پێگەی ئەکسیۆس: بەکارهێنانی هێزە کوردییەکان بیرۆکی مۆساد بووە

لە کاتێکدا دەنگی ڕووخانی رژێمی ئێران لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان بەرزتر دەبێتەوە، ناوی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات وەک کارەکتەری ژمارە یەکی ئەم سیناریۆیە دێتە پێشەوە، لە نوێترین پێشهاتیشدا پلانێکی مۆساد و سی ئای ئاشکرا دەکرێت کە دەیانەوێت کورد بکەنە سەری ڕمی هێرشێکی زەمینی بۆ ناو قووڵایی خاکی ئێران و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاران لە ناوخۆوە.

پێگەی “ئاکسیۆس”ی ئەمریکی، لە نوێترین راپۆرتیی دا دەڵێت: حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینیی فراوان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ درووستکردنی فشارێکی ناوخۆیی توند و هاندانی هەڵگەڕانەوەی سەرتاسەری دژی ڕژێمی تاران.

ئاکسیۆس ئاشکرای کردووە؛ شەش ڕۆژ پێش هەڵگیرسانی جەنگەکە، پێنج گرووپی کوردی ئۆپۆزسیۆن کە بارەگاکانیان لە عێراقە، هاوپەیمانییەکیان بەناوی “هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران” پێکهێناوە. ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگەکەیە لە هێرشی ئاسمانییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زەمینیی لە ناو قووڵایی خاکی ئێراندا. هاوکات لە هەفتەکانی ڕابردوودا سەدان چەکداری ئەو گروپانە لە کەمپەکانی عێراق-ەوە گواستراونەتەوە بۆ سەر سنورەکانی ئێران.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئاکسیۆس، هێزە کوردییەکان پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ لەلایەن “مۆساد”ی ئیسرائیلی و “سی ئای ئەی”ی ئەمریکییەوە وەردەگرن. هەر لە سەرەتاشەوە بیرۆکەی بەکارهێنانی هێزە کوردییەکان بیرۆکەی مۆساد و نەتەنیاهۆ بووە، دواتریش ئەمریکا چووەتە ناو پلانەکەوە. ئامانجەکەش تەنها هێرشی زەمینیی نییە بۆسەر ئێران بەڵکو کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی دیاریکراوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا و لە ئەگەری ڕووخانی ئێران دا ببێتە هەرێمێکی “ئۆتۆنۆمی” بۆ هێزە کوردییەکان و ئیسرائیلیش پشتگیریی تەواوەتی لەمە دەکات.

پلانەکەی “مۆساد” و “سی ئای ئەی” جۆرێک نیگەرانی لە ناوخۆی ئەمریکا دروستکردوە، بەرپرسێکی ئەمریکا هۆشداریی توندی داوە لەوەی ڕەنگە هێزە کوردییەکان توانای سەربازیی پێویستیان نەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئێران و مەترسی هەیە لە داهاتوودا ببنە “سووتەمەنی جەنگ”. هەر لەم چوارچێوەیەدا، مارکۆ ڕۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی کۆنگرێس دا وتوویەتی: “ئێمە کوردەکان پڕچەک ناکەین، بەڵام کەس نازانێت ئیسرائیلییەکان چی دەکەن.”

بڕیاری هێزە کوردییەکان بۆ بەشداریکردن لەم پلانە سەربازییەدا، لە نێوان ‘دەرفەتێکی مێژوویی’ و ‘گرەوێکی پڕ مەترسیدایە’. لە لایەکەوە ڕازیبوون بەم پلانە وەک دەروازەیەک دەبینرێت بۆ بەدەستهێنانی خەونی لەمێژینەی ‘ئۆتۆنۆمی’ بەڵام لە لایەکی تریشەوە، مەترسی هەیە ئەم هێزانە ببنە کارتی گوشاری کاتیی و لە کاتی هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان واشنتۆن و تاران، وەک هەموو جار بەتەنیا بمێننەوە.

زۆربونی هەواڵەکان لەسەر هێزە کوردییەکان تارانی نیگەران کردوە بۆ ئەو مەبەستەش عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سودانییەوە کردوە و نیگەرانی خۆی لە جووڵەی هێزە کوردییەکان لە ناو خاکی عێراقەوە دەربڕیوە. بەڵام سوودانی جەختی کردووەتەوە کە ڕێگە نادەن بە هیچ شێوەیەک خاکی عێراق بەکاربێت، هاوکات پێدەچێت قسەکانی سودانی دڵنیایی تەواوی تێدا نەبوبێت هەر بۆیە ئێرانییەکان بە موشەک بارەگای حزبە کوردییەکانیان لە سلێمانی و هەولێر کردووتەوە ئامانج، ئەمەش وەک وەڵامێکی پێشوەختە بۆ ئەو زانیارییانەی کە ئاکسیۆس و سی ئێن ئێن بڵاویان کردووەتەوە.

گرەو کردنی “مۆساد” و “سی ئای ئەی” لەسەر هێزە کوردییەکان رۆژهەڵاتی کوردستان، هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی ئاڵانگارییەکی ئەمنیی و دیپلۆماسیی سەخت کردووەتەوە. هەرێم ئێستا لە نێوان فشاری توند و هێرشە موشەکییەکانی تاران گیری خواردووە، هاوکات چالاکبوونی ئەم بەرە سەربازییەش لەسەر سنوورەکانی، نەک هەر سەقامگیریی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە بەڵکو بووەتە پاساوێک بۆ تاران تاوەکو دوکەڵ و ئاگر لە سلێمانی و هەولێر بەرزبکاتەوە.

Back to top button