نرخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان؛ دەست بە گیرفاندا کردنێکی ئاشکرا و بێدەنگییەکی گەورەی خەڵک

لە جیهاندا تێگەیشتنێکی جیاواز بۆ نرخی کارەبا هەیە، وەك وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە دیاریکراویش عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەست نەکراوە بە نرخی هەر کیلۆواتێکەوە، بەزۆری نرخی کارەبا بەراورد دەکرێت بە مووچە پێوەرەکانی گونجاوی لەگەڵ گیرفانی خەڵک دا، نەک تەنها نرخی هەر کیلۆوات کاتژمێرێک.

کارەبای 24 كاتژمێریی لە هەرێمی کوردستان کە بە “پڕۆژەی ڕووناکی” ناسراوە، وردە وردە دەنگی ناڕەزایەتی لەنێو هاووڵاتیان بەرزکردوەتەوە، کۆمەڵگە دابەشی دوو بەرە بوون، بەرەیەکیان نرخی کارەبا بە “زۆر گران” دەزانن، بەرەیەکی دیکەش بە “گران”ی دەزانن، واتا تەواوی کۆمەڵگە یەکدەنگن لەسەر ئەوەی کارەبا گرانە، بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کەمینەیەکن بۆچونیان وایە “خەڵک کارەبا زۆر بەکاردەهێنێت، بۆیە نرخەکەی گرانە”.

لێرەدا بە زانستی ئابووریی مامەڵە لەگەڵ نرخی کارەبا دەکەین

داهاتی مانگانەی تاك پارەی کارەبای لێ دەردەکرێت، ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە ڕێژەی سەدی لێ دەردەکرێت و بەوەدا دەردەکەوێت ڕێژەی چەند لە داهاتەکە بۆ پارەی کارەبا دەڕوات، بەمشێوەیە:

مووچەی مانگانەی کەسێک: 500 دۆلار

پارەی مانگانەی کارەبا: 75 دۆلار

75 ÷ 500 = 15%ی داهات

واتا ئێستا 15%ی داهاتی ئەو کەسە بۆ پارەی کارەبا دەڕوات.

ستانداردەکانی پارەی کارەبا لە جیهاندا چۆنە؟

ڕێژەی (2–4%) بە نرخێکی گونجاو
ڕێژەی (5–8%) قبوڵکراوە
ڕێژەی (10%) + واتا بارگرانییەکی قورس
ڕێژەی (15–20%) مەترسی هەژاری وزە

دۆخەکە لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟

نرخی کارەبا نزیکەی 0.04-0.07 دۆلارە بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک
نرخی مانگانەی کارەبا 70 بۆ 180 دۆلار بەپێی بەکارهێنان
تێکڕای مووچەی مانگانەی کەرتی گشتی: 500-900 دۆلار
کەواتە 10%ی داهاتی تاک لە هەرێمی کوردستان بۆ پارەی کارەبا دەڕوات، بەوەش هەرێمی کوردستان لەنێو زۆنی “بارگرانییەکی قورس”ی کارەبادایە.

لە شارەکانی عێراق دۆخەکە چۆنە؟

حکومەت تێچووی دابینکردنی کارەبا دەگرێتە ئەستۆ
تێکڕای نرخەکەی نزیکەی: 0.01-0.03 دۆلارە بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک
زۆرجار لەنێوان 8 بۆ 16 کاتژمێر کارەبا هەیە
مۆلیدەی ئەهلی سەرچاوەیەکی دیکەی دابینکردنی کارەبایە لە عێراق
تێچووی مانگانە: $50–150+
لە هاویندا: دەتوانێت لە 200 دۆلار زیاتریش بێت
تێکڕای مووچەی مانگانەی کەرتی گشتی: 600 بۆ 900 دۆلارە
ئەگەر ماڵان مۆلیدە بەکاربهێنن: 120 دۆلار ÷ 600 دۆلار مووچە = 20% داهات، بەوەش بارگرانیەکی قورس بۆ زۆرێک لە خێزانەکان دروست دەبێت.

بەراورد بە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە تورکیا دۆخی کارەبا چۆنە؟

نزیکەی 0.12-0.18 دۆلار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک
تێکڕای مووچەی مانگانە: 900 بۆ 1,200 دۆلارە
کەمترین مووچە: 600 بۆ 700$ دۆلارە
توانای کڕین: پارەی ئاسایی ماڵ: 50-90$
ئەنجام: 80$ ÷ 1000$ مووچە = 8%، واتا بارگرانییەکی مامناوەند لەسەر شانی هاووڵاتیانە

جیاوازییەکان چین:
عێراق (تەنها دەوڵەت پارە بدات) بۆ هاوڵاتیان زۆر کەم دەکەوێت زۆر کەم 600$ 2–5%
عێراق (مۆلیدەکان) بەرزترین ئاستی نرخی کارەبایە 600$ 15–25%
کوردستان (سیستەمی 24 کاتژمێریی) 10%+ نرخێکی گرانە
بەرزترین ئاستی تورکیا 1000 دۆلار 8–12%

عێراق هەرزانترین کارەبای فەرمی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام جێی متمانە نییە، چونکە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمە
کوردستان بەرەو نرخدانانی تێچوون ڕەنگدانەوەی لەسەر گیرفانی خەڵک دەگوزەرێت و کارەباکەی گرانە.
تورکیا ڕاستە نرخەکانی زیاترە بەڵام مووچەی فەرمانبەرەکانی بەراورد بە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاترە

بەراوردێک لەنێوان نرخی کارەبا لە ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان

تێکڕای نرخی کارەبا: نزیکەی 0.30-0.45 دۆلار بۆ هەر کیلۆوات کاتژمێرێک
پارەی ئاسایی مانگانەی ماڵ: 90-180$
تێکڕای مووچەی مانگانە: بە نزیکەیی 3,000–4,000+$
2-5%ی داهاتەکە بۆ پارەی کارەبا دەڕوات کە ئەوەش بەراورد بە بەرزی ئاستی مووچە لە ئەڵمانیا، نرخێکی زۆر کەمە

Back to top button