فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئاسمانی عێراقدا چاوەڕێی شەوە درێژەکانی ئێران دەکەن بۆ جێبەجێکردنی هێرشەکەیان

بەگوێرەی زانیاریی بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوە ئاگادارەکان لە گفتوگۆکان، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی دیاریکراویان بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران لە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا ئامادە کردووە.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پلانەکان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی خێرا بەڵام چڕ، هەردوو سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل ئاستی مانۆڕەکانیان زیاد کردووە و فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ئاسمانی عێراقدا بۆ مەشقکردن لەسەر تاکتیکەکانی جێبەجێکردنی هێرشەکان دەفڕێنن. بەرپرسانی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە کە پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ئەم هەفتەیە لە ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیران کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی ئەو هێرشە چاوەڕوانکراوانە.

ئەگەری زۆرە لیستی ئامانجەکان دامەزراوەکانی وزەی ئێران، بنکە ئەتۆمییەکان و کۆگاکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بگرێتەوە. هەندێک لە بەرپرسان پێیان وایە کە ئەنجامدانی گەڕێکی دیکەی گەورەی هێرشەکان رەنگە ئابووریی ئێران بەرەو لێواری داڕمان ببات و دوای نزیکەی هەشت مانگ لە ململانێی خوێناوی، تاران ناچار بکات سازشی دیپلۆماسی بکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، پاساوی بەهێز هەن بۆ گومانکردن لەوەی کە جەنگێکی نوێ بتوانێت ئەنجامێکی باشتر لە قۆناغی یەکەمی هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەنێوان مانگەکانی شوبات و نیساندا بەدەستبهێنێت؛ چونکە ئەو گەڕانەی هێرشکردن بوونە هۆی بەرزبوونەوەیەکی توندی نرخی وزە و رێژەی هەڵاوسان لە سەرانسەری جیهاندا، ئاسایشی هەرێمییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لاواز کرد و کۆگاکانی پێنتاگۆنیشیان لە مووشەکی بەرگری و بەرپەرچدانەوە بەتەواوی ماندوو کرد.

سەرەڕای ئەمانەش، هیچ گەرەنتییەک نییە کە ترەمپ رەزامەندی لەسەر ئەو هێرشە نوێیانە بدات، چونکە ئەمساڵ چەندین جار مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە بۆ پەکخستنی پلانەکانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان، لەوانەش پاشگەزبوونەوەکەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کاتێکدا کە هەردوو سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل خەریک بوو دەگەیشتنە ئەوپەڕی ئامادەیی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە.

سەرجەم ئەو بەرپرسانەی رۆژنامەکە پشتی پێ بەستوون، بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناسنامەیان قسەیان کردووە، تاوەکو بەوپەڕی راشکاوییەوە تاوتوێی پلانە سەربازییە زۆر هەستیارەکان بکەن.

لە بەرامبەردا، بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەمجارە لە رێگەی فراوانکردنی بازنەی ئامانجەکانەوە وەڵام دەدەنەوە، بە جۆرێک کە تەنیا کەشتییە بازرگانییەکان و دامەزراوەکانی وزە لە ناوچەکەدا نەگرێتەوە، بەڵکو بگاتە بەئامانجگرتنی ناوەندەکانی داتا و کێبڵەکانی ئینتەرنێت لە بنی دەریاکاندا. هەروەها ئێرانییەکان دووپاتی دەکەنەوە کە شەڕەکە نە خێرا دەبێت و نە سنووردار.

لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان جبەخانەیەکی سەربازیی زەبەلاح کۆدەکاتەوە کە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا ئامادەکارییەکانی تەواو دەبێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بەردەوامن؛ دانوستانکارانی ئەمریکا کارتی ئەگەری گەڕانەوە بۆ جەنگ وەک ئامرازێکی گوشار لەسەر ئێران بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و تووندکردنەوەی کۆنترۆڵ بەسەر جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمزدا.

بەڵام دانوستانکارە ئێرانییەکان تاوەکو ئێستا رەتیدەکەنەوە هیچ سازشێک لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە بکەن و پێداگرن لەسەر دواخستنی ئەو دۆسیەیە بۆ قۆناغەکانی دواتری دانوستانەکان.

