
فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کەشێکی جیاوازی دەوامکردنیان هەیە بەراورد بە فەرمانبەران لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، لەپاڵ کارکردندا بەشێکی کاتەکەیان بە “نانخواردن، نوێژکردن، بەکارهێنانی مۆبایل، یاریکردن و قسەوباس” بەسەردەبەن.
کاتەکانی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان لە عێراق، بەراورد بە دەوامی فەرمانگەکان لە جیهان دا کەمترین کاتە کە حەوت کاتژمێرە، بەڵام کاتژمێری ڕاستەقینەی کارکردنی فەرمانبەر لەو حەوت کاتژمێرە کەمترە. لەو حەوت کاتژمێرەدا فەرمانبەر تەواوی چالاکییە ڕۆژانەییەکانی خۆی ئەنجامدەدات.
کاتی دەوامی فەرمی لە فەرمانگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کاتژمێر 8:00ی بەیانی دەستپێدەکات (لەهەندێک فەرمانگە 8:30 دەستپێدەکات). بەڵام کاتی کۆتاییهاتنی دەوام بەگوێرەی سیستمی فەرمانگەکان دەگۆڕێت. هەندێکیان کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ دەوامیان تەواو دەبێت، هەندێکی دیکەیان 2:30 و بەشێکیشیان کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆ دەوامیان تەواو دەبێت (ئەمەیان فەرمانگە ئەمنیەکان و تەندروستین).
هیچ کەسێک نازانێت کاژمێری کارکردنی ڕاستەقینەی فەرمانبەر لە سیستمی ئیداریی فەرمانگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چەندە، لەو حەوت کاتژمێرە چەندی تەرخان دەکرێت بۆ ڕایکردنی مامەڵەی سەردانیکەران، چونکە هەر لەنێو سیستمی ئیداریی فەرمانگەکاندا کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی بۆ فەرمانبەر هەیە وەك (مۆڵەتی کاتی، مۆڵەتی رۆژ) ئەوەش وادەکات کاتژمێرەکانی کارکردنی فیعلی فەرمانبەر دیار نەبێت.
کورد مۆنیتەر چەند فەرمانگەیەکی بە نمونە وەرگرتووە و قسەی لەگەڵ فەرمانبەرەکانیدا کردووە، بۆئەوەی بزانێت کاتژمێر بە کاتژمێری ئەو رۆژانەی لە ئەرکدان، چۆن کاتەکانیان تێدەپەڕێنن:
کاتژمێر 8ی بەیانی بۆ 8:45
شنە (تەمەن 38 ساڵ)، لە فەرمانگەیەکی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات، وەك خۆی دەڵێت ڕۆژانە کاتێک دەچێتە فەرمانگەکەی، لە کاتژمێر 8ی بەیانیی لەگەڵ هاوپیشەکانیدا نانی بەیانی دەخۆن، ئەوەشی وەك ڕۆتینێکی ڕۆژانەیی وەسفکرد.
ماوەی ئەو کاتەی نانی بەیانیی تێدا دەخۆن بە وتەی شنە 45 خولەکە، لەو ماوەیەدا هەم نان دەخۆن، هەم گفتوگۆ لەنێوان فەرمانبەرەکاندا دروست دەبێت “ڕۆژانە بەبێ نانخواردن دەست بە کارکردن ناکەین، هەندێکجار بەڕێوەبەرەکەشمان لەسەر مێزی نانخواردن لەگەڵماندایە” شنە بۆ کورد مۆنیتەر ئەوەی گوت.
فەرمانبەران زۆرجار پاساوی نانخواردنیان لە شوێنی کارکردنەکەیان ئەوەیە، لەکاتێکی زوودا لە ماڵەوە دەچنە دەرەوە و ناتوانن نان بخۆن.
کاتژمێر 9:00 بۆ 10:00
عەبدوڵڵا (تەمەن 53 ساڵ) لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانبەرە، بەگوتەی عەبدوڵڵا “ئەو کاتژمێرە زۆر گرنگە، چونکە سەردانیکەران بۆ ڕایکردنی ئیش و کارەکانیان دێنە فەرمانگەکەمان، هەر بە تەنها لای ئێمە نا، بەڵکو لە زۆرێک لە فەرمانگەکان کاتژمێر 9 بۆ 10 کاتێکی گرنگی کارکردن و وەرگرتنی مامەڵەکانە”.
