کۆتایی گەمەکە؛ تەنانەت چینیش بە هانای ئێرانەوە ناچێت

ڕۆژانێک هەرکات ناوی چین و ڕووسیا دەهات، ناوی ئێرانیش لە پاڵیاندا بوو. هێڵێکی سیاسی و سەربازیی و تەنانەت ئابووریش ئەو سێ وڵاتەی پێکەوە دەبەستەوە، بەڵام دووجارە ڕاستەوخۆ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر دڵی ئێران، چین و ڕووسیا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و ئامادەنین بچنە بەرەی پشتیوانیکردن لە ئێران.

سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ تاران، چین لە هاتنە ناوەوە بۆ پشتیوانییەکی بەهێزی هاوبەشەکەی، خۆی بەدوور گرتووە، لەکاتێکدا ئەمریکا گورزی خۆی وەشاند و بەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان دەستی بە هێرشی ئاسمانیی بۆسەر ئێران کرد.

پەکین سەرنجی لەسەر هاندانی دیپلۆماسی و ئاسایشی ناوچەکە بوو. لە 24ی شوبات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەم هەڵوێستەی دووپاتکردەوە و وتی کە “هیوادارین لایەنە جیاوازەکان خۆیان بگرن و لە ڕێگەی گفتوگۆوە ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن”. بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل حسابی جددییان بۆ پەیامەکانی پەکین نەکرد، چونکە وادیارە ئەوانیش دەزانن ئەو وڵاتە هەر لە بنەڕەتەوە بڕیاریداوە دەستوەردان لەو دۆخەی دروست دەبێت نەکات.

بێلایەنی چین لەسەر خۆگرتن و گفتوگۆ لە بەرامبەر هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا، ڕەنگە وا دەرکەوێت کە وازی لە تارانی هێناوە، ئەمەش ئەو بۆچوونە بەهێزتر دەکات کە هاوبەشێکی جێ متمانە نییە. مانگی ڕابردوو ئەمریکا نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای لە ژووری نوستنەکەیدا دەستگیرکرد، مادۆرۆ هاوبەشە نزیکەکەی چین بوو، وایکردبوو چین کۆنترۆڵی بەسەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلادا هەبێت، چین لەو پێناوەدا ملیارەها دۆلاری وەبەرهێنانی تێدا کردبوو، بەڵام لەکۆتایدا جگە لە هەڵبژاردنی بێدەنگیی، هیچ شتێک بۆ چین نەمایەوە.

بەڵام ئەمە شتێکی نوێ نییە. چین هەمیشە خۆی لە پشتیوانیکردنی ئێران لەڕووی سەربازییەوە بەدوور گرتووە. پەکین ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەگرێت، ئەوەش شتێکی سروشتییە، بەڵام پشتیوانی ماددی تاران ناکات. سەرەڕای ئەوەی کە پەکین هاوبەشێکی ستراتیژی هەمەلایەنەی ئێران بووە.

لێدوانە سنووردارەکانی پەکین پرسیاری لەبارەی متمانەپێکراوی چین لەکاتە هەستیارەکانی ئێران دروستکردووە. بۆ زۆرێک لە چاودێرانی ڕۆژئاوایی، هەڵوێستی چین بەرامبەر بە ئێران بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە نزیکەکانی سەرسوڕهێنەرە. ئاخر پەکین و تاران هاوبەشی ستراتیژی هەمەلایەنەن، لە ساڵی 2021دا ڕێککەوتنێکی ستراتیژی 25 ساڵەیان واژۆ کردووە.

چین وەک هێڵی ژیان بۆ ئابووری ئێران دادەنرێت، کە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکان کەوتۆتە بەر لێدان. لە ساڵی 2025 چین زیاتر لە 80%ی نەوتی کەشتییەکانی ئێرانی کڕیوە، بە داشکاندنێکی بەرچاو.

وەڵامدانەوەی سنوورداری پەکین بۆ هەردوو شەڕی 12 ڕۆژە و فشارەکانی ئێستای ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر تاران و لێدانی ئەمڕۆی تاران، بۆچوونەکانی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە کە باس لەوە دەکەن، کاریگەریی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزبووەتەوە. لەڕاستیدا چین لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تاڕادەیەکی زۆر لەسەر کورسی پشتەوەی ناوچەکە دانیشتووە، جگە لە ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل لەسەر غەززە و هۆشداریی بە ئەمریکا بۆ هێرش نەکردنەسەر ئێران، هیچ کارێکی دیکەی نەکردووە.

