تۆم باراک بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەگەڵ کورد کۆدەبێتەوە بەڵام بەرامبەر پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێم بێدەنگە

تۆم باراک، کە لەم دواییانەدا سەرەڕای ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، نێردەی ترەمپ بۆ کاروباری سوریا، بووە نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، باراک دوو ڕۆژە لە پایتەختەکانی بەغدا و هەولێر و دواتریش لە شاری سلێمانی لە هاتووچۆدایە، پەیامەکەی ڕوونە؛ حکومەتی عێراق لەدەرەوەی ویستی ئێران پێکبێت.

پارتی و یەکێتی، خەمی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیانە و بۆ حکومەتی هەرێمیش بێدەنگن

لە دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە بە فەرمی نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسایان وەک کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەجیا پیرۆزباییان لە مالکی کرد، هەر ماوەیەکی کەم دوای پیرۆزباییەکەی پارتی و یەکێتی، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا کۆتایی بەو باسە هێنا و گوتی: گەڕانەوەی مالکی بۆسەر دەسەڵات نابێت ڕووبدات.

پەیامەکەی ترەمپ کاغەزەکانی پارتی و یەکێتی ئاڵۆزکرد، وەك سەرکردەیەکی دیاری یەکێک لەو دوو حزبە بە کورد مۆنیتۆر-ی ڕاگەیاند، پەیامەکەی ترەمپ لە تروس سۆشیەڵ تووشی شۆکی کردون و گوتی: “ئێمە وامان دەزانی مالکی لۆبییەکی گەورەی لە واشنتۆن کردووە و گڵۆپی سەوزی ئەمریکییەکانی بۆ کاندیدبوون وەرگرتووە، نەمانزانی شتەکە پێچەوانەیە”.

ئەگەر پێشتر پارتی و یەکێتی مەبەستیان بوبێت پەلە بکەن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئێستا دەیانەوێت ناکۆکییەکانیان درێژە بکێشێت، چونکە ئەگەر سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت دەبێت دواتر سەرۆکی نوێ بڕیاری ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران بدات، لەم دۆخەشدا پارتی و یەکێتی نایانەوێت گەورەترین هەڵەی سیاسی بکەن کە ڕاسپاردنی نوری مالکیە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ناشتوانن پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی نەکەنەوە چونکە بۆشایی یاسایی و پێشێلکردنی دەستوور فراوانتر دەبێت.

دوای ئاشکرابوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکۆتایی ساڵی 2024، پارتی مەبەستی بوو بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق حکومەت پێکبهێندرێت، ئەوکاتە یەکێتی پێیوابوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سوپرایزی گەورەی دەبێت، بۆیە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاش هەڵبژاردنەکەی عێراق دواخست.

ئەو ئەنجامەی یەکێتی چاوەڕێی بوو، کە بەدەستهێنانی زیاتر لە 20 کورسی بوو لە پەرلەمانی عێراق بەدینەهات، لێرەوە پارتی هەوڵەکانی بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی دۆسیەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. ئێستا پارتی بۆچوونی وایە ئەگەر یەکێتی دەیەوێت پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ئەو بێت، دەبێت دوو کار بکات:
یەکەم: کاندیدێک کە کۆدەنگیی کوردی لەسەربێت
دووەم: بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێندرێت، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕابسپێردرێت.

یەکێتی ئەو سیناریۆیەی پارتی ڕەتدەکاتەوە، پێداگرە لەسەر تێکەڵنەکردنی دۆسیەکانی پێکهێنانی حکومەت لە بەغدا و هەولێر.

چاوی تۆم باراک پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان نابینێت

ئەو فشارەی ئەمریکییەکان لە بەغدای دەکەن بۆ هەرچی زوو پێکهێنانی حکومەت و دورخستنەوەی دەستی ئێران لەو حکومەتە، هەمان فشار لەسەر پارتی و یەکێتی نییە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەبەغدا حکومەت لەدەرەوەی ویستی ئەمریکا دروستبکرێت، واشنتۆن بژاردەی زۆری سزادانی هەیە، بەڵام تا ئێستا ئەمریکییەکان لە ئاستی داواکارییەوە نەچوونەتە ئاستی هەڕەشەکردن لە پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ هەرچی زووترە، ئەوەش نیشانی دەدات هێشتا واشنتۆن ڕژد نییە لەسەر مامەڵەکردنێکی دامەزراوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و ئامادەیە پێشێلی ئەو پرەنسیبانەی خۆی بکات، کە هیچ کاتێک ئامادە نیە بۆ بەغدا یان هەر وڵاتێکی تر پێشێلی بکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەولێرەوە بە کورد مۆنیتەر-ی گوت: تۆم باراک داوای لە پارتی و یەکێتی کردووە لەسەر پرسی سەرۆک کۆمار بگەنە ڕێککەوتن و هەرلایەکیان بەپێی پێویست نەرمی بۆ یەک بنوێنن، وەک ئەو سەرچاوەیە گوتی: پەیامەکەی تۆم باراک دوای کۆبونەوەکەی لە سلێمانی کە تیایدا وتی: “سەرەتایەكی نوێی مەزن و پڕ لە هیوا” ئەوەی تیادا دەخوێنرێتەوە کە جۆرە نەرمییەک لەلای یەکێتیەوە لەپرسی سەرۆک کۆمار دروستبووە.

 

Back to top button