سعودیە ملیۆنان دۆلار لە کێبڵەکانی فایبەر ئۆپتیک لە سوریا وەبەرهێنان دەکات، ئەمەش هەنگاوێکە کە دەتوانێت ئیسرائیل بکاتە دەرەوەی هاوکێشەی فایبەر ئۆپتیک، هەنگاوێک کە چاوەڕێدەکرێت گرژییەکی گەورە لەنێوان ڕیاز و تەلئەبیب دروست بکات.
سعودیە دەیەوێت شانشینەکە ی لە ڕێگەی فایبەر ئۆپتیک و بە خاکی سوریادا، بە یۆنان ببەستێتەوە، نەك لەڕێگەی ئیسرائیلەوە. پێشتر محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، بە ئاشکرا ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە تۆمەتبار کرد کە زیاتر لە 72 هەزار فەلەستینی کوژراون. هەروەها ریاز ناکۆکی لەگەڵ ئیمارات هەیە کە نزیکترین هاوپەیمانی عەرەبی ئیسرائیلە، ناکۆکییەکەش لەسەر یەمەن و سودان و دەریای سوورە.
یۆنان داوای وەبەرهێنانی لە قەتەر و ئیمارات و سعودیە کردووە، بەڵام بەلای یۆنانەوە، ئیسرائیل نزیکترە لە سیاسەتمەدارانی ئەسیناوە، چونکە هەردوولا هاوبەشن لە دوو خاڵدا؛ دژایەتیکردنی تورکیا، هەروەها بەردەوامیدان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا.
گۆڕینی هەڵوێستی سعودیە سەبارەت بە پڕۆژەکە لەوانەیە پەیوەندییەکانی یۆنان لەگەڵ ئیسرائیل تێک بدات ئەگەر ئیسرائیل لە ڕێگا نوێیەکەدا بکرێتە دەرەوە.
کێبڵەکانی فایبەر ئۆپتیک، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییە گرنگەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگوازنەوە بە بەکارهێنانی نیشانەی رووناکی. ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت ببنە بەرهەمهێنەری AI پێویستیان بە ناردنی داتا بۆ ئەوروپا هەیە.
لە ساڵی 2022، یۆنان و سعودیە پرۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ دەریای ڕۆژهەڵات دەستپێکرد. ئەم هاوکارییە هاوبەشی نێوان کۆمپانیای کارەبای یۆنانی PPC و کۆمپانیاکانی تری یۆنانی و کۆمپانیای TTSA یە.
لەو کاتەدا سعودیە لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆی دەکرد لەسەر ڕێکەوتنێک کە ببێتە هۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. ئەو وتووێژانە بەهۆی هێرشەکانی حەماس لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 پەکیان کەوت، دواتریش ئیسرائیل بە هێرش بۆ سەر غەززە وەڵامی دایەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە جینۆساید ناویان بردووە.
جولیان ڕاول، ڕاوێژکاری کێبڵی فایبەر ئۆپتیک لە ئەمەریکا دەڵیت “چەندین پڕۆژەیاسایەک دانرابوون کە هێڵەکە لە سعودیە، ئوردن و ئیسرائیلەوە تێپەڕبن، ئەمە یەکێک بوو لەو پرۆژانە، بەڵام سعودیە داوای تێپەڕینی کێبڵەکان لە سوریا دەکات”.
لە راگەیەندراوێکی PPC یۆنانی لە مانگی تشرینی دووەمی 2025، لەنێو تۆڕی EMC سوریا نیشان نادات. وادیارە ڕێڕەوەکە بە ئیسرائیل و ئاوەکانی دا تێدەپەڕێت.
هەروەها بەرپرسێکی تری ناوچەکە بە میدڵ ئێست ئای ڕاگەیاندووە، سعودیە پلانی پرۆژەیەکی کێبڵی کارەبایی لەگەڵ یۆنان هەیە کە ئیسرائیل دەکاتە دەرەوە بەسوریا دا دەڕوات. ئەم پڕۆژەیە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە لە رێگەی تەزووی ڕاستەوخۆی ڤۆڵتی بەرز (HVDC).
