
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داواکارییەکی ئەمریکای بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران خستووەتە بەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵام سەرکردەکانی چوارچێوەکە داواکەیان ڕەت کردووەتەوە. چاودێران پێشهاتەکانی ئەم دواییە بۆ فشارەکانی ئەمریکا دەگەڕێننەوە کە ئامانجیان لاوازکردنی ئابووریی تاران و بێبەشکردنیەتی لە داهاتی هەناردەکردنی کاڵا بۆ عێراق، کە ساڵانە دەگاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار یان زیاتر.
داواکارییەکی ئەمریکی
حوسێن شیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، داواکارییەکی ئەمریکای خستووەتە بەردەم چوارچێوەی هەماهەنگی کە تایبەتە بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام سەرکردەکانی چوارچێوەکە بە هەموو شێوەیەک داواکەیان ڕەت کردووەتەوە”.
شیحانی دەشڵێت: ڕەتکردنەوەی داخستنی سنوورەکان تەنها پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی ئێرانەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە بەرژەوەندیی عێراقەوە، جەختیش دەکاتەوە کە عێراق ئامادە نییە پەیوەندییە بازرگانیی و کۆمەڵایەتیەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بپچڕێنێت.
ئەوەشی خستە ڕوو: زەیدی خاوەنی ژیری و لێهاتووییەکی سیاسیی وەهایە کە دەتوانێت بڕیارێکی نیشتمانیی عێراقی دابڕێژێت، بە جۆرێک ڕەچاوی سروشتی قۆناغەکە و لێکەوتەی بڕیارە پێشنیارکراوەکان بکات.
ئاژانسی ڕۆیتەرز دوێنێ چوارشەممە لە زاری بەرپرسێکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە بڵاوی کردەوە، دەسەڵاتداران دەروازەی سنووریی شەیب، کە دەروازەیەکی چالاک لەگەڵ ئێران داخستووە، ئەمەش بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕێکارە ئەمنییەکان و دانانی ئامێری پشکنین بۆ ڕێگریکردن لە بەقاچاخبردنی کەلوپەلی قەدەغەکراو، جەختیشی کردووەتەوە کە ڕێکارە ئەمنییەکانی ئێستای دەروازەی شەیب لاواز و ناتەواون.
دوو سەرچاوەی دیکەش بە ڕۆیتەرز-یان ڕاگەیاندووە، دەروازەکە بە ڕووی هاتوچۆی گەشتیاران، ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرە بازرگانییەکاندا تا کاتێکی نادیار داخراوە.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی ئەلحەدەس بڵاوی کردەوە کە عێراق بەنیازە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران بە تەواوی دابخات، ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڕیارەکە لەسەر داوای ئەمریکایە و لە چوارچێوەی پلانێکدایە بۆ گۆشەگیرکردنی ئابووریی تاران.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە دەسەڵاتدارانی عێراق دەروازەی شەیبیان بە تەواوی داخستووە، هاوکات باسی لە بوونی چەند ڕاپۆرتێک کردووە کە ئاماژە بە هەنگاوی بەغدا دەکەن بەرەو داخستنی ژمارەیەکی زیاتر لە دەروازە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، دەسەڵاتدارانی ئێران داخستنی دەروازەی سنووریی چەزابە-یان ڕاگەیاند کە دەکەوێتە بەرامبەر دەروازەی شەیبی عێراقی، ئەمەش تا کاتێکی نادیار و پشتبەستن بەو بڕیارەی کە دەڵێن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەرچووە.
لە بەرامبەردا، ئیحسان مەلیکزادە، سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتیی ئێران، جەختی کردەوە کە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ عێراق بە ڕووی هاتوچۆی گەشتیاراندا کراوەن، بەڵام قەرەباڵغییەکی کەم و دواکەوتن لە هاتوچۆی بارهەڵگرەکاندا هەیە.
پێشتریش حکومەتی عێراق دەروازەی سنووریی شەیبی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی داخستبوو، دوای ئەوەی لە 11ی ئەیلوولی ڕابردوودا بۆرییەکی نەوتی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان درۆنەکان لە هەمان دەروازەوە هاتبوونە ناوەوە و لە پارێزگای میسان لە باشووری عێراق هەڵدرابوون.
فشارەکانی ئەمریکا
لە لایەکی دیکەوە، عەقیل عەباس، ئەکادیمی و توێژەری سیاسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا باسی لەوەکرد، پێشهاتەکانی پەیوەست بە دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران پەیوەندییان بەو فشارە ئابوورییانەی ئەمریکاوە هەیە کە خراونەتە سەر تاران»، ئاماژە بەوەش دەکات کە زانیارییە بڵاوکراوەکان سەبارەت بەم ڕێکارانە پشت بە ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز و دامەزراوە میدیاییە ڕۆژئاواییەکانی دیکە دەبەستن، لە کاتێکدا سروشتی هەندێک لە جووڵە سنوورییەکان هێشتا بە وردی ڕوون نییە.
عەقیل عەباس پێی وایە، لە دەوروبەری ئێران، عێراق یەکێکە لە لاوازترین ئەڵقەکان لە ڕووی توانای کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانەوە، ئەمەش لە سایەی ئەو ئاڵنگارییە ئابووری و چاودێرییانەی ڕووبەڕووی وڵات دەبنەوە، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ قۆستنەوەی دەروازەکان لە چالاکیی بازرگانی یان پرۆسەی قاچاخچێتیدا.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران ساڵانە بە بەهای نێوان نۆ بۆ 10 ملیار دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق دەکات، وای دەبینێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی فشاری ئابووری بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوە بازرگانییەکانی ئێران، هەوڵ دەدات تاران لە سوودوەرگرتن لەم داهاتە بێبەش بکات.
هەروەها ئاماژە بە ڕووداوێک دەکات کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویداوە و دەڵێت: گێڕانەوەی جیاواز لەسەر ڕووداوەکە هەیە؛ یەکێک لە گێڕانەوەکان باس لە کێشەیەکی تەکنیکی دەکات، لە کاتێکدا گێڕانەوەی دیکە ئاماژە بە گەیشتنی ئامێری پێشکەوتوو دەکات لە ئێرانەوە بۆ عێراق وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕێکی چاوەڕوانکراو لە داهاتوودا، بەبێ ئەوەی زانیاریی پشتڕاستکراوە هەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ڕاستیی هیچ کام لەم گێڕانەوانە.
عەباس جەخت دەکاتەوە کە نابێت وەک ڕووداوی دابڕاو لە یەکتر سەیری ئەم پێشهاتانە بکرێت، بەڵکو دەبێت لە چوارچێوەیەکی فراوانتری فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ئەگەرە ئەمنییەکانی پەیوەست بە جووڵەی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات تەماشا بکرێن، لەگەڵ بەردەوامیی تەمومژ لەسەر سروشتی هەندێک لەو ڕووداوانەی باس دەکرێن.
دراوی ساختە
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی دەروازە سنوورییەکان دوێنێ چوارشەممە دەستگیرکردنی گەشتیارێکی عێراقیی لە دەروازەی سنووریی شەیب ڕاگەیاند، کە بڕێک پارەی ساختەی لە دراوی بیانی و ناوخۆیی پێبووە و نیازی هەبووە بیهێنێتە ناو وڵاتەوە.
لە چالاکییەکی دیکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی شەلامجە تۆمەتبارێکی عێراقیی دەستگیر کرد کە بڕێک پارەی ساختەی لە دراوی ناوخۆیی لە جۆری ٢٥ هەزار دیناری پێبووە و بە شێوەی دوو بەش لەناو جزدانی تایبەتی خۆیدا شاردبوویەوە.





