دیوی پشتەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی مارکۆ ڕۆبیۆ بە شەیبانی گوت مەزڵوم عەبدیت لەگەڵدا نەبێت كۆبونەوە ناكەین

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە ئەسعەد شەیبانی ، وەزیری دەرەوەی سوریای گوت: مەزڵوم عەبدی-ت لەگەڵدا نەبێت كۆبونەوە ناكەین، ئەمە نوێترین زانیارییە دەربارەی کۆبوونەوە مشتومڕاوییەکەی مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هەریەکە لە شەیبانی و فەرماندەی گشتی هەسەدە.

پێگەی مۆنیتۆر لە ڕاپۆرتێکدا لەزاری سەرچاوە دیبلۆماسیەکان باسی لەو کۆبوونەوەیەی میونشن کردوە و دەڵێت: مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مەرجی ئەوەی دانا کە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، لە میانی کۆبونەوەیەکدا کە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 13ی شوبات بەڕێوەچوو، دەبێت شانبەشانی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا ئامادە بێت و بەشدار بێت لە گفتوگۆکاندا”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە دیبلۆماسیانە، روبیۆ هاوتا سورییەکەی ئاگادارکردووەتەوە، ئەگەر عەبدی بەشێك نەبێت لە شاندەكەی سوریا، کۆبوونەوەکە ئەنجام نادرێت، دوابەدوای رەزامەندی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، عەبدی بە یاوەری ئیلهام ئەحمەد بەشداری کرد و لەلای راستی شەیبانی دانیشت، چاودێران ئەو دیمەنە بە دانپێدانانی بێدەنگی ئەمریکا بە سەرکردایەتی کورد وەک یاریزانێکی چالاکی سیاسی و سەربازی لە هاوکێشەی سوریا دادەنێن”.

ئەلمۆنیتۆر ئاماژە بەوەشدەكات: ئەم هەنگاوە رەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر هێزەكانی سوریای دیموكرات نییە، بەڵکو مەبەست لێی هێورکردنەوەی توڕەیی کۆنگرێسی ئەمریکا بوو سەبارەت بە مامەڵەی حکومەتی سوریا لەگەڵ کەمینەکان، بەتایبەتی دوای ئەو توندوتیژییەی ساڵی ڕابردوو عەلەوییەکان و دروزەکان کردە ئامانج.

نادین ماینزا، پسپۆڕی ئازادی ئاینی نێودەوڵەتییەوە بۆ مۆنیتۆر گوتویەتی: خاڵی وەرچەرخانی راستەقینە هێرشی سوپای سوریا بوو بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوو، کە دیمەنی توندوتیژیی تێدابوو کە بە “ترسناک” وەسفکران بەرامبەر بە شەڕڤانانی کوردو مەدەنییەکان.

ماینزا گوتوشیەتی، راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەشێک لە هێرشبەرەکان دروشمی داعش بە جل و بەرگیانەوە بووە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لە واشنتۆن دروستکردووە سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی توندوتیژی لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و ئێزیدی و مەسیحییەکانیش لەخۆدەگرن، هەروەها ترسی ئەوە هەبوو کە زیندانەکانی داعش یان کەمپی ئەلهۆڵ کە بنەماڵەی ئەندامەکانی تێدایە بکرێتەوەو ئەگەری هەیە توندڕەوەکان بگەڕێنێنەوەو بازنەی ئاژاوە فراوانتر بکات.

بەهۆی ئەوەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا نەیتوانی دەستوەردانی راستەوخۆ بکات، لیندسی گراهام سیناتۆری کۆمارییەکان هەنگاوی نا بۆ زیندووکردنەوەی سزاکانی یاسای قەیسەر بە شێوەیەکی توندتر، گراهام بە هاوکاری لەگەڵ سیناتۆری دیموکراتەکان ریچارد بلومنتال، پڕۆژە یاسایەکی بە ناوی “یاسای ڕزگارکردنی کورد” پێشکەش کرد کە سزای توندی ئابوری دەسەپێنێت و دەتوانێت ڕێگری لە هەر بوژانەوەیەکی ئابوری سوریا بکات.

