
هێزە چەکدارەکانی ئێران لە جیهانی ئەمڕۆدا وەک مۆدێلێکی دەگمەن و پڕ لە مشتومڕ دەردەکەون. چونکە ئێران تەنها پشت بەیەک سوپای نیشتمانی نابەستێت بەڵکو سیستەمێکی سەربازیی نامۆ پەیرەو دەکات و خاوەنی دوو سوپای فەڕمییە کە ئەوانیش سوپای نیزامی یان “ئەرتەش” لەگەڵ “سوپای پاسداران”.
مێژووی ئەم دوو سوپایە دەگەڕێتەوە بۆ 1979 کاتێک پێش شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وڵاتەکە تەنها پشتی بە سوپای “ئەرتەش” دەبەست، بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش دەسەڵاتدارانی نوێ و لە سەرو هەمویانەوە ئایەتوڵا خومەینی گومانیان لە وەفای سەرکردە کۆنەکانی سوپای ئەرتەش هەبوو، هەربۆیە بڕیاریان دا سوپایەکی نوێ دروست بکەن کە پارێزەری ئایدیۆلۆژیای شۆڕشەکە بێت و ببێت بە چاودێرێکیش بەسەر سوپای ئەرتەشەوە، لێرەوە بە فەرمانی خومەینی سوپای پاسداران دامەزرا.
سوپای ئەرتەش ژمارەی سەربازەکانی دەگاتە نزیکەی 350 هەزار کەس. ئەم سوپایە بەراورد بە سوپای پاسداران کەمتر ئایدۆلۆژییە و زیاتر پێگەکەی بەرگرییە و ئەرکی سەرەکیشی ڕووبەڕووبونەوەی هەر هێرشێکی دەرەکی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێرانە.
ئەم سوپایە بەراورد بە سوپای پاسداران پێشکەوتوو نییە، هەرچەندە خاوەنی تانک، هێلیکۆپتەر، فڕۆکە، کەشتییە جەنگییە بەڵام بەشێکی زۆریان یان لە کارکەوتوون یاخود کێشەیان تێدایە، بەهۆی سزاکانی سەر ئێرانیشەوە ساڵانێکە نەتوانراوە نوێبکرێنەوە یاخود بگۆڕدرێن.
هەرچی سوپای پاسدارانە زیاتر ڕۆڵەکەی هێرشبەرییە، لە سەردەمی علی خامنەیی ئەم سوپایە زیاتر گەشەی سەند و بوو بەگەورەترین دامەزراوەی سەربازیی ئێران، کە خاوەنی هێزی ئاسمانی و دەریایی خۆیەتی و بەبێ گەڕانەوە بۆ سوپای ئەرتەش کارو ئۆپەراسیۆنەکانی لە دەرەوەی خاکی ئێران ئەنجام دەدات.
سوپای پاسداران لە 190 هەزار شەڕکەر و 32 یەکەی تایبەت پێکدێت، کە بەرپرسی سەرەکیین لە دروستکردنی موشەکە بالیستیی و درۆنەکانی ئێران و دابینکردنی کەرەستە و ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم. هەروەها بەڕێوەبردن و دابینکردنی چەک بۆ ئەو گروپە چەکدارانەی پێی دەوترێت “بەرەی موقاوەمە”.
سوپای پاسداران هاوشیوەی سوپای ئەرتەش خاوەنی هێزی وشکانی، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی-فەزایی، فەیلەقی قودس، لەگەڵ لقەکانی تری وەک ڕێکخراوی “بەسیج” و دەزگای هەواڵگریی بەڵام بە چەک و ئامێر و تەکنەلۆژیا پێشکەوتوتر و بودجەی زیاتر.
بەراورد بە ئەرتەش، سوپای پاسداران ژمارەیان کەمترە بەڵام بەهۆی نزیکیان لە خودی ڕێبەری گشتیی و فراونبونی ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەرەوەی ئێران خاوەنی دەسەڵاتێکی زیاترە و هیچ کارو چالاکییەکی دەرەوە و ناوەوە نییە بە فلتەری سوپای پاسداران دا نەڕوات.
بونی دوو سوپا لە ئێران چەند سوودێکی بۆ رێبەری گشتی ئێران هەبووە کە گرنگترینیان، دوورکەوتنەوەیە لە کودەتای سەربازی، چونکە هیچ کام لەم دوو سوپایە ناتوانن بە تەنها دەسەڵات بگرنە دەست، هەروەها دابەشکردنی ئەرکەکان وایکردووە سوپای ئەرتەش شەڕی بچوک و ئاسایی بکات، هەرچی سوپای پاسدارنیشە جەنگی گەورە و ئۆپراسیۆنی گەورە ئەنجام بدات وەک ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت.





