ئەو سێ سەرۆک وەزیرانەی گیرفانی خەڵک و ئابووریی عێراقیان وێرانکرد

لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا سێ سەرۆک وەزیرانی عێراق (مستەفا کازمی، محەمەد شیاع سودانی، عەلی زەیدی) کە یەک لە دوای یەک بوونە سەرۆک وەزیران، بە چەندین بڕیار وایانکرد خەڵک و ئابووری عێراق زیانی گەورەیان پێبگات، هەرچەندە عەلی زەیدی چەند مانگێکە سەرۆک وەزیرانە، بەڵام لە نوێترین بڕیاریدا خەریکە دۆخێکی سەخت بۆ ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دروست دەکات.

کابینەی مستەفا کازمی (ئایاری 2020 – تشرینی یەکەمی 2022)

کازمی لە دۆخێکی دارایی پڕ لە کورتهێنان و دوای قەیرانی کۆرۆنا و دابەزینی نەوت دەسەڵاتی گرتە دەست، بەڵام چەند بڕیار و ڕووداوێکی سەرەکی زیانی ڕاستەوخۆیان بە گیرفانی هاووڵاتی و خەزێنەی دەوڵەت گەیاند:

دابەزاندنی بەهای دینار (کانوونی یەکەمی 2020)
بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار درا لە 1182 دینارەوە بۆ 1450 دینار لە وەزارەت و 1470 دینار لە بازاڕ (داشکاندنی بەهای دینار بە ڕێژەی نزیکەی 23%).

زیانەکانی بریتی بوون لە هەڵاوسان بە خێرایی بۆ زیاتر لە 6% بۆ 7%، نرخی کەلوپەلی خۆراکیی و هاوردەکراو بە ڕێژەی 15% تا 25% لە بازاڕەکاندا گران بوو، و بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی پلاندانان ڕێژەی هەژاری لە عێراق بۆ نزیکەی 25% لەو ساڵەدا بەرزبووەوە.

دۆسیەی دزینی باجەکان (دزیی سەدە)

لە ماوەی نێوان ئەیلوولی 2021 تا ئابی 2022، بڕی 3.7 ترلیۆن دیناری عێراقی (نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار) لە هەژماری دەستەی گشتیی باج لە ڕێگەی 247 چەکی بانکییەوە بۆ 5 کۆمپانیای وەهمی ڕاکێشرا.

ئەم دۆسیەیە لە کۆتایی کابینەکەی کازمیدا ئاشکرا بو و بووە هۆی لەدەستچوونی متمانەی نێودەوڵەتی بە سیستەمی کۆنترۆڵی دارایی عێراق.

کابینەی محەمەد شیاع سودانی (تشرینی یەکەمی 2022 تا ئایاری 2026)

سودانی بە بەڵێنی چاکسازیی ئابووری و سەقامگیرکردنی بەهای دراو هاتە سەر حوکم، بەڵام ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەنگژەی گەورەی دارایی و هەڵئاوسانی خەرجییەکان بووەوە.

لە شوباتی 2023، حکومەت نرخی فەرمی دۆلار بەرامبەر بە دیناری بۆ 1300 بۆ 1320 دینار دابەزاند، بەڵام بەهۆی چاودێریی توندی بانکی فیدراڵی ئەمریکا لەسەر حەواڵەکان و سزادانی زیاتر لە 28 بانکی ناوخۆیی عێراق لە مامەڵەی دۆلار، نرخی بازاڕ لە دەوروبەری 1480 تا 1530 دینار مایەوە.

جیاوازیی نرخی فەرمی و بازاڕ (کە دەگاتە زیاتر لە 150 بۆ 200 دینار لە هەر دۆلارێکدا) ڕۆژانە قازانجێکی زەبەلاحی بۆ باندەکانی قاچاخ و سپیکردنەوە دروست کرد و زیانی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیریی نرخی کاڵا گەیاند.

گەورەترین بوودجەی بەکاربردن لە مێژووی عێراق (یاسای بوودجەی سێ ساڵە)

بوودجەی گشتی بۆ ساڵی 2023 بە قەبارەی 198 ترلیۆن دینار (نزیکەی 152 ملیار دۆلار) پەسەند کرا، بە کورتهێنانی پێشبینیکراوی نزیکەی 64 ترلیۆن دینار (نزیکەی 49 ملیار دۆلار).

