میلیشیا شیعە عێراقیەکان لەشەڕکردن دژی سەدامەوە بۆ دژایەتی شەڕکردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران

 

ڕۆژانێک لەپاڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا شەڕی عێراق و سەدام حسێنیان دەکرد، پاساوەکەیان ئەوەبوو سەدام گەلەکەی دەچەوسێنێتەوە، شیعەکانی عێراق ئەو سەردەمە ئەم کارەیان بە نیشتمانپەروەریی بە خەڵک دەفرۆشتەوە، بەڵام ئەمڕۆ کە کوردانی ڕۆژهەڵات دەیانەوێت شەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن و هۆکارەکەشیان هەمان هۆکاری ئەو سەردەمەی شیعە چەکدارەکانی عێراقە، ئەوان دێن و پێیان دەڵێن “خۆفرۆش” و “داردەستی بێگانە”.

ساڵی 1982 فەیلەقی بەدر کە لەو کاتەدا باڵی سەربازیی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق بوو دامەزرا. ئێران پڕچەکی کردن و لە شەڕە هەشت ساڵەکەی لەگەڵ عێراق بەشداریی پێکردن، لەزۆرێک لە هێرشی سەر شارەکانی عێراق فەیلەقی بەدری عێراقیی بەشداربوون.

فەیلەقەکە پێکهاتبوون لەو سەربازە عێراقیانەی لە جەنگی دژ بە ئێران دا بەشدارییان دەکرد، سەرەتا “تەوبە”یان دەکرد و پاشان دەچوونە ڕیزی فەیلەقی بەدرەوە، بەشێکی دیکەی چەکدارەکانی بەدر لە پەنابەرە عێراقییەکانی ناو خاکی ئێران بوون. ژمارەیان نزیکەی 10 بۆ 15 هەزار چەکدار بوو.

“ئەگەر ئیمام ـ خومەینی ـ وتی سوڵح، سوڵح.. ئەگەریش وتی شەڕ شەڕ، چونكە ئەو نوێنەرایەتی ئیسلام دەكات”، ئەمە بەناوبانگترین لێدوانی ڤیدیۆیی ساڵانی هەشتاكانی هادی عامرییە بۆ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی لەكاتێكدا شان بەشانی هێزی زەمینی ئێران لە دژی سوپای عێراق (وڵاتە بنەڕەتییەكەی خۆی) دەجەنگا.

ئەم فەیلەقە بەناوی یەكەم جەنگی پێغەمبەر لەگەڵ بتپەرستەكانی قورەیشدا ناونرا، بەشی زۆری میلاكی فەیلەقەكەش لەو ئەفسەرو سەربازە بەندكراوانەی سوپای عێراق پێكهێنرا كە شیعەبوون و لەناو گرتووخانەكانی ئێراندا پەشیمان بوونەوەو تەوبەیان كرد لە بەشداریكردنی تۆپزیانەی جەنگ لە ریزەكانی سوپای عێراق لە دژی “كۆماری ئیسلامی ئێران”، هەروەها ئامادەیی بەرەنگاربونەوەی رژێمەكەی سەدام حسێن ـ یان لە ریزی ئەم فەیلەقە نوێیە بەرهەڵستكارەی شیعەدا پیشان دا. ئەم هەڵگەڕانەوەی دیلە عێراقییە شیعەكان كە رژێمی ئێرانیی سەروكاریی دەكرد بنەڕەت و رەگێكی مێژویی هەیە لە كەلەپوریی مەزهەبیی شیعەدا و وەها وێنا كرا كە هاوشێوەی ماجەرای تەوبەكاران ـ ی كوفەیە كە لەپاش كوژرانی ئیمام حوسێن لە كەربەلا (61 ك) بەهۆی هەستكردنیانەوە بە كەمتەرخەمی لە سەرخسنتنیدا بزوتنەوەی تەوبەكاران ـ یان پێكهێنا بۆ بەرەنگاربونەوەی ئومەوییەكان و بەشی زۆریان گیانی خۆیان بەخت كرد وەك كەفارەتی بە تەنگەوە نەچوونی ئیمام حوسێنی رابەرو پێشەوایان لەكاتی خۆیدا.

ئێستا دۆخی ناوچەکە لە گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، بچووکترین سەرنجدان نیشانیدەدات باڵانسی سیاسی و سەربازیی وەك ڕابردوو نامێنێت، لەم کاتەدا حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوپەیمانێتیەکیان پێکهێناوە، بۆئەوەی لەداهاتوویەکی نزیکیدا یاخود لە هەر ساتێکدا ڕژێمی ئێران تەواو ماندوو ببێت و ئەوانیش بتوانن ئەو بەشەی کوردستان رزگار بکەن، ڕزگاری بکەن لەو چەوساندنەوانەی مێژوویەکی لە خوێن و ئازار دروستکردووە.

ئەمریکییەکان نەیانشاردوەتەوە حەز بەوە دەکەن حزبەکانی رۆژهەڵات بچنەوە خاکی ئێران و ڕاپەڕن، بەڵام ئەو میلیشیا شیعانەی هاوشێوەی ساڵانی 80کانی سەدەی ڕابردوو هاوسۆزن لەگەڵ ئێراندا، هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر حزبە کوردییەکان بەخاکی هەرێمی کوردستاندا بچنە خاکی ئێرانەوە، ئەوا گورزی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەدەن.

هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵای سیاسی و حکومیی ڕایگەیاندووە، بەشێک نین لە جەنگی ئێران و ئەمریکا، بەڵام میلیشیا شیعەکان بوونی ئەو حزبانەیان کردووەتە پاساوێک بۆ ئەنجامدانی هێرشی درۆنیی بۆسەر هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی ئەمنیدا کە هەر بەرپرسێکی شیعەی نزیک لە ئێران (قاسم ئەعرەجی) ئیمزایکردووە، ڕێگە دەدات بە مانەوەی ئەو حزبانە لە کامپەکاندا.

ئەوەی چەکدارە شیعە عێراقییەکان لە ساڵانی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێراندا لە پێناو تاران کردیان، جیاوازییەکی گەورەی لەگەڵ هەوڵی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات هەیە بۆ لێدان لە ئێران و گەڕانەوە بۆ خاکی خۆیان، چونکە ئەگەر ئەوکاتە میلیشیا شیعەکان داردەستی ئێران بوبێتن، ئێستا حزبەکانی ڕۆژهەڵات جگە لە چەکێکی سنوردار و بازووی خۆیان، داردەستی هێزی نێودەوڵەتی نین.

فەیلەقی بەدری عێراقیی لەو ساڵانەدا هاو نەتەوەکەی خۆی دەکوشت و ناوی دەنا “واجب” بەڵام حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەگەر لە ڕووبەڕوبونەوەکانیشدا سەرباز و پاسدارەکان بکوژن، شەڕ لە دژی هێزێکی داگیرکەر و خوێنڕێژ دەکەن. ئەوەی میلیشیا شیعەکان ساڵانی 80 کان دەیانکرد شەڕی ناوخۆ بوو، چونکە سەربازەکانی بەرامبەر وەك ئەوان عێراقیی بوون.

 

Back to top button