نرخی کیلۆیەک زیو لە هەرێمی کوردستان 1000 دۆلار لە دووبەی زیاترە. خەڵکیش هەیە لە هەرێمی کوردستان پارەی پێشەکی داوە و 70 رۆژ چاوەڕێ دەکات بۆ ئەوەی زیوی لە کارگەکانی دەرەوە بۆ بێت و “مەترسی لەسەر ئەو پارەیە هەیە”.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر، لەماوەی لە 34 رۆژی رابردوودا، 53 تۆن و 400 کیلۆ زیو و 500 کیلۆ زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاوردەکراون، ئێستا لە بازاڕەکانی دووبەی، کیلۆیەک زیو بە نزیکەی دوو هەزار و 700 دۆلارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە 3 هەزار و 400 دۆلار دەفرۆشرێت. واتە 900 بۆ 1000 دۆلار جیاوازی لە [نرخی زیو بۆ] هەر کیلۆیەکدا هەیە.”
قازانجی ستاندارد بۆ کۆمپانیاکان لە هاوردەی هەر کیلۆیەک زیو، دەبێت تەنیا 25 دۆلار بێت، وەک چۆن لە زێڕدا تەنیا 150 دۆلارە، بەڵام ئێستا لە کوردستان بەهۆی نەبوونی چاودێری و شارەزایی، کەسانێک پەیدا بوون لە هەر کیلۆیەکدا سەدان دۆلار قازانج لە خەڵک وەردەگرن.
290 ملیۆن دۆلاری کوردستان لە مەترسیدایە
ئێستا نزیکەی 290 ملیۆن دۆلاری خەڵکی هەرێمی کوردستان وەک پێشەکی لای کارگەکانی زیوی دووبەی و تورکیایە، هەروەها سەرووی 200 ملیۆن دۆلار لە دووبەی و نزیکەی 90 ملیۆن دۆلاریش لە تورکیایە. ئەمە پارەی بازرگانانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکە کە نۆرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی زیو.
بازرگانی کورد پارەکە دەدات و 70 رۆژیش چاوەڕێ دەکات
مەترسییەکە لەوەدایە زۆرجار ئەم کۆمپانیایانە کاتێک قەبارەی پارەکە لایان زۆر دەبێت، مایەپووچبوونی خۆیان رادەگەیێنن و پارەی خەڵکەکە دەفەوتێت، وەک چۆن پێشتر لە سێکتەری زێڕدا چەندین کۆمپانیای هیندی و سووری لە دووبەی وایان کرد.
بازرگانی عەرەب لە وڵاتانی وەک لیبیا و میسر، بە هیچ شێوەیەک ئامادە نین تەنانەی 10 دۆلاریش پێشوەختە وەک پێشەکی بدەنە کارگەیەک، بەڵام بازرگانی کورد پارەکە دەدات و 70 رۆژیش چاوەڕێ دەکات.
کارگەکان فێڵ لە بازرگانی کورد دەکەن، کاتێک دەبینن نرخی زیو لە بازاڕدا گران بووە، دەڵێن مەکینەمان تێکچووە یان قاڵبمان شکاوە، تەنیا بۆ ئەوەی زیوەکە درەنگتر بدەنەوە و خۆیان لە بەرزبوونەوەی نرخەکە سوودمەند بن. خەڵکی ئێمەش ئەو ئارامگرییەی بەرامبەر بێگانە هەیەتی، بەرامبەر بازرگانی ناوخۆیی نیەتی.”
شارەزایان دەڵێن “زۆربەی ئەو کەسانەی ئێستا هاتوونەتە ناو بازاڕی زیو، کەسانی تازەن و ئەکادیمی نین. خەڵک هەیە هەموو سەرمایەکەی هێناوەتە ناو ئەم بوارە بەبێ ئەوەی بزانێت ئەگەر نرخەکان دابەزن چ کارەساتێکی بەسەر دێت، ئەم بازاڕەی ئێستا لە کوردستان هەیە بازاڕێکی ستاندارد نییە و تەنیا ئاڵوگۆڕ و سەرکێشییە. ئێمە پێمان ناخۆشە خەڵکی کوردستان زەرەرمەند بێت، بەڵام بەم شێوازە کڕین و فرۆشتنە، بەدڵنیاییەوە زۆربەیان زەرەر دەکەن.”
هاوکات بازرگانان ئەم هەفتەیە چاوەڕوانی دوو ئاماری هەستیار و گرنگی ئەمریکا دەکەن؛ رۆژی چوارشەممە ئاماری رەخساندنی هەلی کاری تایبەت لە ئەمریکا بۆ مانگی رابردوو بڵاودەکرێتەوە؛ رۆژی هەینیش ئاماری هەڵاوسان بۆ هەمان مانگ بڵاودەکرێتەوە. هەردوو ئامارەکە کاتژمێر 16:30 دەبن بە کاتی هەولێر.
کەمبوونەوەی رەخساندنی هەلی کار و کەمبوونەوەی هەڵاوسان، کاریگەریی ئەرێنییان دەبێت لەوەی هانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بدەن بەوەی رێژەی سوود کەم بکاتەوە، ئەوەش دەکرێت نرخی کانزاکانی وەک زێڕ و زیو بەرزبکاتەوە و دۆلار دابەزێنێت، بەپێچەوانەشەوە دەکرێت دۆلار بەرزببێتەوە و کانزاکان دابەزن.
هاوکات رۆژی هەینی، بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە عومان کۆبوونەوە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە. هەرچەندە ئێران سوربوونی خۆی لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم پێشانداوە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسییەکان تاڕادەیەک بەرزبوونەوەی نرخی زیویان سنووردارکردووە.





