
لەگەڵ بەردەوامی دەنگۆی هێرشکردنە سەر ئێران و کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران دا، دەنگێکی دیکە لە ناو شەقامی ئێرانیی دەبیسترێت، ئەویش شوێنگرەوەی عەلی خامنەیی، رابەرە ڕیش سپی و بەتەمەنەکەی ئێرانە.
چیرۆکەکە لێرەوە دەستپێدەکات؛ ماوەی دو ساڵە عەلی خامنەیی، لیژنەیەکی بۆ دەستنیشانکردنی شوێنگرەوەی خۆی دروستکردوە و داوایکردوە کەسێکی بەهێز دەستنیشانبکەن؛ تاکو لە ئەگەری مردنی دا، وەک رێبەری باڵای ئێران دەستنیشانبکرێت.
بەڵام لە ئێستادا بەهۆی زیادبونی مەترسییەکان و لێدوانەکان لەسەر کوشتنی خامنەیی، لیژنەکە پرۆسەی گەڕانی بەدوای شوێنگرەوەی خامنەیی دا خێراتر کردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ناوبراو و خێزانەکەی، لە شوێنێکی پارێزراودا لەلایەن هێزی تایبەتیی “وەلی عەسر”ەوە پارێزگاری دەکرێن.
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کات ناوەندەکانی ئێران باس لە موجتەبا خامنەیی دەکەن بۆ شوێنگرەوەی باوکی، بەڵام لە ئێستادا رکابەرێکی بەهێزی بۆ دروستبوە، کە ئەویش حەسەن خومەینییە، کە کوڕەزای رێبەری پێشوی ئێران ئایەتوڵا خومەینییە.
حەسەن خومەینی تەمەن 56 ساڵ، بەوە ناسراوە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەو باڵە ڕیفۆرمخوازەیە، کە لەگەڵ سوککردن و سنوردارکردنی بڕیارە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکاندایە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی ڕەچەڵەکییەوە، لە نێو پیاوانی ئایینیی باڵا و سوپای پاسداران دا، رێزێکی تایبەتیی لێدەگیرێت.
ساڵی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز، لە زاری سێ سەرچاوەی باڵاوە وتی: حەسەن خومەینی لە ناو ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکادا دا، ئەستێرەی بەختی گەشاوەتەوە، بەوپێیەی نوێنەرایەتیی گروپێک دەکات، کە دەیانەوێت ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران دا بەدەستبهێنن، ئەمەش پێچەوانەی بیرکردنەوەی موجتەبا خامنەییە، کە ئەمیان زیاتر لەگەڵ بیرکردنەوە توندەکانی باوکی دایە و دەیەوێت لە رێگای هێزەوە، ململانێکان یەکلاییبکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی موجتەبا خامنەیی یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکان، بەڵام خامنەیی چەند جارێک دژی ئەوە وەستاوەتە کوڕەکەی وەک جێنشینی خۆی دیاریبکات و ئاماژەی بەوەکردوە: نایەوێت ئێران بگەرێتەوە بۆ سەردەمی حکومی بنەماڵە.
حەسەن خومەینی لە ناو گەلی ئێران دا، زیاتر قبوڵکراوە، وەک لە موجتەبا خامنەیی، بەوپێیەی چەند جارێک دژی سیاسەتی وڵاتەکە وەستاوەتەوە و هۆشداریشی داوە لە برسیکردنی هاوڵاتیان.
بەشێکی دیکە لە کەسانی باڵا لە ناو حکومەتی ئێران، پێیانوایە: لەگەڵ ئەوەی موجتەبا خامنەیی پلەیەکی مامنەوەندیی ئاینیی هەیە، تائیستا هیچ پۆستێکی فەرمیشی لە ئێران دا نەبوە و نەگەیشتوە پلەی ئایەتوڵڵا، بەڵام نفوز و دەسەڵاتێکی زۆری هەیە و هەندێک لە چاودێرانیش پێیانوایە: موجتەبا دەوڵەتی قوڵی ئێرانە و ئەمەش وا دەکات لە هەموان باشتربێت بۆ شوێنگرەوەی باوکی.
لە تازەترین پێشهات دا رۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە: خامنەیی گەورە راوێژکار “عەلی لاریجانی” بۆ شوێنگرەی خۆی دیاریکردوە بەڵام هەرزوو ئێران لە رێگای میدیاکانییەوە وەڵامی راپۆرتەکەی دایەوە و وتی:”عەلی لاریجانی شوێنگرەوە نییە بەڵکو تەنها لە بری خامنەیی کارەکان رادەسپێرێت، ئەمەش وەک ئەگەرێک بۆ کوشتنی خامەنیی و موجتەبای کوڕی”.
پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕابەری ئێران زۆر ئاڵۆزە و پێویستە ئەو کەسەی دەچێتە ئەو پۆستە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی “ئەنجومەنی دیاریکردنی ڕێبەر” بەدەستبهێنێت، کە لەهەرە کەسایەتییە ئاینییە باڵاکانی ئێران پێکدێت و مەرجی سەرەکیش دەبێت کەسەکە پلەی دینی “ئایەتوڵڵا”ی بەدەستهێنابێت کە بەرزترین پلەی ئاینییە لە وڵاتەکە. چاودێرانی ئێران پێیان وایە بەو پێیەی عەلی لاریجانی پلەی ئایەتوڵڵای نییە ناتوانێت خەون بە بەرزترین پۆستی سیاسی و ئاینیی ئێران ببینێت.
یەکێک دیکە لە کاندیدەکان، ئایەتوڵڵا عەلی ڕەزایە، بەڵام ناوبراو توانای رکابەریکردنی ئەو دو کەسەی پێشتری نییە. سیناریۆیەکی دیکەش لەبەردەستە، ئەویش هەڵبژاردنی کەسێکی بێ دەسەڵاتە، تاکو سوپای پاسداران، کە ئێستا نفوزی تەواوەتیی هەیە لە ئێران، بتوانێت بە ئاسانیی ئاڕاستەی بکات و کۆنترۆڵی بکات.
هەرچەندە هێشتا خامنەیی لە ژیاندایە و رابەرایەتیی ئێران دەکات بەڵام چ بە کوشتنی، یاخود کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکەی، ئێران لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورەدا دەبێت و پشکی شێری ئەو گۆڕانکارییەیش بەر کوڕی رابەری ئێستا و کوڕەزای رابەری پێشو دەکەوێت.





