
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی شاری هەولێر، قەیرانی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە. بەپێی نوێترین داتاکان کە لەلایەن “ئەندازیار رێزان سەعید”، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێرەوە بۆ (کورد مۆنیتەر) ئاشکرا کراوە، قوڵایی بیرەکان ژمارەی پێوانەیی نوێیان تۆمار کردووە و نیوەی بیرە کشتوکاڵییەکان بە نایاسایی لێدراون.
ئەم راپۆرتە شیکردنەوەیە بۆ ئاوى ژێرزەوى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى دەورووبەرى هەولێر کە پێکهاتوون لە سنوورى هەریەک لە قەزاکانى( مەخمور، قوشتەپە، خەبات، شەقڵاوەـ هەریر و پیرمام) کە بەتێکڕا 1500 بیرى ئاوى خواردنەوەیان هەیە.
ساڵی 2008؛ سەرەتای دەرکەوتنی قەیرانەکە
ساڵی 2008 وەک ساڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی ئاوی دەوروبەرى هەولێر دەستنیشان دەکرێت. بەهۆی وشکەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی، بۆ یەکەمجار یەکەم بیر لە سنووری شاری هەولێر وشک بوو. ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ زنجیرەیەک وشکبوونی بەردەوام کە تا ساڵی 2026 بەردەوامی هەیە.
لە 250 مەترەوە بۆ 710 مەتر؛ ئاو بەرەو ناخی زەوی هەڵدێت
یەکێک لە مەترسیدارترین ئاڵوگۆڕەکان، زیادبوونی قوڵایی بیرەکانە:
• تا ساڵی 2010: قوڵترین بیر لە سنووری ئاوی دەوروبەری هەولێر تەنها 250 مەتر بوو.
• لە ساڵی 2026: بەهۆی دابەزینی بەردەوامی ئاستی ئاو، قوڵایی بیرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە ئێستادا قوڵترین بیر دەکەوێتە سەنتەری قوشتەپە کە قوڵییەکەی گەیشتووەتە 710 مەتر.
واتە لە ماوەی 18 ساڵدا (2008-2026)، بیرەکان ناچار بوون زیاتر لە 350 مەتر قوڵتر بکرێنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئاو.
ئاماری بیرەکان؛ یاسایی و نایاسایی
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی بیرەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر بەم شێوەیەیە:
1. بۆ ئاوی خواردنەوە: کۆی گشتی 5000 بیر لە سنووری (ئاوی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری هەولێر، ئاوی سۆران و ئاوی کۆیە) بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لێدراون. تەنها لە سنووری “ئاوی دەوروبەری هەولێر” زیاتر لە 1500 بیر بوونیان هەیە.
2. بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی: نزیکەی 9000 بیر لێدراون. کارەساتەکە لێرەدایە کە لەم ژمارەیە 4500 بیر (واتە نیوەیان) بە شێوەی نایاسایی لێدراون، کە ئەمەش فشارێکی گەورەی لەسەر ئاوی ژێرزەوی دروستکردووە.
شیکردنەوەی داتاکانی وشکبوونی بیرەکان (2008-2025)
ڕەوتی وشکبوونی بیرەکان هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام مەترسییەکە بەردەوامە:
• بەرزترین ڕێژەی وشکبوون: ساڵی 2012 و ساڵی 2023 بەرزترین ژمارەی وشکبوونیان تۆمار کردووە کە لە هەر ساڵێکدا 38 بیر وشک بوون.
• ساڵانی کۆتایی: لە ساڵی 2021 بۆ 2023 ڕێژەکە بەرزبووەتەوە (22، 37، 38 بیر).
• کۆتا ساڵ: داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە 2025دا 30 بیر وشکبوون.
لیستی بیرە وشکبووەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەورووبەری هەولێرە، کە بەپێی ساڵەکان ڕیزبەندی کراون (لە 2008 تا 2025):
• 2008: 1 بیر
• 2009: 24 بیر
• 2010: 30 بیر
• 2011: 26 بیر
• 2012: 38 بیر (بەرزترین ژمارەی تۆمارکراو لەگەڵ 2023)
• 2013: 9 بیر
• 2014: 18 بیر
• 2015: 5 بیر
• 2016: 12 بیر
• 2017: 7 بیر
• 2018: 31 بیر
• 2019: 7 بیر
• 2020: 8 بیر
• 2021: 22 بیر
• 2022: 37 بیر
• 2023: 38 بیر (بەرزترین ژمارەی تۆمارکراو لەگەڵ 2012)
• 2024: 13 بیر
• 2025: 30 بیر
هۆکارەکانی وشکبوون و قووڵکردنەوەی بیرەکان:
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر سێ هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم دۆخە خستووەتەڕوو:
1. زیادبوونی دانیشتووان: گەشەی خێرای دانیشتووان لە سنووری پارێزگای هەولێر بووەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئاو، ئەمەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆرتر بیر لێبدرێن و فشار لەسەر بیرە کۆنەکان دروست بێت.
2. تەمەنی بیرەکان: بەشێکی زۆر لە بیرەکان تەمەنی کارکردنیان لە 30 ساڵ زیاترە، کە تووشی “رووتانەوە و داخوران” بوون و توانای بەرهەمهێنانیان نەماوە.
3. تەکنەلۆژیا و باری دارایی: باشبوونی باری دارایی هاوڵاتیان و هاتنی ئامێری پێشکەوتووی لێدانی بیر، بووەتە هۆی لێدانی ژمارەیەکی زۆر بیری نوێ بەبێ کۆنتڕۆڵکردن، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر وشکبوونی بیرەکانی دەوروبەر هەبووە.
دەرەنجام:
ئەم داتایانە ئاماژەیەکی روونن کە دەورووبەرى هەولێر هەولێر رووبەڕووی گرفتێکی جددی ئاو بووەتەوە. دابەزینی ئاو بۆ 710 مەتر و هەبوونی 4500 بیری نایاسایی، پێویستی بە هەڵوەستەی جددی و پلانێکی ستراتیژی هەیە بۆ پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی بۆ نەوەکانی داهاتوو.