خەرجیی مووچە و خانەنشینی لە نزیکەی 40-45 ترلیۆن دینارەوە بەرز کرایەوە بۆ زیاتر لە 59 ترلیۆن دینار دوای دامەزراندنی زیاتر لە 700 هەزار تا 1 ملیۆن فەرمانبەری نوێ و گرێبەست، کە ئابووریی عێراقی زیاتر لە 90% بەستەوە بە داهاتی نەوت و کەرتی گشتیی بێبەرهەمەوە.

قۆناغەکانی بەهێزی و پاشان پاشەکشەی دینار بەرامبەر دۆلار

قۆناغی زێڕین و جێگیری (1932 – 1980)

کاتێک دیناری عێراقی لە ساڵی 1932 کەوتە گەڕ، سەرەتا بە پاوەندی ئیستەرلینی بەسترابووەوە و یەک دینار یەکسان بوو بە یەک پاوەند.

لە پەنجاکان و حەفتاکاندا، دینار لە ڕیزی بەهێزترین دراوەکانی جیهاندا بوو بەهۆی یەدەگی زێڕ و هەناردەی نەوت. یەک دیناری عێراقی بەرامبەر زیاتر لە 3.2 بۆ 3.3 دۆلاری ئەمریکی بوو (واتە دۆلارێک یەکسان بوو بە نزیکەی 0.3 دینار).

قۆناغی شەڕ و گەمارۆی ئابووری (1980 – 2003)

شەڕی ئێران و عێراق لەساڵانی (1980–1988)، خەرجییە سەربازییەکان و قەرزە دەرەکییەکان بەهای دیناریان لاواز کرد، بەڵام حکومەت بە فەرمی پارێزگاری لە نرخی تەقلیدی دەکرد لە کاتێکدا لە بازاڕی ڕەشدا دادەبەزی.

داگیرکردنی کوێت و گەمارۆی نێودەوڵەتی (1990–2003) گەورەترین داڕمانی مێژوویی دینار لێرەدا ڕوویدا. دوای سەپاندنی سزاکان، چاپی بێ‌سەرپەرشتیی دراو لە ناوخۆدا (ناسراو بە “دیناری تەبع”) دەستی پێکرد.

یەک دۆلار لە سەرەتای نەوەدەکان گەیشتە زیاتر لە 1000 دینار، لە کۆتایی نەوەدەکان و ساڵی 2002دا، دۆلارێک گەیشتە نزیکەی 2000 بۆ 3000 دینار.

دوای 2003 و لەدایکبوونی دیناری نوێ

گۆڕینی دراو (2003–2004) لە سەردەمی دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانان (پۆڵ بریمەر)، چاپە کۆنەکان هەڵوەشێنرانەوە و دیناری نوێی عێراقی خرایە گەڕ. لەو کاتەدا نرخی یەک دۆلار لە دەوروبەری 1900 بۆ 2000 دینار بوو.

پەیڕەوکردنی سیستەمی (پەنجەرەی فرۆشتنی دراو): بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی ڕۆژانە دۆلاری دەخستە ڕوو تا بەهای دینار بەرز بکاتەوە و جێگیری بکات. لە نێوان ساڵانی 2007 تا 2020، نرخەکە لە دەوروبەری 1180 بۆ 1200 دینار بۆ هەر دۆلارێک جێگیر کرا.

عەلی زەیدی و یەکەم بڕیاری سەخت

حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، ڕۆژی سێشەممە بەهای دۆلاری لە 150 هەزار دینار جێگیرکرد، بەوەش جارێکی دیکە بەهای دینار گۆڕانکاریی بەسەردا هات کاتێک لە کۆتایی 2020دا و لە حکومەتەکەی کازمی بەرزکرایەوە بۆ 1450 بۆ 1470 دینار، دواتر لە شوباتی 2023 لە حکومەتەکەی سودانی دابەزێندرایەوە بۆ 1300 بۆ 1320 دینار. ئەوەی ئێستا لە بازاڕی تەریب (بازاڕی ڕەش) دەبینرێت ئەوەیە؛ لە دەوروبەری 178 بۆ 180 هەزار دینار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

Back to top button