دەربارەی عەلی خامنەیی: لە جگەرە و پایپەوە بۆ بڕیاردەری یەکەمی ئێران

 

زیاتر لە 30 ساڵ قسەی یەکەم و کۆتایی ئێران ئەو دەیکرد، دژی هاوپەیمانیکردن بووە لەگەڵ ڕۆژئاوا و مەیلی بەلای هاوپەیمانێتی ڕووسیا و چین بوو، بەڵام لە مردنەکەیدا نە چین نە ڕووسیا هەڵوێستێکی ڕوون و کردارییان نەبوو، عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران و ئەندازیاری داڕشتنی تۆڕێکی ئاڵۆزی حوکمکردنی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناوی تەواوی سەید عەلی حوسێنی خامنەییە و لە 19-04-1939 لە مەشهەد لەدایک بووە. بە رەچەڵەک ئازەری زمان و خەڵکی شاری خامنەیە لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات .منداڵییەکی سەختی بەڕێ کردبوو؛ ئەو ئاماژەی بە شەوانێک دەکرد کە هیچیان نەبووە بیخۆن. دەیگوت دایکی لە جلە کۆنەکانی باوکی، جلی بۆ ئەو و براکانی دەدووری.

لە ساڵی 1958 لەگەڵ باوکی چووبوو بۆ نەجەف و ساڵی 1959 چووبوو بۆ قوم، لەوێ ببووە قوتابیی چەندین شێخ کە دیارترینیان «خومەینی» بوو.

خامنەیی خوێندنی ئایینی تەواو کردووە و پلەی مەرجەعی ئایینی هەبوو، خێزاندارە و باوکی چوار کوڕ و دوو کچە. یەکێک بووە لە رێبەرانی ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتیی ئێران، لە سەردەمی پاشایەتیی ئێراندا لە 1963 تاوەکو 1977 چەندین جار دەستبەسەر کراوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شۆڕش.

لە گەنجیدا پێش شۆڕش جگەرەی دەکێشا، دوای 1979 ڕووی لە کێشانی “پایپ” کردبوو، بەڵام لە ساڵی 1981 لەسەر وەسیەتی پێشتری خومەینی وازی لێ هێنابوو.

ساڵی 1980 لە بازنەی تاران وەکو ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردراوە. لە 27-06-1981 لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو، بۆمبێکیان لەناو ئامێری تۆمارکردنی دەنگدا بۆ چاندبوو. بەڵام ڕزگاری بوو، بەڵام بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دەمارەکانی دەستی ڕاستی پچڕان و ئیفلیج بوو.

خامنەیی یەکەم سەرۆکی سوپای پاسداران، ئیمامی جومعەی تاران، و سێیەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو بۆ ماوەی 8 ساڵ. لە 3ی حوزەیرانی 1989، دوای کۆچی دوایی خومەینی، وەک ڕێبەری باڵای کۆمار هەڵبژێردرابوو.

خامنەیی لەلایەن دادگەی میکۆنۆسی ئەڵمانیاوە بە یەکێک لە بڕیاردەرانی تیرۆری د. سەعید شەرەفکەندی ناسێندراوە. ئەو بۆ ماوەی 36 ساڵ کەسی یەکەمی ئێران بووە و بەشێک لە شیعەکانی وڵاتانی دیکە بە رێبەری خۆیانی دەناسێنن.

لەلایەن گۆڤاری فۆربزی ئەمریکی وەکو بە یەکێک لە بەهێزترین کەسانی جیهان ناسێنراوە. خامنەیی لە سیاسەتی دەرەوەدا دژی رۆژئاوا بوو و باوەڕی بە هاوپەیمانی و نزیکایەتی لە رووسیا و چین هەبوو. هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیلی دەکرد و رایگەیاندبوو ئامادە نییە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە.

لە 28-02-2026 دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی راگەیاند. دواتریش ئێران بە فەرمی کوژرانەکەی پشتڕاستکردەوە.

 

 

Back to top button