هەندێک لە داڕێژەرانی پلانی سەربازیی ئەمریکا بڕوایان وایە کە هەڵمەتێکی ئاسمانیی چڕی سێ رۆژە، توانای هەیە زیانێکی ئابووریی قورس بە ئێران بگەیەنێت کە بەس بێت بۆ ناچارکردنی تاران بە گۆڕینی هەڵوێستەکەی.

بەڵام پێشبینییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە داڕمانی ئێران چەندین جار بێ سوود دووبارە بوونەتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی رۆژئاوا سەرنج دەخەنە سەر توانای حکومەتی ئێران لە هەڵمژینی ئەو گوشارە خنکێنەرانەی کراونەتە سەر ئابوورییەکەی.

دانا سترۆڵ، کە لە سەردەمی بایدندا لە پێنتاگۆن بەرپرسی سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو روونی دەکاتەوە: لەم قۆناغەی ململانێکەدا، بەڕوونی دەرکەوتووە کە هەڵمەتە سەربازییە تەقلیدییەکان، شانبەشانی سزا ئابوورییە تووندەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا، سەرکەوتوو نەبوون لە گەڕاندنەوەی رژێمەکە بۆ سەر مێزی دانوستان بە شێوەیەکی جیدی.

سترۆڵ، کە ئێستا توێژەرە لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک، دەشڵێت کە ترەمپ و نەتەنیاهۆ پاساوێکی بڕواپێکەریان نەخستووەتە روو کە روونی بکاتەوە چۆن جەنگی زیاتر دەتوانێت چارەسەری ئەم چەقبەستووە ستراتیژییە بکات، لە ناوچەیەکدا کە نوقمی ململانێ بووە و سەقامگیریی تێدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، رەنگە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە بڕیارە لە 27ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەبچێت، کارتەکانی ئەو پلانانە تێکەڵ بکات؛ شارەزایان پێیان وایە دۆڕانی نەتەنیاهۆ دەیکاتە سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر، ئەمەش ئەرکی هەڵگیرساندنی جەنگێکی فراوانی لەبەردەمدا ئاڵۆز دەکات.

بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە نەتەنیاهۆ دەتوانێت ئەنجامدانی هێرشێکی نزیکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بقۆزێتەوە بۆ گوشارخستنە سەر نەیارەکانی و ناچارکردنیان بە هاتنە ناو حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی جەنگەکە، ئەمەش مانەوەی لە دەسەڵاتدا مسۆگەر دەکات. پێشتریش نەتەنیاهۆ لە دوای هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حکومەتێکی فریاگوزاریی پێکهێنابوو کە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لەناو ئەنجوومەنی بچووککراوەی جەنگدا کۆکردبووەوە بۆ بەشداریکردن لە بڕیارە ئەمنییەکاندا.

مازاڵ موعالیم، شرۆڤەکاری سیاسی و نووسەری ژیاننامەی نەتەنیاهۆ دەڵێت: ئەو دەتوانێت ئەم بژاردەیە بۆ بانگهێشتکردنی حکومەتێکی فریاگوزاریی فراوان بەکاربهێنێت، بەڵام رووبەڕووی گومانێکی قووڵی رکابەرە سیاسییەکانی دەبێتەوە. دۆخەکە جیاوازە ئەگەر ئێران هێرشەکە دەستپێبکات، بەڵام دەستپێشخەریکردن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی قورس، ئەرکێکی زۆر سەخت و ئاڵۆز دەبێت لەبەردەمیدا.

کۆکردنەوەی هێزە سەربازییە زەبەلاحەکانی ئەمریکا — کە سێ گرووپی هێرشبەری سەر بە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان، هەزاران سەربازی پیادەی دەریایی (مارێنز)، فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لەخۆدەگرێت — تاوەکو سەرەتای مانگی تشرینی دووەم تەواو نابێت. هەروەها سوپای ئەمریکا پێی باشترە هێرشەکانی لەژێر پەردەوە ئەنجام بدات، ئاسمانی ئێرانیش لەگەڵ سەرەتای مانگی داهاتوودا کاتژمێرەکانی شەوی درێژتر دەبێت.

