ئەو وڵاتانەی وەک دهۆک داگیرکەران دارستانەکانیان بڕینەوە

بڕینەوە و تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان بە تایبەت دارستانەکان، لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چەندین جار بووەتە هۆی تەقینەوەی ململانێی دیپلۆماسی، یاسایی، و تەنانەت شەڕی سەربازیی. لە یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەم دیاردەیە لە ژێر چەمکەکانی “تاڵانکردنی سەردەمی داگیرکاری”و “تاوانی ژینگەیی” و پێشێلکردنی “سەروەریی خاک” لێکدەدرێتەوە، لەمێژوودا کەم نین ئەو ڕووداوانەی بەهۆی دارستانەکانەوە بوەتە سەرچاوەی کێشەی گەورەی سیاسی، دیبلۆماسی و سەربازیی.

ململانێی کەمبۆدیا و تایلەند (دەیەی 1990)

لە کاتی شەڕی ناوخۆی کەمبۆدیا، هێزەکانی خمیر سوور دارستانە دەوڵەمەندەکانی کەمبۆدیایان لەسەر سنوور دەبڕییەوە و بە ڕێککەوتنی ژێربەژێر لەگەڵ ژەنەڕاڵ و کۆمپانیاکانی تایلەند دەیانفرۆشتە ناو خاکی تایلەند.

کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی نوێی کەمبۆدیا داوای ڕاگرتنی ئەمەیان کرد، سوپای تایلەند سەرەتا بەرگریی لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆی کرد، ئەمەش قەیرانێکی گەورەی دیپلۆماسی لە نێوان بانکۆک و پنۆم پێن دروستکرد.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1992 بە بڕیاری ژمارە 792 سزای بەسەر هەناردەکردنی داری کەمبۆدیادا سەپاند و تایلەندی ناچار کرد سنوورەکانی دابخات، چونکە داربڕینەکە بووبووە هۆی شێواندنی ئیکۆلۆژیای ناوچەکە و دابینکردنی سەرمایە بۆ چەکداری نایاسایی.

داگیرکاریی ئەڵمانیا بۆ فەرەنسا (جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم) و تاڵانکردنی دارستانەکان

لە هەردوو جەنگدا، بە تایبەت لە سەردەمی نازییەکان (جەنگی دووەم)، دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئەڵمانیا دەستیان بەسەر دارستانە گەورەکانی فەرەنسا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا گرت و بە قەبارەیەکی بێشومار داریان دەبڕییەوە و دەیانگواستەوە بۆ ناو ئەڵمانیا، بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە تۆڕی هێڵی ئاسن، کانی خەڵوز، و بیناسازیی.

دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، ئەم پرسە تەنها وەک زیانی دارایی سەیر نەکرا، بەڵکو خرایە ناو دۆسیەی دادگاییکردنی سەرکردەکانی جەنگ، لە دادگاییکردنی نۆرنبێرگ، بڕینەوە و تاڵانکردنی دارستانەکان بەشێک بوو لە تۆمەتی تاڵانکردنی سامانی دەوڵەتی داگیرکراو، کە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی لاهای ساڵی 1907 بوو، و فەرەنسا داوای قەرەبووی مادی و ژینگەیی لە ئەڵمانیا کرد.

کۆنگۆ و دەوڵەتانی دراوسێ (ڕواندا و ئۆگەندا) و دۆسیەی دادگای دادی نێودەوڵەتی

لە ماوەی جەنگەکانی کۆنگۆ (1998–2003)، هێزە چەکدارەکانی ئۆگەندا چوونە ناو خاکی کۆنگۆوە و جگە لە کانییەکان، بەشێکی فراوانی دارستانی ئەو ناوچانەیان بڕییەوە و داری گرانبەهایان ڕەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرد.

کۆنگۆ سکاڵای لە دادگای دادی نێودەوڵەتی تۆمار کرد، لە بڕیارەکەی ساڵی 2005، دادگاکە ئۆگەندای بەوە تاوانبار کرد کە وەک هێزێکی داگیرکەر بەرپرسیارە لە تاڵانکردنی سامانە سروشتییەکان (لەوانەش دارستانەکان) و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی، و دواتر ئۆگەندای ناچار کرد ملیۆنان دۆلار قەرەبوو بدات.

ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاوا: ڕیشەکێشکردنی دارە زەیتوونەکان

سوپای ئیسرائیل و نشینگە نشینەکان دەیان هەزار داری زەیتوونی دانیشتووانی فەلەستینی دەبڕنەوە یان ڕیشەکێشیان دەکەن بە پاساوی “ئەمنی” یان بۆ دروستکردنی دیوار و شەقامە سەربازییەکان.

ئەم بابەتە لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک نموونەی “سزادانی بەکۆمەڵ” و سڕینەوەی شوناسی ئابووری و ژینگەیی تۆمار کراوە، و چەندین کێشەی دیپلۆماسی و یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستکردووە.

ئێستاش کە تورکیا دەستیکردووە بە برینەوەی دارستانەکانی بادینان، شارەزایان دەڵێن دارستانەکانی بادینان تەنها دار نین؛ سیستەمی بەرگریی خاک، پارێزەری ئاو و هەوا، و بژێوی دانیشتووانی ناوچەکەن.

تورکیا لەسەرەتادا ئەو کارەی بۆ ئەوە دەکرد کە ڕێگرییە لە هاتوچۆی گەریلا یان دروستکردنی پێگەی سەربازی، بەڵام گواستنەوەی دارەکان بە بارهەڵگر بۆ کۆمپانیاکانی باکوور و بازاڕی تورکیا، کردەوەکەی لە پێداویستیی سەربازییەوە گۆڕیوە بۆ تاڵانکردنی ئابووریی و دەرکەوت شەڕی پەکەکە پاساو بووە بۆ تورکیا ئەگەر نا لە بنەڕەتدا تورکیا وەک کارێکی بازرگانیی تەماشای بڕینەوەی دارستانەکانی کردووە.

پێشینەی بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتی دژ بە ئۆگەندا دەکرێت وەک نموونەیەکی بەهێز بهێنرێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پابەند بکرێت بەوەی لە ڕێگەی دیپلۆماسی و یاسای نێودەوڵەتییەوە داوای ڕاگرتن و قەرەبووی ژینگەیی لە ئەنقەرە بکات.

Back to top button