چۆن بە فەرمانی ڕاستەوخۆی خامنەیی، قاسملو شەهیدکرا؟

 

شەهیدکردنی عەبدولڕەحمان قاسملو، سیاسەتمەداری ناوداری کورد لەکاتی دانوستانەکانی نێوان ڕژێمی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان لە ڤییەنا، ساڵانێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام لەگەڵ کوژرانی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای باڵای ئێران دا، ناوی قاسلمو هاتەوە ڕیزی پێشەوەی باسکردنی ئەو ڕووداوانەی لە سەردەمی دەسەڵاتەکەی خامنەیدا ڕوویانداوە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی 1982 کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشێکی گەورە دەکاتە سەر حزبی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵە، لەو کاتەدا عەبدوڵا حەسەن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکرات، دەچێتە خڕی ناوزەنگ و داوای یارمەتی و هێز لە مام جەلال دەکات و لەوێ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و ملازم عومەر، وەک بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری یەکێتی دەکات و داوای یارمەتی و هێز دەکات.

سەرکردەکانی یەکێتیش قایل دەبن و مام جەلال فەرمان دەدات هێز کۆبکرێتەوە و دوو هەزار پێشمەرگە بۆ هاوکاری رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت و دوای ماوەیەک خودی مام جەلال خۆی دەچێتە رۆژهەڵات و لەگەڵ قاسملوو سەرپەرشتی شەڕەکان دەکات و پەیوەندییەکانی نێوانیان پتەوتر دەبێت. تا ئەوەی لە ساڵی 1989 مام جەلال لەسەر داوای ئێران دەکەوێتە دانوستان بۆ رێککەوتن و یەکەم کۆبوونەوەش لە نەمسا و لەماڵی خەبات کەریم مەعروف دەبێت و مام جەلال خاوەنماڵ و نزیکەی 20 پێشمەرگەی دیکەی یەکێتی رادەسپێرێت بە دەمانچەوە لە ئامادەباشیدا بن و پارێزگاری لە قاسملوو بکەن.

مام جەلال دەگەڕێتەوە و کوردستان و پاش ماوەیەک سوپای پاسداران ئاگاداری دەکەنەوە کە کارەکان تێکچوون و ئامادەنین بۆ رێککەوتن.

بەبێ ئاگاداری مام جەلال، وەفدی ئێرانی لە 13ی تەموزی 1989 لەگەڵ د. قاسملو لە ماڵی فازیلی مەلا مەحمود، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکرات لە ڤیەننا کۆ دەبنەوە و باسی ئۆتۆنۆمی بۆ رۆژهەڵات دەکرێت و ماوەیەک گفتوگۆ دەکرێ، بەڵام لەو کاتەدا تیمێکی ئیتڵاعات لەسەر فەرمانی راستەوخۆی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و هاشمی رەفسەنجانی، سەرۆک کۆماری ئەو کاتە، وەفدی دیموکرات و د. عەبدولرەحمان قاسملوو تیرۆردەکەن و دەردەکەوێت ئەحمەدی نەژادیش دەستی هەبووە لەو کردەوەیەدا، وەک ئەوەی دادگای میکۆنۆسی ئەڵمانی لەسەر کەیسەکە ئاشکرای کردووە.

ملازم عومەر، سەرکردە و پێشمەرگەی دێرین کە پردی پەیوەندی نێوان مام جەلال و د. قاسملوو بووە دەڵێت: دواتر بۆمان دەرکەوت ئێرانییەکان بە قاسملوویان وتووە با جەلال تاڵەبانی لە گەڕی دووەمی کۆبووەنەوەکان بەشدار نەبێت و زانیاری دەباتە دەرەوە و ئەویش بەقسەیان دەکات، بەڵام ئامانجی سەرەکییان بۆ ئەوەبووە مام جەلال و پێشمەرگەکانی پاریزگاری لە قاسملوو نەکەن و رۆژی دواتر مام جەلال لە ئێرانییەکان توڕەبوو وتی بۆچی بەناوی منەوە لێدوانتان بڵاوکردووەتەوە و وتووتانە جەلال تاڵەبانی دەڵێت سوپای پاسداران کردەوەکەی ئەنجامنەداوە.

دوای شەهیدکردنی، هاوژینەکەی قاسملوو لە دادگا دەڵێت، ئەو پارەیەی لەدوای قاسملوو لە بانکدا جێماوە پیشتر وەسیەتی کردووە لەگەڵ کتێبخانەکەی بدرێت بە حزبی دیموکرات.

