
ڕووسیا لە گەورەترین سوودمەندی هێرشی ئەمریکایە بۆسەر ئێران، کە لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە، بەڵام ئەمجارە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە نا، بەڵکو لەڕووی سەربازییەوە. چونکە ئەمریکا ناچاربووە قورساییەکی زۆر بخاتە سەر سیستمی پاتریۆت و بەوهۆیەوە مووشەکەکانی سیستمەکە کەمبوونەتەوە، تا جەنگی ئێران هەبێت ئەمریکا ناچارە مووشەک بۆ ئەو جەنگە دابین بکات، نەک بۆ جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا.
ڕۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، رووسیا گەورەترین سودمەندی جەنگی ئەمریکا و ئێرانە بەهۆی بەکارهێنانە بەردەوامەکانی سیستمی بەرگریی مووشەکیی پاتریۆت-ی ئەمریکی، ئێستا سیستمی پاتریۆت لە ئەنجامی ڕێگریکردن لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران کەم بووەتەوە و مەترسی لەسەر ئەو مووشەکانە دروستکردووە کە ئۆکرانیا بۆ بەرگری ئاسمانیی پشتی پێدەبەستێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئۆکرانیا پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی سەربازیی دژی ئێران بەدەست کەمی مووشەکی پاتریۆتەوە دەیناڵاند، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی مووشەکی سیستمەکە لە ئەمەریکا.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم کەمییە ڕێگەی بە رووسیا داوە کە بۆشاییەکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا بقۆزێتەوە، ئەمەش وایکردووە هێرشی وێرانکەر بۆ ژێرخانی وزەی وڵاتەکە ئەنجام بدات و شارەکانی ئۆکرانیا بخاتە ناو پچڕانی بەرفراوانی کارەباوە.
لە ڕۆژانی سەرەتای ململانێکان لەگەڵ ئێران، ئەمریکا و دەوڵەتانی کەنداو بە سەدان مووشەکی سیستمی پاتریۆت ڕێگرییان لە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران کرد، شرۆڤەکاران مەزەندە دەکەن هەندێک لە دەوڵەتانی کەنداو خاوەنی مووشەکی پاتریۆتی پێویستن تەنها بۆ چەند ڕۆژێک، بۆیە ئەگەر هێرشەکان چڕتر ببنەوە ئەوانیش دەستەوەستان دەبن. لەم دۆخەدا واشنتۆن سوود لە کۆگاکانی ناوچەکانی دیکە وەردەگرێت وەک زەریای هیندی و زەریای هێمن، ئەمەش کاریگەری لەسەر دۆخی سەربازیی ئەو ناوچانە دەبێت.
سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ژەنەڕاڵ دان کین ڕایگەیاند، ئێران لە سەرەتای هەڵمەتەکەوە زیاتر لە 500 مووشەکی بالیستیک و نزیکەی دوو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵداوە. ئاماژه ی بەوەشدا، هێشتا ئەمریکا تەقەمەنی پێویستی بۆ درێژەدان به ئۆپەراسیۆنەکانی دژ به ئێران هەیه .
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیای لۆکهید مارتن تا ساڵی 2025 تەنها نزیکەی 600 دانە لە پێشکەوتووترین وەشانی سیستمی مووشەکی پاتریۆتی بەرهەمهێناوە کە بە PAC-3 ناسراوە.
دروستکردنی یەک مووشەک لە سیستمی پاتریۆت کە تێچووی چەند ملیۆن دۆلارە، چەند مانگێکی دەوێت. پێکهاتەکانی لە کارگەکانی لە سەرانسەری ئەمریکا و تەنانەت لە وڵاتانی دیکەشەوە وەرگیراون، وەک ئیسپانیا.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، مووشەکی پاتریۆت بابەتی ژیان و مردنە بۆ وڵاتەکەی. ئاشکراشی کرد کە پەیوەندی بە هاوبەشە ئەوروپییەکانەوە کردووە، کە پارەی فرۆشتنی چەک بە ئۆکرانیا دەدەن، بۆ ئەوەی بزانێت ئایا شەڕ لەگەڵ ئێران کاریگەری لەسەر خشتەی گەیاندنی ئەو مووشەکانە دەبێت یان نا.
لای خۆیەوە، جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا، عەقید پاڤلۆ یلیزارۆڤ، دووپاتی کردەوە کە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئۆکرانیا لە مووشەکی بالیستی ڕووسییەوە دێت، هەروەها سیستەمی پاتریۆت تاکە ئامرازە بۆ بەرپەرچدانەوەیان. خەمڵاندنی هەواڵگری ڕۆژئاوا و ئۆکرانیا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا ڕووسیا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 80 مووشەکی بالیستیکی هەیە لە مانگێکدا.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا مەزەندە دەکات، مانگانە لانیکەم پێویستی بە 60 مووشەکی PAC-3 هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێژەی هێرشەکانی ڕووسیادا بگونجێت. مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگری ئەڵمانیا داوای لە ئەندامانی ناتۆی ئەوروپا کرد، کە مووشەکی زیادە بدەن بە ئۆکرانیا و بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە ئەڵمانیا تا ئێستا تاکە وڵات بووە، کە بەڵێنی پێدانی مووشەکی بەئۆکرانیا داوە.
دانوستانکارانی ئەوروپا و ئۆکرانیا پێیان وایە کەمیی مووشەکی پاتریۆت دەتوانێت هەوڵەکانی ئاشتی بخاتە مەترسییەوە. گەرەنتییە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا بریتین لە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی، ئەمەش لەگەڵ کەمبوونەوەی مووشەکی پاتریۆت یەکناگرێتەوە.
هاوکات رووسیا ڕۆژانە بەردەوامە لە هەڵدانی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری شاهی . ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ئێران پەرەیان پێدراوە و مۆسکۆ توانی بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرهەمیان بهێنێت دوای ڕێکەوتنی گواستنەوەی تەکنەلۆجیا لەگەڵ تاران لە ساڵی 2023.
سیستەمی پاتریۆت پێکهاتەیەکی سەرەکی بەرگری ئاسمانی ڕۆژئاوا بووە لە ساڵانی شەڕی ئۆکرانیا. هێزەکانی ئۆکرانیا بە سەرکەوتوویی بەکاریان هێنا بۆ خستنەخوارەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیکی ڕووسی لە کاتی ئاراستەکردنیان بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەش شرۆڤەکارانی سەربازیی تووشی سەرسوڕمان کرد کە گومانیان لە توانای سیستەمەکە هەبوو بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە موشەکە.
سەرەڕای خواستێکی زۆری جیهانی بۆ ئەم سیستەمە، زیادبوونی بەرهەمهێنان هێشتا سنووردارە. کۆمپانیای Raytheon خۆی سیستەمەکە بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا کۆمپانیای Lockheed Martin موشەکی سیستمەکە بەرهەم دەهێنێت. ئەمەی دووەمیان ساڵانە بەرهەمهێنانی بۆ نزیکەی 600 مووشەک زیادکردووە، پلانی هەیە تا ساڵی 2030 ئەو ڕێژەیە بۆ 2000 مووشەک لە ساڵێکدا بەرزبکاتەوە.
مایکل کاوفمان، توێژەر لە دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی لە واشنتۆن، پێی وایە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئێستا لەگەڵ بەکارهێنانی بەرز هاوتا نیە نە بۆ ئەمریکا لە جەنگی ئێران، نە بۆ ئۆکرانیا لە جەنگی رووسیا.





