتیکردوەتەوە نیازی گۆڕانکارییان هەبێت لە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.
ئەگەر لە ڕابردوودا مایکی پەیامنێر و سەکۆی بەشێک لە ڕۆژنامەنووسەکان بوبێتە جێگەی کێبڕکێ لەسەر ڕاکێشانی زۆرترین بینەر، ئێستا ئەم دیاردەیە پەڕیوەتەوە بۆ گیرفانی خەڵک و یاریکردن بە بازاڕ لە پێناوی ڕاکێشانی زۆرترین بینەر.
لە عێراقدا بۆ ئەوەی بەهای دراوێک هەڵبکشێت یان داببەزێت، مەرج نییە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئاستی هەناردەی نەوت، یەدەگی زێڕ، یان سیستەمی هەناردە و هاوردەدا ڕووبدات. زۆرجار تەنیا پێویستت بە یەک لێدوانی تەلەڤزیۆنیی پەرلەمانتارێک و مانشێتێکی سووری میدیاییە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند خولەکێکدا، شڵەژانێکی گەورە لە بۆرسەکانی بەغدا، هەولێر و سلێمانیدا دروست ببێت.
لە کاتێکدا بەهای دۆلار بەرامبەر دینار شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، چاودێران پەنجەی تۆمەت بۆ تەنیا هۆکارە داراییەکان ڕاناکێشن، بەڵکو تیشک دەخەنە سەر ڕەهەندێکی مەترسیدارتر: شەڕی دەروونی، لێدوانی بێبەرپرسیارانەی سیاسییەکان، و بازرگانیی میدیا بە ترسی خەڵکەوە.
بازاڕی دارایی لە عێراق بەهۆی دەیان ساڵ لە ناسەقامگیری و گەمارۆ، خاوەنی متمانەیەکی لەرزۆکە بە دراوی نیشتمانی. ئەم دۆخە ژینگەیەکی لەباری بۆ دیاردەیەک دروستکردووە کە ئابووریناسان پێی دەڵێن “پێشبینیی خۆبەدیهێنەر”. کاتێک پەرلەمانتارێک، کە لە پێگەی بڕیاردان و زانیاریدا دەبینرێت، لە شاشەیەکەوە دەردەکەوێت و دەڵێت: “دۆلار دەگاتە 160 یان 170 هەزار دینار”، پەیامەکە لای هاووڵاتی و بازرگانی ئاسایی بە قسەی فەرمیی وەردەگیرێت. لە ترسی لەدەستدانی بەهای سامانی ڕۆژانەیان، هاووڵاتییان و خاوەنکارە بچووکەکان ڕوو لە بازاڕ دەکەن تا دینارەکانیان بگۆڕنەوە بە دۆلار.
بەوپێیەی ئەم هەنگاوە لە یەک کاتدا لەلایەن هەزاران کەسەوە دەندرێت، خواست لەسەر دۆلار بە شێوەیەکی کتوپڕ بەرز دەبێتەوە؛ لە ئەنجامدا، دەنگۆکە خۆی لە خۆیدا نرخی دۆلار بەرز دەکاتەوە، بێ ئەوەی لە بنەڕەتدا هیچ کێشەیەک لە نەختینەی وڵاتدا هەبووبێت.
لێدوان لەسەر دۆلار خێراترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی ناوی پەرلەمانتار یان ڕۆژنامەنووسێك بچێتە سەردێڕی هەواڵەکان و زۆرترین لایک و کۆمێنت کۆبکاتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو پەرلەمانتارە ئەندامی هیچ لیژنەیەکی دارایی یان ئابووریش نەبێت.
بازرگانانی قەبەی بۆرسە دەزانن چۆن ئەم لێدوانانە بقۆزنەوە، ئەوان بە دروستکردنی کەشێکی پڕ لە ترس، هاووڵاتی هاندەدەن دۆلار بە گرانی بکڕێت، دواتر لە لووتکەی بەرزبوونەوەکەدا دۆلارەکانیان دەساغنەوە و قازانجێکی خەیاڵی دەپێکن.
ڕۆڵی میدیا لەم هاوکێشەیەدا کەمتر نییە لە لێدوانی سیاسییەکان. لە نائامادەیی”ڕۆژنامەوانیی ئابووریی بنکۆڵکار و پسپۆڕ”، میدیاکان زۆرجار وەک گەیەنەری کوێرانەی پڕوپاگەندە کار دەکەن، بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک “دۆلار کۆنترۆڵ ناکرێت”، “داڕمانی دینار”، “کارەسات لە بازاڕدا” تەنیا بۆ ڕاکێشانی کلیک و بینەر، کاردانەوەی دەستبەجێ لەسەر دەروونی کۆمەڵگە جێدەهێڵێت.
زۆربەی کەناڵەکان بە دەگمەن ڕاگەیەندراو و داتاکانی بانکی ناوەندی لەبارەی یەدەگی دراوی بیانی و خستنەڕووی ڕۆژانە شی دەکەنەوە، بەڵکو قسەی پەرلەمانتارێکی بێ ئاگا لە نەخشەی نەختینەیی دەکەنە بنەمای ڕووماڵەکانیان.
دروستبوونی دەیان کەناڵی تایبەت بە نرخی سات بە ساتی دۆلار کە زۆربەیان لەلایەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە ئاراستە دەکرێن، کاتژمێر بە کاتژمێر ترس دادەچێنن و گەمە بە دەروونی کڕیار دەکەن.
ئەو لێدوانە سیاسی و ڕووماڵە ناپیشەییانە تەنیا ژمارە نین لەسەر شاشەکان؛ باجەکەی ڕاستەوخۆ لە بازاڕی سەوزە، دەرمان، و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵکی کەمدرامەتدا دەدرێت. کاتێک دۆلار تەنیا بۆ چەند کاتژمێرێک بەرز دەبێتەوە، نرخی کاڵاکان باز دەدەن، بەڵام کاتێک دادەبەزێتەوە، نرخی کاڵاکان هەر لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە.
لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی دارایی پێشکەوتوو، لێدوانی نادروست و دروستکردنی دەنگۆ لەسەر دراوی نیشتمانی وەک “تاوانی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی” مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و بە توندی سزای لەسەرە. لە عێراقدا، تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی دادوەری و بانکی ناوەندی سنوورێک بۆ بێسەروبەریی لێدوانی سیاسی و هەواڵی چەواشەکار دانەنێن، بەهای دینار و گیرفانی هاووڵاتی وەک بارمتە لەنێوان مایکرۆفۆنی سیاسییەکان و ململانێی بینەری میدیاکاندا دەمێنێتەوە.