پەکین نیگەرانە لەوەی ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی، شەڕێکی ناوچەیی دەستپێبکات. شەڕێکی لەو شێوەیە کە مەترسی داخستنی ڕێڕەوی کەشتیوانی بکات و ڕێگری لە هاوردەکردنی نەوتی چین لە کەنداو بکات. هەروەها دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی ئێران وڵاتانی کەنداو بکاتە ئامانج، کە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی چین زۆر لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران زیاترە.

ئێران بە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆی دەگۆڕێت و میکانیزمێکی نوێی ڕێگریکردن دادەنێت کە ڕەنگە هەر کردەوەیەکی سەربازیی ئەمریکا یان ئیسرائیل لە داهاتوودا سنووردار بکات. ئەمەش ڕەنگە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چەندین نەوە ناسەقامگیر بکات. هەروەها بە شێوەیەکی فراوانتر دەتوانێت هانی ڕکابەرە ناوچەییەکانی چین بدات، وەک ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئوسترالیا، کە هەوڵبدەن ببنە هێزی ئەتۆمیی، وەک ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە جەختکردنەوەکانی پەکین.

پەکین لە مێژە دژی ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە، تەنانەت ڕەنگە دادپەروەرانە بێت کە گریمانە بکەین پەکین تەحەمولی هێرشە سنووردارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات، وەک تاکتیکێکی دانوستان ئەگەر بتوانن پێشکەوتنێکی دیپلۆماسی دەستەبەر بکەن، کە کێشەی ئەتۆمی ئێران چارەسەر بکات بەبێ ئەوەی شەڕێکی سەرتاسەری ناوچەیی دەستپێبکات.

چین ڕژێمی لاوازی ئێران هەم وەک مەترسی و هەم وەک دەرفەتێک دەزانێت. پەکین نایەوێت ڕووخانی تەواوەتی ڕژێمی ئێران ببینێت، کە حکومەتێکی هاوپەیمانی ڕۆژئاوایی جێگەی بگرێتەوە. لە هەمان کاتدا پەکین دەتوانێت سوود لە لاوازی ئێران وەربگرێت بۆ زیادکردنی پشتبەستنی ڕژێم بە چین.

چین دەیەوێت ئامانجە درێژخایەنەکانی بەدەستبهێنێت بەبێ ئەوەی واشنتۆن تووڕە بکات، یان سەقامگیری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین تێکبدات، بەتایبەتی پێش سەردانی چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ چین لە مانگی نیساندا.

ترەمپ و شی جینپینگ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە 4ی شوباتدا چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد لەوانە ئێران، تایوان و بازرگانی. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پەکین ڕەنگە لە بەرامبەر ئەو پرسانەی ڕاستەوخۆتر پەیوەندییان بە بەرژەوەندییەکانییەوە هەیە، وەک تایوان و بازرگانی، بە دوای ئیمتیازاتدا بگەڕێت، لە بەرامبەر بێدەنگبوونی بەرامبەر بە ئێران.

بۆ سەرکردەکانی چین ئەمە کێشەی واشنتۆنە. ئەم خولە پچڕپچڕانەی پێکدادان لەگەڵ ئێران، خزمەت بە ئامانجەکانی پەکین دەکات بە زیادکردنی تێچووی ئەمریکا لەشەڕەکانی کەنداو، سەرقاڵکردنی ئەمریکایە لە ڕووبەڕووبوونەوەی چین لە هیندستان و زەریای هێمن و هێواش هێواش کەمکردنەوەی سەرچاوە سەربازی و داراییەکانی. ئەم واقیعە هاوتەریبە لەگەڵ ئامانجی ستراتیژی پەکین لە جیهاندا، کە بریتییە لە تێکدانی هەژموونی ئەمریکا، نەک جێگەگرتنەوەی.

تا ڕژیمی ئێران لاوازتر بێت، چ لە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا یان ئیسرائیل یان نائارامی ناوخۆیی، لە ڕووی دیپلۆماسی و ئابووری و تەکنۆلۆژییەوە، ئێران زیاتر وابەستەی چین دەبێت. ئەمەش دەرئەنجامێکی نەخوازراو بەڵام بەرچاوی هەڵمەتی زۆرترین فشاری ئەمریکا دەبێت.

چین یارییەکی درێژخایەن لەسەر حیسابی ئەمریکا دەکات. ئەوە پەیوەستە بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە کە سیاسەتەکانیان هەڵبسەنگێننەوە، بۆ ئەوەی بێئاگایانە خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی چین نەکەن.

Back to top button