لەو کاتژمێرەدا ئێمە بینیمان فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ژورێکەوە دەچونە ژورێکی دیکە، هەندێکیان دەوەستان بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری سەردانیکەران بدەنەوە”.
کاتژمێر 10:00 بۆ 11:00
فەرمانگەکان لەم کاتەدا دابەشی دوو بەرە دەبن، وەك خەلیل (تەمەن 50 ساڵ) لە فەرمانگەیەکی نشینگە بۆ کورد مۆنیتەر باسیکرد “لەبەشێکیاندا فەرمانبەرەکان خەریکی قسەکردن و چەلەحانێن، بەڵام بەشێکی دیکەی فەرمانگەکان هێشتا ئەو کاتژمێرە هەر لوتکەی کارکردنی فەرمانبەرەکانە”. خەلیل دەڵێت فەرمانگەکەی ئەو لە جۆری دووەمە و لەو کاتەشدا ئەوان لە گەرمەی کارکردنی ڕۆژانەدان.
کاتژمێر 11 بۆ 12
“هەندێکمان لەم کاتەدا دەڕۆینەوە و کۆتایی بە کارکردنی ڕۆژەکەمان دەهێنین” ئەمە قسەی سەرگوڵ (تەمەن 35 ساڵە) کە فەرمانبەرە لە یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری.
وەك سەرگوڵ بۆ کورد مۆنیتەر باسیکرد، ئەوان فەرمانگەیەک نین سەروکاریان لەگەڵ مامەڵەی هاوڵاتیاندا هەبێت، بۆیە زووتر لە هەر فەرمانگەیەکی دیکە کارەکانیان تەواو دەبێت.
لە بەشێکی دیکە فەرمانگەکان دۆخەکە وەك ئەو فەرمانگەیەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، کارزان (تەمەن 42 ساڵ) کارمەندی فەرمانگەی باجی خانووبەرەیە، ئەو دەڵێت “لەکاتژمێر 11 بۆ 12 دۆخی خاوبوونەوەی کارکردن دەستپێدەکات، بەشێکی فەرمانبەرەکان سەرقاڵی قسەکردنن لەگەڵ یەکدا، بەشێکی دیکەیان مۆڵەتی کاتیی وەردەگرن و دەڕۆنەوە”.
“ئەگەر وردبینی بۆ ئیشی فەرمانگەیەک لەو کاتژمێرەدا بکەی دەبینیت لە هەندێک لە فەرمانگەکان 70%ی فەرمانبەرەکان و لە هەندێکی دیکەیان 80%ی فەرمانبەرەکانیان لە کاتژمێر 11 بۆ 12 ماونەتەوە و ئەوانەی دیکەیان مۆڵەتی کاتییان وەرگرتووە، ئەوانەیشی دەمێننەوە یان چا دەخۆنەوە یان قاوە، هەندێکیشیان لە ژوورەکانی فەرمانگەکەیاندا هاتووچۆیانە و باس لە هەواڵی ئەو ڕۆژە دەکەن” ئەوەش هەر بە گوتەی کارزان.
لە کاتژمێر 12:00 بۆ کاتژمێر 1
بەشی سەرەتای ئەم کاتژمێرە بۆ نوێژکردن بەکاردێت، زۆرینەی فەرمانبەرەکان لەو کاتەدا سەرقاڵی نوێژکردنن، ئەوەش یەک لەسەر سێی کاتژمێرەکە دەخایەنێت.
دایکی مینا (تەمەن 52 ساڵە) لە فەرمانگەی کارەبا دەوام دەکات، ئەو دەڵێت: پیاوانی فەرمانگەکەمان لەسەرەتای ئەو کاتژمێرەدا سەرقاڵی نوێژکردنن، خۆ ئەگەر شوێنی گونجاو بۆ نوێژکردنی فەرمانبەرە ژنەکانیش هەبێت، ئەوانیش وەك پیاوان نوێژ دەکەن”.