گراهام لە ژووری دۆناڵد ترەمپ بووە لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەرع و داوای لێکردووە مەرجی باشتر پێشکەش بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بکات لە چاو ئەو خاڵانەی کە لە 18ی كانوونی دووەم لەلایەن تۆم باراک نوێنەری ئەمریکاوە ناوبژیوانی کرا، لەگەڵ ئەوەی رێككەوتنە نوێیەكە كە لە 30 كانوونی یەكەمدا راگەیەندرا، بە راشكاوی ئاماژەی بە ئۆتۆنۆمی نەكردووە، بەڵام رێگەی داوە بە هەسەدە چوار لیوای سەربازی هەبێت و رێگە لە هێزەكانی حكومەت دەگرێت بچنە ناو ئەو شارۆچكەو گوندانەی زۆرینەیان كوردن.

بەرپرسێکی هەرێمیی كە داوایکردووە مۆنیتۆر ناوەکەی ئاشکرانەکات گوتویەتی: کۆبونەوەی روبیۆ لەگەڵ مەزڵوم عەبدی پەیامێکی روون بوو بۆ کۆنگرێسى نارد بەوەی “ئێمە گوێمان لێتانە” هاوکات بۆ ئەحمەد شەرعیش پەیام بوو بەوەی ئێمە وەك ئیدارەی ئەمریكا چاودێریتان دەکەین.

بەڵام ئەم پشتگیرییە تا کەی بەردەوام دەبێت؟ پشتیوانی دوولایەنە بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە بوێری و کاریگەریی کوردەکان لە شەڕی دژی داعشەوە سەرچاوەی گرتووە، هێشتا جیهادییەکان مەترسی دروست دەکەن، بەڵام لەگەڵ چوونە ناوەوەی فەرمی سوریا بۆ هاوپەیمانی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، وردە وردە سەرنجەکان لە هێزەکانی سوریاوە دەگۆڕێت بۆ سوپای سوریا، لەوەش نیگەرانکەرتر بۆ کورد بەردەوامی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە بنکەکانیان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و هەندێکیشیان دووبارە بڵاوبوونەتەوە لە کوردستانی عێراق.

زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە کشانەوەی تەواوەتی ئەمریکا هەڵەیەکی گەورە دەبێت، ئالان ماکۆڤسکی، لێكۆڵەری دیار لە ناوەندی پێشکەوتنی ئەمریکی کە ئەزموونی دەیان ساڵەی لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، چ لە حکومەت و چ لە کۆنگرێس، بە ئەلمۆنیتۆری راگەیاند: مەترسییەکە ڕوونە:

سەرهەڵدانەوەی داعش یان بە قاچاغبردنی چەکی ئێرانی، کە هەردووکیان دەبێتە پاشەکشەیەکی جددی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ماکۆڤسکی دەشڵێت: ئەگەر هەریەکێک لەم شتانە لە ماوەیەکی نزیک تا مامناوەنددا رووبدات، ئەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک ئەنجامی کشانەوەی ئەمریکا و شکستی جیهانی سەیر دەکرێت، ئەمەش دانایی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

هێشتا هێزەکانی سوریای دیموکرات باشترین و بەئەزموونترین هاوبەشی هاوپەیمانییەکەن لەسەر زەوی، بەڵام لە زنجیرەیەک پۆستی شۆککەر و راشکاوانەدا لە سەكۆی ئێكس لە مانگی یەکدا، باراک رایگەیاند: رۆڵی هەسەدە تا رادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە.

ماکۆڤسکی هۆشداریشی دا لەوەی، کوردەکانی سوریا دۆستی بەهێزیان لە کۆنگرێسدا هەیە، بەڵام کۆنگرێس دەكرێت گۆڕانی بەسەردا بێت و ڕەنگە وەک پێویست گرنگی پێنەدات، ناكرێت کورد حساب لەسەر وەڵامێکی بەهێز ، چ جای خێرا، لە کۆنگرێسەوە بکات لە هەموو قەیرانێکدا، بەتایبەتی کاتێک دۆخی سەر زەوی تەمومژاوی بێت.

Back to top button