ترسەکان لە خزانی ململانێکە بەرەو رووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیری هەرێمیی روو لە زیادبوونن؛ رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە کارمەندە ناپێویستەکانی و خێزانەکانیان کرد کە سعوودیە جێبهێڵن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی هێرشی گرووپی حووسییەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن تارانەوە بۆسەر سعوودییە.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە ئیدارەی ئەمریکا خۆی بەدوور دەگرێت لە لێدواندان لەسەر هەر پلانێکی سەربازی جا لە ئارادا بێت یان نا، و دووپاتی کردەوە کە ترەمپ سەرجەم بژاردەکان لەسەر مێزەکەی دەهێڵێتەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

هەندێک لە بەرپرسان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە ئەمجارە ئامانجەکان پاڵاوگەکانی نەوت و دامەزراوە هەستیارەکانی وزە بپارێزێت، بەهۆی خواستی زۆری ترەمپ بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەیەکی دیکەی نرخی سووتەمەنی.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هەردوو سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی ئۆپەراسیۆنن کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەکاتە ئامانج. رەنگە ئەمەش لێدانی بنکەی ئەتۆمیی قایمکراوی کێوی تەور لە قووڵایی زەویدا بگرێتەوە.

ترەمپ هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو کە تاوتوێی بەکارهێنانی بۆمبی (GBU-43/B) لە بنکەی کێوی تەور، دەکات کە بە دایکی بۆمبەکان ناسراوە و کێشەکەی 22 هەزار پاوەندە،.

بەڵام شارەزایانی چەک روونی دەکەنەوە کە ئەو بۆمبە لەسەر رووی زەوی دەتەقێتەوە و شەپۆلێکی تەقینەوەی یەکجار فراوان دروست دەکات، بۆیە ئەگەری زۆرە نەتوانێت دامەزراوەیەک لە قووڵایی تاشەبەردە گرانیتەکانی وەک کێوی تەور وێران بکات. هەروەها فەرماندە سەربازییەکان هۆشداری دەدەن کە فڕێدانی ئەم بۆمبە پێویستی بە بەکارهێنانی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری خاوی جۆری (MC-130) هەیە، ئەمەش دەیکاتە ئامانجێکی ئاسان و ئاشکرا لەبەردەم سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێراندا.

بەپێی پشتڕاستکردنەوەی بەرپرسە سەربازییە ئاگادارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، واشنتن و تەلئەڤیڤ لە سەرەتای ئەم مانگەدا زۆر نزیک بوون لە لێدانی ئێران، بەڵام ترەمپ لە دوایین ساتەکاندا بڕیاری دواخستنی هێرشەکەی دا. بڕیارەکە راستەوخۆ بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە درا، دوای ئەوەی هەردوو سوپا ئامادەکارییەکی لۆجستیی فراوانیان تەواو کردبوو و هێزە ئاسمانییەکانیان خستبووە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە.

بەرپرسانی ئێران دووپاتی دەکەنەوە کە بەتەواوی ئاگاداری پلانە جەنگییەکانی ئەمریکان و ئاماژە بەوە دەکەن کە کار لەسەر دیاریکردنی ئامانجی نوێ و تاکتیکی مەیدانیی بێپێشینە دەکەن.

پەیمان ساڵحی، شرۆڤەکاری سیاسی لە تاران، پێی وایە بەئامانجگرتنی کێوی تەور بە جێبەجێکردنی پلانی تۆڵەسەندنەوە وەڵام دەدرێتەوە کە لێدانی گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوت لە سعوودیە، بە دامەزراوەکانی ئارامکۆشەوە دەگرێتەوە، بە مەبەستی گڕتێبەردان و بەرزکردنەوەی دەستبەجێی نرخی نەوت و وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.

ساڵحی روونی دەکاتەوە: جەنگ فێری کردین کە باشترین کارتی گوشار لەسەر ترەمپ، بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و بەرهەمەکانی وزەیە، چونکە زیانەکەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەر هاووڵاتیی ئەمریکی دەکەوێت.

لە لای خۆیەوە، مەهدی محەممەدی، راوێژکاری باڵای محەمەد باقر قالیباف، قسەکانی ئەمریکای لەبارەی یەکلاکردنەوەی گەڕێکی نوێی هێرشەکان دژی ئێران لە ماوەی 72 کاتژمێردا بە خەیاڵپڵاوی و وەهم وەسف کرد. ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە جەختی کردەوە کە ئێران تەنیا لایەنی رێگەپێدراوە بۆ دیاریکردنی کۆتایی جەنگەکە، و بانگەشەکانی ترەمپی لە مانگی شوباتی رابردوودا بیرخستەوە کە دەیگوت جەنگەکە لە دوو هەفتە زیاتر ناخایەنێت.

Back to top button