
شەوی ڕابردوو بڕیارێکی دادگای کارگێڕیی سلێمانی سەر بەئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان بڵاوبووەوە، کە بهگوێرهى بڕیارەکە، تەواوی فەرمانێكى پێشوی پارێزگاری سلێمانی ههڵوهشاندهوه کە ڕێگەی دەدا بەتۆمارکردنی موڵک، شوقەو خانوبەرە بەناوی هاوڵاتیانی عەرەبی عێراقیو بیانی بەناونیشانی (گەشەپێدانی بواری گەشتیارییو ئابوریی). ئەم هەواڵە هەرزوو بووە مامەیەی شۆک، زۆر کەس پرسیاریان لە ئایندەی بازاڕی خانووبەرە لە سلێمانی دەکرد، کەسانێکی دیکەش باسیان لەوە دەکرد ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، لێکەوتەی گەورەی ئابووریی بۆسەر سلێمانی دەبێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کورد مۆنیتەر لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار دەستیکەوتووە، هەر لەدوای بڵاوبوونەوەی بڕیارەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ دادگای سلێمانی کەوتووەتە سەر خەت، وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی: داوا لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوە کراوە ڕوونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە بدات.
کاتژمێرێک بەسەر بڵاوبوونەوەی بڕیارەکەی دادگای کارگێڕی تێنەپەڕیبوو کە دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هیچ بەربەستێک نییە لەبەردەم هاوڵاتیانی عێراق شوقە و خانویان بەناوەوە بکرێت.
لە ڕووی ئابوورییەوە، بەردەوامبوونی ئەم مشتومڕە یاساییە ڕەنگە کاریگەری بکاتە سەر بڕیاری کڕیاران و وەبەرهێنەران، بەتایبەت ئەگەر گۆڕانکاریی لە ڕێکارەکانی تۆمارکردنی خانووبەرەدا بێتە ئاراوە، یان دۆخێک لە ناڕوونی سەبارەت بە مەرجەکانی خاوەندارێتی دروست ببێت.
هەروەها، ئەو کۆتوبەندە چاوەڕوانکراوانە دەکرێت ڕەنگدانەوەیان لەسەر قەبارەی خواست لە بازاڕی خانووبەرە، جووڵەی وەبەرهێنان و هاتنی دانیشتووان بۆ سلێمانی هەبێت، لە شارێکدا کە لە بنەڕەتدا بەدەست قەیرانێکی ئابووریی خنکێنەرەوە دەناڵێنێت و بە پلەیەکی زۆر پشت بەو گەشتیارانە دەبەستێت کە لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ڕووی تێدەکەن.
قۆناغی داهاتووش بەستراوەتەوە بە ڕێڕەوی دادوەریی بڕیاری ژمارە (57/ک/2026) و ئەوەی کە ئایا تانەی لێ دەدرێت یان پلەی کۆتایی وەردەگرێت، سەرەڕای هەڵوێستی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە لەسەر مامەڵە نوێیەکان، یەکلاییکردنەوەی ئەم مشتومڕەش پێویستی بە بینینی دەقی تەواوی بڕیارەکە و هۆکارەکانی، دڵنیابوونەوە لە ڕێکارە دادوەرییەکانی دواتر و دەستخستنی ئاماری فەرمی سەبارەت بە مامەڵەکانی تاپۆکردن و گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان لە پارێزگاکەدا هەیە.
لێکەوتەكانی لەسەر وەبەرهێنان
بڕیارەکە لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر دۆخی ئابووری، کەرتی خانووبەرە و جووڵەی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی دەبێت، چونکە لە سلێمانی زیاتر لە 25 پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون هەن کە کاریان تێدا دەکرێت، هەزاران شوقە و خانوو کە هێشتا تەواو نەکراون بە هاووڵاتییانی عەرەب فرۆشراون و تا ئێستا نەخراونەتە سەر ناویان، ئەمەش کێشەیەکی گەورە دروست دەکات.
زۆربەی کۆمەڵگە نوێیەکانی نیشتەجێبوون بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کڕیارە عەرەبەکان دەبەستن کە ڕێژەی نزیکەی 40٪ پێکدەهێنن، ئەوانن کە بازاڕی خانووبەرە دەجووڵێنن، بۆیە ئەو بازاڕە تووشی گورزێکی گەورە دەبێت و دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی خانوو و شوقە بە بڕی لایەنی کەم بە نزیکەی 10 هەزار دۆلار، جگە لەوە سەدان وەبەرهێنەری عەرەب هەن کە لەناو سلێمانی و زۆربەی شارەکانی هەرێمدا خاوەنی کۆمپانیا، کارگە و بانکن. سەرمایەش بەوە ناسراوە کە ترسنۆکە، بۆیە دوودڵی یان وەستان لە وەبەرهێنان لە سەرجەم شارەکانی کوردستاندا دروست دەبێت، لە ترسی ئەوەی نەوەک ئەزموونەکەی سلێمانی بەسەر شارەکانی دیکەی هەرێمیشدا بگشتێنرێت.
سلێمانی دڵنیایی دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی رۆژی پێنج شەممە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، مامەڵەی کڕین و فروشتنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و یاساکانی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی وەک خۆیان جێبەجێ دەکرێن و هیچ گۆڕانکارییەک لە مافی خاوەندارێتیی یاسایی دروست نەبووە.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، تەواوی هاوڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق بەبێ جیاکاری مافی یاسایی تەواویان هەیە بۆ خاوەندارێتیی کڕینی شوقەو خانوو و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی
وەبەرهێنانی سلێمانی دڵنیایی دەدات و دەڵێت “دڵنیایی تەواو دەدەینە تەواوی وەبەرهێنەران، کۆمپانیاکان و کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە سلێمانی وەک هەمیشە شارێکی کراوە، ئارام و پڕ لە دەرفەتی وەبەرهێنانە بۆ هەمووان، و سەرجەم مافە یاسایی و داراییەکانی وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان بەپێی یاسا بەرکارەکان پارێزراون”.
لە بەرامبەر ئەو هۆشدارییانەی کە باس لە مەترسیی سستبوونی بازاڕی خانووبەرە دەکەن، شارەزایانی ئابووریی لە سلێمانی پێیان وایە، کە کەمبوونەوەی خواستی دەرەکی لەسەر یەکەکانی نیشتەجێبوون، ڕەنگە ببێتە هۆی ڕاستکردنەوەیەکی تەندروست لە بازاڕدا. ڕەخنەگران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا، خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە سوودوەرگرتن لە زەویی بێبەرامبەری حکومەت و لێشاوی کڕیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، نرخی شوقە و خانووەکانیان بە شێوەیەکی دەستکرد و ناواقیعی بەرز کردووەتەوە، بە جۆرێک کە چین و توێژە ناوەند و کەمداهاتەکانی خودی شاری سلێمانی بە تەواوی لە بازاڕی کڕینی خانووبەرە کرانە دەرەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە، دابەزینی نرخی شوقەکان بە بڕی 10 هەزار دۆلار یان زیاتر، هێندەی کەمکردنەوەی قازانجی خەیاڵیی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانە، هێندە زیان نییە بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ ئەوەی نرخی زەوی و خانوو بگەڕێتەوە سەر ئاستی ڕاستەقینەی توانای دارایی دانیشتووانی شارەکە.