هیچ بەرێوەبەرێک ناتوانێت سکاڵا لە نوێژکردنی فەرمانبەرەکانی بکات، چونکە ئەوە فەریزەیەکی ئاینییە، تەنانەت ناتوانرێت لەسەر کاتی دەوامکردنیش حساب بکرێت. بەڵام کێشەکە لە دوو لەسەر سێی ئەو بەشەی کاتژمێرەکەدایە کە دەمێنێتەوە، فەرمانبەر ئەو کاتە بۆ نانخواردن و قسەکردن بەکاردەهێنێت.
دایکی مینا گوتی: ئەم کاتژمێرە بە هێمنی تێدەپەڕێت، دوای نانخواردن فەرمانبەرەکان سەر دەخەنەسەر مۆبایلەکەیان و گەڕانێک بەنێو تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا دەکەن.
کاتژمێر 1 بۆ 2:00
“ئەو کاتژمێرە بە زیادە لە تەمەنم دەڕوات”
لەو کاتژمێرەدا سیمای خەواڵوبوون و ماندویی بە ڕوخساری فەرمانبەرەوە دەردەکەوێت، هەندێکیان کاتژمێرەکە بە چاوەڕوانیی تەواوبوونی بەسەر دەبەن، وەک حەسەن بە پێکەنینەوە بە کورد مۆنیتەری وت “ئەو کاتژمێرە بە زیادە لە تەمەنم دەڕوات”.
کاتژمێر 2:00 تا کاتی پەنجەمۆر
لە 2:00ی تەواو تا 3:00 کاتژمێری پەنجەمۆرە، لەهەندێک فەرمانگە چارەکی یەکەمی ئەو کاتژمێرە و لەهەندێکی دیکەیان چارەکی دووەم کاتی پەنجەمۆر و ڕۆیشتنەوەی فەرمانبەرە، بەشێکی فەرمانبەران ئۆتۆمبێلەکانیان کار پێدەکەن، ئەگەر زستان بوو گەرمی دەکەن، ئەگەر هاوینیش بوو فێنککەرەوە دادەگیرسێنن و لەو ماوەیەدا 10 بۆ 15 خولەکی کاتەکەیان لەوەدا تەواو دەکەن، پاشان دەگەڕێنەوە فەرمانگەکەیان، پەنجەمۆر دەکەن و دەڕۆن.
قسەی کۆتایی؛
بەشێکی زۆر لەو فەرمانبەرانەی قسەیان بۆ کورد مۆنیتەر کرد، بەر لەوەی بچنە نێو باسکردنی سەربوردەی کارکردنیان، گوتیان: مووچە نیە، ئەم مانگە کە وەریدەگرین نازانین مووچەی داهاتوو دوای 45 ڕۆژ یاخود 55 رۆژی دیکە وەری دەگرین، بۆیە قسەکردن لەسەر ئەوەی کاتەکانی دەوامکردنیان بە نانخواردن و قسەکردن بەسەر دەبەن بە هەڵە ناودەبەن و دەڵێن: کە حکومەت لە کاتی خۆیدا مووچەمان نەداتێ، با چاوەڕێی کارکردنێکی ڕێک و پێکمان لێ نەکات، با مافمان بداتێ، ئێمەش ئەرکی خۆمان بە زیادەوە جێبەجێ دەکەین”.
ماوەی 12 ساڵە (بە دیاریکراوی دوای ڕاگرتنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق لە ساڵی 2014) دۆخی دەوامکردنی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەپرسە مشتومڕاوی و ئاڵۆزەکان، لەماوەی ئەو 10 ساڵەدا کەمترین مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشکراوە، بەشێکیان یان نەدراون، یان بە لێبڕین و پاشەکەوتەوە دراون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی باری سەرنج لەسەر دابەش نەکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، ئاسانکارییەکی ڕانەگەیەنراوی لە دەوامی فەرمانبەراندا کردووە، لە هەندێک فەرمانگە هەفتەی چوار ڕۆژ، لە هەندێکی دیکەیان سێ ڕۆژ و تەنانەت فەرمانگە هەیە هەفتەی دوو ڕۆژ فەرمانبەرەکانی دەوام دەکەن.





