مەزڵوم عەبدی، لە برینداربوون و مەترسی بڕینەوەی قاچێکی بۆ گەڕانەوە لە لێواری مەرگ

فەرهاد عەبدی شاهین (مەزڵوم عەبدی) ئەم رۆژانە ناوێکی درەوشاوەی نێو سیاسەت و ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆرە، بە دیفاکتۆ حاکمی ڕۆژئاوای کوردستانە، بەڵام تا گەیشتووەتە ئەو پێگە گرنگەی ئێستای، بە زنجیرەیەک ڕووداوی سەخت و بە ساڵانێکی تاریک دا تێپەڕیوە.

چیرۆکی برینداربوونی مەزڵوم عەبدی

لە ساڵی 1995 لە دەوروبەری پارێزگای شرناخ لە باکووری کوردستان و بە دیاریکراویش لە زنجیرە چیاکانی جودی یاخود گابار، شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراو بە (پەکەکە) دروست دەبێت. مەزڵوم عەبدی لەو کاتەدا فەرماندەیەکی مەیدانیی و دیاری پەکەکە بووە، کاتێکیش ئەو شەڕە ڕوودەدات، ئەو وەک فەرماندەیەک بەشداریی دەکات و دەکەوێتە نێو کەمینێکی سوپای تورکیاوە.

مەزڵوم عەبدی و گەریلاکانی هاوڕێی دەچنە شەڕێکی قورسی مان و نەمانەوە لەگەڵ هێزەکەی سوپای تورکیا، لەوێدا مەزڵوم بەهۆی تەقینەوەی مینێک بریندار دەبێت.

قاچی چەپی مەزڵوم عەبدی لەو تەقینەوەیەدا بە سەختی بریندار دەبێت. برینەکە هێندە قورس بووە کە ئێسک و دەمارەکانی قاچی زیانی زۆریان پێگەیشتووە، تەنانەت ترسی بڕینەوەی قاچی چەپی هەبووە.

لەکاتی برینداربوونیدا، بەهۆی ئەوەی لە ناوچەیەکی دوورەدەست و گەمارۆدراودا بوون، نەیانتوانیوە ڕاستەوخۆ مەزڵوم عەبدی بۆ چارەسەرکردن بگەیەننە شوێنی مەبەست، بەو هۆیەوە ماوەیەکی زۆر بە برینە قورسەکەی لە ئەشکەوت و بنکە تەندروستییە سەرەتاییەکانی ناو شاخدا چارەسەری بۆ کراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی برینەکەی بە هەڵە یان بە ناتەواوی ساڕێژ ببێت، کە دواتر بووە هۆی کورتبوونەوەی قاچی.

کورد مۆنیتەر لە بەدواداچوونی زیاتر بۆ چیرۆکی برینداربوونی مەزڵوم عەبدی، کە یەکێکە لە چیرۆکە تراژیدیی و قورسەکانی ژیانی، ئەوەی بۆ دەرکەوتووە کە چارەسەرکردنی مەزڵوم عەبدی بە چەندین قۆناغ بووە:
سەرەتا هەر لە شاخ چارەسەری سەرەتایی و پاککردنەوەی برینەکەی بۆ کراوە
دواتر بەهۆی گرفتە بەردەوامەکانی لە هەوکردنی برینەکەی، لە ساڵی 1997 بەنهێنی بۆچارەسەر سەردانی ئیتالیا و ئەڵمانیای کردووە
هەرچەندە پزیشکەکان توانییان قاچی مەزڵوم عەبدی لە بڕینەوە ڕزگار بکەن، بەڵام بەهۆی تێکچوونی بەشێک لە ئێسک و ماسولکەکانی، قاچی چەپی (نزیکەی سێ سانتیمەتر کورتتر دەبێت) هەر بۆیە تا ئێستاش کاتێک دەڕوات، کەمێک هەست بە شەلینی دەکرێت.

مەزڵوم عەبدی، لە ساڵی 1967 لە شاری کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە ساڵی 1997 ڕووی لە ئەوروپا کردووە و لەوێ تا ساڵی 2003 ماوەتەوە و خەریکی چالاکییە سیاسییەکانی کورد بووە و ڕۆڵی هەبوو لە فراوانکردنی بازنەی ڕێکخستنەکانی پەکەکە لە ئەوروپا.

لەساڵی 2003 چووەتە عێراق و لە کەمپی مەخمور نیشتەجێبووە، لەوێ وەك یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کاریکردووە، تا ئەو کاتەی لە ساڵی 2011 شۆڕشی سوریا سەریهەڵداوە و گەڕاوەتەوە ئەو وڵاتە.

لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا، ڕاستەوخۆ دەچێتە ڕۆژئاوای کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دروست دەکەن و ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش دا دەبینن، دواتریش لە ساڵی 2015 مەزڵوم عەبدی دەچێتە قۆناغێکی گرنگی کاری سەربازییەوە، ئەویش دروستکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە بە سەرپەرشتی ئەمریکا.

ڕۆژی هەینی 7-4-2023 مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە سلێمانی، لەکاتی گەڕانەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان چووەتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و لە دەرگای دواوەی فرۆکەخانە کە تایبەتە بە (کارگۆ)، بە مەودایەکی کەم بە درۆن لە نزیکی شوێنەکە دراوە.

لەبارەی ئەوەی چۆن درۆنەکە لە مەزڵووم عەبدی و یاوەرەکانی نەداوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتۆر ئەوەی ڕوونکردەوە، “لەبەر ئەوەی ئەمریکییەکان لەنێو هەمان ئۆتۆمبێلدا بوون کە مەزڵوم عەبدی تێدا بووە، تورکیا ئەو تاکە هۆکارەی هەبووە بۆیە ڕاستەوخۆ عەبدی نەکردوەتە ئامانج”.

 

 

Back to top button