هەوڵەکانی سعودیە بۆ بەشداری کردنی سوریا لە پرۆژەکانیدا ئەوە دەردەخات کە چۆن سعودیە سەروەت و سامانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانە ناوچەییەکان و لە هەمان کاتدا کێبڕکێی لەگەڵ ئیمارات و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات. هەروەها ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی فراوانتری ریاز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی ئاگادار لە دەستپێشخەرییەکانی وەبەرهێنانی ریاز بە MEE ی ڕاگەیاند “بۆ سعودیە، دیمەشق ناوەندی پەیوەندییە ناوچەییەکانە، سعودییەکان دەیانەوێت ڕێگا و کێبڵ و شەمەندەفەر بەناو سوریادا بڕوات”.
STC ی سعودیە لە مانگی شوباتدا ڕایگەیاند کە پلانی هەیە بە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ژێرخانی پەیوەندییەکانی سوریا بکات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە ڕایگەیاند ئامانجی پڕۆژەکە “بەستنەوەی سوریایە لەسەر ئاستی هەرێم و نێودەوڵەتییە لە رێگەی تۆڕێکی فایبەر ئۆپتیک کە زیاتر لە 4500 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە.
کریستیان کۆتس ئولریچسن پسپۆڕی کەنداو لە پەیمانگای بەیکەر لە زانکۆی رایس دەڵێت: هەوڵەکانی سعودیە بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ سوریا لەسەر حسابی ئیسرائیل، نیشانی دەدات کە دینامیکی ناوچەکە چەندە گۆڕاوە. پرۆژەیەکی لەم شێوەیە هاوتایە لەگەڵ هەوڵەکانی سعودیە بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی سوریا لە چوارچێوەی ناوچەکە و کەمکردنەوەی هەر پەیوەندییەکی بەرچاو لەگەڵ ئیسرائیل.
دەروازەکانی ئەوروپا بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕۆن. یۆنان خۆی وەک ناوەندێک دەبینێت بۆ چەندین هێڵی کێبڵ، لەکاتێکدا وڵاتانی کەنداو وەبەرهێنانەکانیان لە سەنتەری داتای AI زیاد دەکەن و بە پایتەختە بازرگانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک سەنگاپور دەیبەستنەوە.
لە سەرەتادا، شارە بەندەرییەکانی مارسیلیا و جەنەوا خاڵی سەرەکی چوونە ژوورەوەی کێبڵی فایبەر ئۆپتیک بوون کە دەچوونە ئەوروپاوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پیشەسازییەکە ئامانجی هەمەجۆرکردنی ڕێگاکان و خاڵەکانی چوونە ژوورەوە بۆ ئەوروپا بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوات و یۆنان و تورکیای خستووەتە سەر نەخشە.
ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست پڕە لە ئاسەواری پرۆژەکانی ژێرخانی ئابووری کە لەلایەن سەرکردەکانی ناوچەکە و دەزگاکانی واشنتۆنەوە پلانی بۆ داڕێژراون.
بۆڕی گازی بەیەکەوە بەستنەوەی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل هەرگیز نەهاتە دی.
بەهەمان شێوە، کێبڵی پەیوەندی دەریای گەورە کە بۆ بەستنەوەی یۆنان و قوبرس و ئیسرائیل دروستکراوە، ڕووبەڕووی چەندین دواکەوتن بووەتەوە.
تورکیا کە بانگەشەی ئەوە دەکات بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەلایەن یۆنانەوە ناکۆکی لەسەرە، دژایەتی ئەم پرۆژانە دەکات. هەروەها ئامانجی رێڕەوی بازرگانی پێشنیارکراو بەستنەوەی هیندستانە بە یۆنان و ئیسرائیل و ئیماراتە.
بەڵام ڕاول بە MEE ی گوت کە ڕێڕەوی داتای ڕۆژهەڵات بۆ مێد یان EMC ڕۆژئاوا یەکێکە لە پڕۆژە جێبەجێکراوەکان. ئەو گوتی پێدانی پێشەکی بۆ دابینکەری سیستەمەکە، بەربەستێکی سەرەکییە کە پیشەسازییەکە گەرەنتی دەکات وەک نیشانەی بەرەوپێشچوون.
بانکەکانی یۆنان و سعودیە ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ دابینکردنی پارەی 60 لەسەدی پڕۆژەکە. لە ساڵی 2023، EMC گرێبەستێکی دابینکردنی لەگەڵ Alcatel Submarine Networks واژۆ کرد بۆ دروستکردنی دوو کێبڵی داتای ژێر دەریا و زەوی.





