
ئەم ڕۆژانە مێژووی 23 ساڵ بەر لە ئێستا دووبارە دەبێتەوە، بە دیاریکراوی ساڵی 2003 جۆرج بووشی کوڕ، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا تەلەفۆنەکەی هەڵدەگرت و زەنگی بۆ سەرکردە کوردەکانی باشووری کوردستان لێدەدا و پلانی دوای ڕووخانی رژێمی سەدام حسێنیان دادەنا، ئەو ڕۆژانە ئەمریکییەکان تێگەیشتبوون بەبێ کورد، ئەستەمە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن ئیدارە بدرێت.
ئێستا ساڵی 2026ە و نزیکەی 23 ساڵ بەسەر پەیوەندییەکانی بووش لەگەڵ تاڵەبانی و بارزانی بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس تێپەریوە، لەپێشهاتێکی نوێدا دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئەنجامدا. هێشتا دیار نییە بە دیاریکراوی ترەمپ چی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەوێت، بەڵام ئەوە ڕوونە کە تەلەفۆنی ترەمپ ڕاستەوخۆ بۆ سەرۆکەکانی ئەو دوو حزبە، دانپێدانانە بەوەی حوکمی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان لەدەستی ئەواندایە، ئەوەی دەمێنێتەوە وەك سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕووپۆشێکی بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان.
وەك چۆن بووشی کوڕ ساڵی 2003 ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەندی بڕیاردانی کورد کە تاڵەبانی و بارزانی بوون قسەیکرد، ئەمجارەش ترەمپ لەگەڵ خاوەن بڕیار و قسەی یەکەمی کورد لە باشووری کوردستان گفتوگۆی کرد، کە تاڵەبانی کوڕ و بارزانی باوکە.
ئاژانسی ئەکسیۆس-ی ئەمریکی بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە 1ی ئادارى 2026، دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکردەکانی کورد لە عێراق ئەنجامداوە، سەبارەت بە پرسى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لێکەوتەکانى قسەی لەگەڵ کردوون.
ئاژانسەکە نوسیوێتی. گرنگی پەیوەندییە تەلەفونییەکە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، هەرێمی کوردستان خاوەنى هەزاران چەکدارە لەسەر سنورەکانی ئێران و خاوەنى ناوچەیەکى گرنگ و ستراتیژییە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ڕەنگە واشنتۆن سەرقاڵی داڕشتنی پلانێکی نوێ بێت بەو پێیەی ئەمریکییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە تەنها بە فڕۆکە و بۆردومان ناتوانن کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی ئێران بهێنن، بۆیە بەدوای هێزێک دا دەگەڕێن کە لەسەر زەوی و بە پێی خۆی بچێتە ناو خاکی ئێرانەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ترەمپ بۆ بافڵ تاڵەبانی پشتڕاستکردەوە و گوتی: بژاردەکانی ئەم قۆناغە خراوەتەڕوو. بەڵام هێشتا بارەگای بارزانی بێدەنگیی هەڵبژاردووە و لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە زانیاریی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام کورد مۆنیتەر زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەکتەبی سیاسی پارتی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بەرفراوانیان دوور لەڕاگەیاندن ئەنجامداوە، بۆ هەڵسەنگاندنی پێشنیازەکانی ترەمپ، وەك سەرچاوەیەکی باڵای نێو پارتی بە کورد مۆنیتەری گوت: “بارزانی بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی گووتووە ئەم دۆخە بۆ بڕیاردان قورسە، نامانەوێت بەشێک بین لە سوتەمەنیی ئەو جەنگەی زلهێزەکان هەڵیانگیرساندووە”. بەڵام ڕوون نییە قسەکەی بارزانی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکانی ترەمپە یاخود ڕونکردنەوەیە لەسەر ئەو دۆخەی دروستبووە.
یەکێک لەو ستراتیژانەی ئەمریکای پێ دەناسرێتەوە ئەوەیە، هەموو کات دۆستەکانی و ئەو گروپانەی لێوەی نزیکن بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، ڕەنگە ئەمریکا پێی وابێت کوردەکان خاوەنی ئەزمونێکی زۆر باشن و ساڵانێکیشە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت لە هەمووشیان گرنگتر، هاوسنورن لەگەڵ ئێران ئەمەش وادەکات ئەگەر کوردەکان پڕچەک بکرێن دەتوانن زۆر بە ئاسانی دزە بکەنە ناو خاکی ئێران و ناوچە کوردییەکان بگرنەوە و ئاسانکاری بکەن بۆ گرتنی ناوچەکانی دیکەش.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر لە پەیوەندیە تەلەفونیەکەدا، ترەمپ بەهیچ شێوەیەک باسی لە بەکارهێنانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی نەکردووە، بەڵکو پێی راگەیاندون کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەرە مەرگدایە و داوایکردووە گرفت بۆ پڕچەککردنی هێزە کوردیەکانی رۆژهەڵات دروست نەکرێت، بەڵکو لەلایەن هەرێمەوە هاوکاری لۆجیستی بکرێن.
ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت ئەو چەکە قورس و سوکانەی لە رۆژئاوای کوردستان پاشەکشەی پێکراوە ڕادەستی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکرێت، هاوکات لە رێگەی دروستکردنی چەند یەکەیەکی تایبەت و هەواڵگرییەوە بە زوترین کات ئامادەبکرێن بۆ چونە سەر سنورەکانی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەيەك سەرچاوە بە سى-ئێن-ئێنيان وتووە” كە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا CIA لەگەڵ هێزە كوردييەكاندا كار دەكات بە ئامانجى دروستكردنى ڕاپەڕينێكى بەرفراوان لە ئێران، هاوکات دەیانەوێت هێزە كوردييەكان هێرش بكەنە سەر هێزەكانى ئاسايشى ئێران و قەتيسيان بکەن ئەمەش دەرفەتی تەواوەتی دەداتە واشنتۆن بۆ ڕوخانی دەسەڵات لە ئێران.
هەرچەندە هێج وادەیەک بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە لەلایەن میدیاکانی ئەمریکاوە ئاماژەی پی نەکراوە بەڵام بڵاوبونەوەی هەواڵی پەیوەندیی ترەمپ بە مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوەمان پێدەڵیت: ڕەنگە پلانەکە چوبێتە بوار جێبەجێکردنەوە و بەمنزیکانە حزبەکانی رۆژهەڵات جوڵەی جیاواز بکەن.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردوە ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە پێویستی بە هاوکاریی سەرکردایەتی کورد لە عێراق هەیە بۆ ئەوەی خاکی هەرێم وەک بنکەیەکی سەربازیی و هەواڵگریی بەکاربهێنرێت. هەر ئەمەش وای کردوە سەرۆکی ئەمریکا ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی قسە بکات.
شەوی ڕابردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیاند: سەرۆکی ئەمریکا دەرفەتێکی پێشکەش بافڵ تاڵەبانی کردوە بۆ تێگەیشتن لە ئامانجەکانی ئەمریکا و گفتوگۆکردن لەسەر پشتگیری هاوبەشی هەردوولا بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێزی لە نێوان ئەمریکا و عێراق. بەڵام بە چەند کاتژمێرێک دواتر لە رێگەی دوو درۆنەوە بارەگای یوێن کە شوێنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە کرایە ئامانج، ئەمەش یەکەم پەیامی ئێران بوو لەسەر خودی پەیوەندییە تەلەفونییەکە.
ئاکسیۆس کە سەرچاوەی هەواڵەکەیە باسی لەوە کردوە خودی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ترەمپ بەرهەمی چەند مانگێک بووە لە لۆبیکردنی پشت پەردەی ئیسرائیل، بەو پێیەی “بۆچوونی نەتانیاهۆ ئەوەیە کوردەکان دێنە مەیدان و کورد سەرهەڵدەدات.”
کورد مۆنیتەر، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە زانیوێتی سەرکردایەتی کورد لە ئێستادا بێدەنگی و ترسێکی قوڵ دایگرتون بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان پییان وایە لەم دۆخەی ئیستای جیهان دا ناتوانرێت وەڵامی ترەمپ نەدرێتەوە و پێویستە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا بکرێت، بەشەکەی دیکەشیان دەترسن ئێران بەو ئاسانییە نەڕوخێت و لە داهاتودا هەریمی کوردستان باجی زۆر قورس بدات و لە کۆتایشدا تەنیا بمێنێتەوە.
پلانی پڕچەککردنی هێزەکانی ڕۆژهەڵات و گۆڕینی هەرێم بۆ بنکەیەکی سەربازی و هەواڵگری دەکرێت بڵێین، وەک یاری کردن بە ئاگر وایە، چونکە هەر جووڵەیەک بەم ئاڕاستەیە، کاردانەوەی توندی تارانی بەدوادا دێت کە ڕەنگە تەنها بە موشەک و درۆن نەوەستێت، بەڵکو هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم بدرێت وەک سزایەک بۆ ئەم “هاوپەیمانییە مەترسیدارە”.





