
جارێکی دیکە چاوی تورکیا چووەتەوە سەر قەزای شەنگال (115 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای موسڵەوە دوورە) پاساوی تورکیا بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەتایبەتیش لە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی گەڕانەوەی 100 گەریلا و سەرکردەی پەکەکە لە حەسەکەوە بۆ ناوچەکانی چیای شەنگال و سنونێ.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: دەبێت بەغدا وانە لەو ڕووداوانەی ئەم دواییانە لە سوریا وەربگرێت. ئێوارەی دووشەممەی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکی پەخشیکرد، فیدان جەختی لەوە کردەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێتە کێشەیەکی سەرەکی لە عێراقدا و باسی لەوە کرد، کە هیچ ناوچەیەک لە تورکیا نییە کە ئەم ڕێکخراوە بتوانێت داگیری بکات، لەکاتێکدا ناوچەیەکی زۆری لە عێراق داگیرکردووە. پێشبینی ئەوەشی کرد کە گۆڕانکاری لە ناوچەکانی شەنگال و مەخمور و قەندیل لە عێراق ڕوودەدات و داوای لە حکومەتی عێراق کرد، سوور بێت لەسەر پەکەکە و ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکە ناتوانێت لە ناوچەی شەنگال بمێنێتەوە و نابێت لەوێ بێت.
قەزای شەنگال گەورەترین قەزای عێراقە، دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای موسڵ، سەر بە پارێزگای نەینەوە، هاوکات 50 کیلۆمەتر لە سنوری سوریاوە دوورە، لە قەزاکەدا شاخی شەنگال هەیە، نزیکە لە فیشخابوور و سنونێ و خانسور، هاوکات شەنگال 60 گوندی لەسەرە، نەتەوە جیاوازەکان لەوێ وەك عەرەب (هۆزی شەمەر، عوبێد، جەحیش، حەدیدیین) و کریستیانەکان، تورکمان و کوردانی ئێزیدی بوونیان هەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکراشیکرد، نزیکەی 20 کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حەشدی شەعبی فالح فەیاز ئەنجامداوە و وتی “شەنگال بە حەشدی شەعبی گەمارۆدراوە و من نزیکەی 20 چاوپێکەوتنم لەگەڵ سەرۆکی حەشدی شەعبی ئەنجامداوە. بیرۆکەی ئەوەم پێدان حەشد لە ڕێگەی وشکانی پێشڕەوی بکات و تورکیا ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی ئەنجام دەدات، دوو سێ ڕۆژ دەخایەنێت. ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە بەم سادەییە.” ئەو پێیوابوو بەغدا توانای ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی هەیە. فیدان لە کۆتاییدا وتی تورکیا لەگەڵ هەر حکومەتێک یان سەرۆک وەزیرانێکی هەڵبژێردراو لە عێراق کار دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە هەر کەسێک دەسەڵات بگرێتە دەست ئێمە لەگەڵیدا کاردەکەین.
لە پاش قسەکانی فیدان، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا کرد، باڵیۆز محەمەد حسێن بەحرلعلوم، بریکاری پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و بە دیبلۆماتکارە باڵاکەی تورکیای وتووە: لێدوانەکانی هاکان فیدان دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق، چونکە دۆسیەی شەنگال بابەتێکی تەواو عێراقییە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە بە هاوتا تورکیەکەی وتووە، عێراق ڕەتیدەکاتەوە دۆسیەی شەنگال بۆ کاریگەریی سیاسی یان سەربازیی بەرکابهێنرێت، لەبەرامبەریشدا باڵیۆزەکەی تورکیا وتویەتی: قسەکانی وەزیری دەرەوە کە کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، ئەنجامی هەڵە وەرگێڕان بووە بۆ زمانی عەرەبی، هاوکات باسی لەوەشکردووە، هاکان فیدان باسی لە بوونی پەکەکە کردووە، نەك بابەتی پەیوەست بە ناوخۆی عێراق و جەختی لەوەکردوەتەوە “تێڕوانینی وڵاتەکەی بۆ عێراق جێگیرە و ڕێز لە سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە دەگرن و دەست لە کاروبارەکانی وەرنادەن.
قسەکانی هاکان فیدان لەبارەی شەنگالەوە، پرسیاری زۆری لەبارەی چارەنووسی پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان ئەنقەرە و پەکەکە دروستکردووە، بەڵام ڕاوێژکارێکی حکومەتی عێراق کە قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد ئاماژەی بەوەدا، لەدوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی گەڕانەوەی 100 گەریلا لە سوریاوە بۆ عێراق و بە دیاریکراویش بۆ شەنگال، تورکیا هەستی بە بێزاریی و تووڕەیی کردووە.
ئەو ڕاوێژکارەی حکومەتی عێراق وتیشی: تورکیا پێیوایە عێراق جددیی نییە لە چارەسەرکردنی کێشەی پەکەکە، نەک توانای نیە”.
لەسەر توانای سوپای تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی وشکانیی، (کورد مۆنیتەر) لەگەڵ عەمید ڕوکن-ی خانەنشین (عەلی وەنداوی) قسەیکرد، ئەو باسی لەوەکرد “تورکیا ناتوانێت ئۆپەراسیۆنی وشکانیی بۆسەر شەنگال ئەنجامبدات، چونکە شەنگال 70 کیلۆمەتر لە قوڵایی عێراقدایە، بەر لەوەی بگەیتە شەنگال دەبێت بە 44 شار و شارۆچکەدا تێپەڕ ببیت، کە کۆنترۆڵیان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە، بۆیە گەیشتنی سەربازانی تورکیا بە چیای شەنگال ئەستەمە، بەڵام هێرشی ئاسمانی یەکێکە لە بژاردەکانی تورکیا”.
وەنداوی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە ڕێککەوتنەکانی نێوان تورکیا و عێراق نە لە ڕووی ئاو، نە ڕێگەی وشکانیی بۆ بازرگانیی، تەنانەت لە دۆسیەکانی پەیوەست بە هاریکاری دادوەریی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هیچ خاڵێکی ئەرێنی بوونی نیە.
هەڵوێستی نوێی تورکیا لەبارەی شەنگالەوە، پەیامێکی سیاسی و ئەمنییە بۆ عێراق، وەکچۆن فشارێکی توندیشە بۆ بەغدا، چونکە هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییە هەرێمییەکان. ئەنقەرە چاوی لەوەیە نەخشەی ناوچەکە لە سودی خۆی دابڕێژرێتەوە، بەتایبەت لەو شوێنانەی پەکەکە بونی تیایاندا هەیە.