پۆلیسی ڤێننا لەسەر ڕووداوەكە چی دەڵێ؟
تیرۆریستەكان لەگەڵ دەستپێكی دانیشتنەكە و كردنەوەی جانتاكانیان دەستڕێژی گولەیان لێدەكەن, لەئەنجامی شڵەژاندن و هاتنە دەستی د.فازیل كە بەدەست پەلاماری جەعفەری سەحرەوەردی داوە لەوێدا یەكێكی تر لە سێ تیرۆریستەكان د.فازیل شەهید دەكەن و لەو نێوەندەشدا جەعفەری سەحرەوەردی بریندار دەبێت , ئەمیری بزورگیان لەگەڵ كەسی سێیەم وایانزانیوە كە جەعفەری سەحرەوەردی مردووە و بەجێیدەهێڵن تەنانەت دەرگای شوقەكە بەكراوەیی بەجێدەهێڵن و بە ماتۆڕ خۆیان دەگەیەنە سەفارەتی ئێرانی, جەعفەریش بە سكەخشێ خۆی دەگەیەنێتە دەرەوەی شوقەكە تا لای پلیکانەکان لەوێدا توانای نامێنێت پۆلیس كاتێك دەگەنە شوێنەكە جەعفەر دەگەیننە نەخۆشخانە و لەوێ دەیناسنەوە كە لە جەنگی عێراق-ئێران سەرۆكی ئەو وەفدەی ئێران بووە سەفقەی كڕینی تۆپی 155 ملمی نەمساوی کردوە.

پشكنینەكانی پۆلیس دەریان خستووە كە ئەو ماتۆڕەی تیرۆریستان پێی هەڵهاتن و خۆیان گەیاندە باڵوێزخانەی ئێران, چەند ڕۆژێك پێش كردەوە تیرۆرستییەكان كڕیویانە.

پۆلیسی ڤێننا ڕایانگەیاند لە ئەنجامی توێكاریدا پێستی جەعفەری سەحرەوەردی لەژێر نینۆكی شەهید د. فازیلدا هەبووە. لەبەر شاردنەوە و پێچانەوەی كەیسەكە, ڕاستەوخۆی بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆی ووڵاتی نەمسا هەر سێ تیرۆریستەكە گەیەندراونەتە ئیتالیا و لەوێوە بەرەو ئێران بەڕێكەوتن, ڕەنگە بپرسن بۆچی لەفڕۆكەخانەی ڤێنناوە دەریان نەكردوون ؟ چونكە بە فەرمی فەرمانی گرتنیان لەسەربووە و تا ئێستاش كەیسەكە بە كراوەیی ماوەتەوە.

هەر بۆ زانیاری وەزیری ناوخۆی ئەوكاتەی حكومەتی نەمسا ئەندامی حیزبی سۆسیال دیموكرات، كرا بە ئەندام پەرلەمان و پارێزبەندی پێدرا, هەروەها هەڵسوڕێنەری سەفقەی فرۆشتنی تۆپی 155 ملم بە ڕژێمی ئێران لەسەر حیزبی پارێزگاران كە ئەوكات سكرتێری وەزارەتی دەرەوەی نەمسا بوو, دواتر بوو بە سەرۆككۆماری ووڵاتی نەمسا.

د.عەبدولڕەحمانی قاسملو لە 22ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1930 لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووەو خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لەو شارە تەواو كردوە و بۆ خوێندنی دواناوەندیش چووەتە تاران‌، پاشان لەسەروبەندی راگەیاندنی كۆماری مهاباد رێكخراوی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانی دامەزراندوە، ئەوەش دەبێتە وێستگەیەكی گرنگی كاری سیاسی.

قاسملو لە ساڵی 1947 و دوای رووخانی كۆماری كوردستان ئێران بەجێهیشتووەو رویكردوەتە ئەوروپاو لە زانكۆی پراگ لەچیكسلۆفاكیاو لە بەشی زانستی سیاسی‌و ئابووری دەستی بەخوێندن كردوە، لە ساڵی 1951دا لەگەڵ كچێكی چیكی بەناوی “هێلێن كرۆلیچ” ناسراو بە “نەسرین قاسملوو” ژیانی هاوسەری پێكهێناوە.

لە 1961دا دەگەڕێتەوە بۆ پراگ و خوێندنی دكتۆرا تەواو دەكات‌و دەبێتە مامۆستای زانكۆو هەر لەوێش نامەی دكتۆراكەی كە بە یەكێك لە بەرهەمە ئەكادیمییە گرنگەكان لە سەر پرسی كورد دادەنرێت بە ناوی “كوردستان و كورد” تەواو دەكات‌و لە ساڵی 1962 وە تا ساڵی 1970 لە زانكۆی پراگ وانەی ئابووریی سەرمایەداری و ئابووریی سۆسیالیستی و تیۆریی سەرهەڵدانی ئابووری وتووەتەوە.

لە ساڵی 1953 دەبێتە ئەندامی كومیتەی ناوەندی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەسەروەختی ڕووخانی ڕژێمی پادشایەتی لەعێراق‌و هاتنە سەردەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم، قاسملو و چەند سەركردەیەكی حیزبی دیموكرات‌و ڕوویان لە عێراق كردوە.

 

 

Back to top button