دوای خامنەیی نۆرەی کیم جۆن ئونە؟

میدیاکانی کۆریای باکوور ڕەخنەی توندیان لە ئەمریکا و ئیسرائیل گرت بەهۆی ئەوەی پێیان وایە “جەنگێکی دەستدرێژکارانە” دژی ئێران دەکەن، بەڵام هیچ باسێکیان لە کوژرانی ڕێبەری باڵای ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنه‌یی، و چەند بەرپرسێکی باڵای دیکەی ئێرانی نەکرد. شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم پشتگوێخستنە بە مەبەست بووە، چونکە سیستەمی سیاسی لە کۆریای باکوور لەسەر وێنەی ڕابەرێکی بەهێز بنیات نراوە. بۆیە ئاماژەکردن بە کوژرانی ڕابەرێکی بەهێزی دیکە دەکرێت گێڕانەوەیەکی مەترسیدار لە ناوخۆی وڵاتدا دروست بکات، لەوانەیە بیرخستنەوەی هاوڵاتیان بێت کە بەهێزترین ڕابەرەکانیش لە وڵاتانی خاوەن سیستەمی توند، دەکرێت بکرێتە ئامانج و بکوژرێن.

لە هەمان کاتدا، ئەگەری زۆرە کیم جۆنگ ئون و بازنەی نزیکەکەی لە بەرپرسانی سەربازی و سیاسی، بە وردی خەریکی لێکۆڵینەوە بن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لەم دواییانەدا. پسپۆڕان پێیان وایە ئەوان شیکردنەوە دەکەن، کە چۆن ئەمریکا دیپلۆماسی و کاری هەواڵگری و هێزی سەربازی چاوەڕواننەکراوی پێکەوە بەستووە. هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە کە ڕووداوەکان ڕەنگە کیم هانبدات بیر لە کردنەوەی دووبارەی دانوستانەکان بکاتەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترامپ، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسەتی پێشبینی نەکراوی ئەمریکا.

چاوەڕوان دەکرێت ترامپ لە دواڕۆژی ئەم مانگەدا بگەڕێتەوە بۆ ئاسیا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی چین، شی جین پینگ. هێشتا زانیاری نییە لەسەر پلانی ترەمپ بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کیم لەم سەردانەدا. بەڵام چاد ئۆکارۆڵ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری گروپی توێژینەوەی “کۆریا ڕیسک” کە بەدوای کاروباری کۆریای باکووردا دەگەڕێت و ماڵپەڕی NK News بڵاودەکاتەوە، ڕایگەیاند ئەم کۆبوونەوەیە با دوور نابینێ.

ئۆکارۆل ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ئەو لە جێگای کیم جۆنگ ئون بووایە، ئەوا بە بەرژەوەندی خۆی دەزانێت ئەمساڵ جۆرێک لە گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپدا بکات، تەنانەت ئەگەر تەنها بۆ نمایشیش بێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بیرکردنەوە بە پلەی یەکەم بە هەوڵی کیمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشبینینەکردنی کردەوەکانی ترەمپ.

بە دڵنیاییەوە کیم و بازنەی ناوەوەی ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاو گرتووە کە کەمێک زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکی لەناکاودا نیکۆلاس مادۆرۆ سەرۆکی ڤەنزوێلایان گرت. ڕاستەوخۆ دوای ئەوە کۆریای باکوور مووشەکێکی هەڵدا، کە هەندێک لە شیکاران وەک پەیامێک لێکیان دایەوە کە پەیوەندی بە گرتنی مادۆرۆوە هەیە. دواتر کیم سەرپەرشتی تاقیکردنەوەی هەڵدانی مووشەکێکی کروز لە کەشتیی تێکدەری نوێی چۆ هیۆنەوە کرد پێش ئەوەی بە فەرمی بچێتە خزمەتەوە، هەرچەندە ڕوون نییە کە ئایا ئەم نمایشە هێزە پەیوەندی بە شەڕی ئێرانەوە هەبووە یان نا.

هەروەها مێژووش نمونەیەکمان دەداتێ . لە ساڵی ٢٠٠٣، دوای ئەوەی ئەمریکا عێراقی داگیرکرد و جۆرج بوش سەرۆکی ئەوکاتە کۆریای باکووری خستە نێو ئەو شتەی کە ناوی لێنابوو “میحوەری خراپە”، کیم جۆنگ ئیل سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ چەند هەفتەیەک لە چاوی خەڵکدا ون بوو و لە هیچ شوێنێک دەرنەدەکەوت و کەس نەیدەزانی لە کوێیە. کاتێک دەرکەوتەوە زۆربەی سەردانە گشتیەکانی تەنها بۆ شوێنە سەربازییەکان بووە.

ئۆکارۆل دەڵێت ئەمە هۆکاری ترس بووە لە ئەمریکا. بەڵام پێی وایە ئێستا دۆخەکە جیاوازە، بەو پێیەی کیم جۆنگ ئون بەردەوام لەبەردەم خەڵکدا دەردەکەوێت و پێناچێت خۆی بشارێتەوە.

سەرەڕای ئەوەش، دەزگا ئەمنییەکانی کۆریای باکور لە هەموو وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی کردنە ئامانجی ئێران دەکۆڵنەوە و هەوڵ دەدەن دڵنیابن لەوەی کیم تووشی هەمان چارەنووسی خامنەیی نابێت.

ساڵانێکە هەڵسەنگاندنی هەواڵگری ئەمریکا و کۆریای باشوور سیستەمی پاراستنی سەرکردایەتی کۆریای باکووریان بە یەکێک لە ئاڵۆزترین سیستەمەکانی جیهان وەسف کردووە. گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەم دواییەی میدیای دەوڵەتی دەریدەخەن کە کارمەندانی ئەمنی زۆر لە نزیک کیمەوە وەستاون لە کاتی دەرکەوتنی گشتیدا، هەندێکیان کیسی بالیستیکی تایبەتیان پێیە کە دەتوانرێت بکرێتەوە بۆ ئەوەی ببنە قەڵغان لە ئەگەری تەقەکردندا.

لە کاتی دەرکەوتنە میدیایەکانیشی لەنێو وڵاتدا، تێبینی ئەوەیان کرد کە جموجۆڵەکانی کیم جۆنگ ئون تا دوا خولەک بە نهێنی دەمێنێتەوە. هەندێک جار سەردانکەران بەرگەی چەندین کاتژمێر پشکنینی ئەمنی دەگرن، و کە دەگەنە ژوورەوە کیم لەوێ نییە و کورسیەکەی چۆڵە، چونکە کاتی هاتنی کیم وەک نهێنییەکی وردی پاسەوانی ماوەتەوە.

چاودێران دەڵێن ئاسایشی کیم هەروەها پشت بە تاکتیکی ناسراوی وەک نمایشی شانۆیی دەبەستێت کە پلانەکە بە جۆرێک دەردەخەن و دواتر پێچەوانەی ئەو پلانە سەرۆک دەبەنە شوێنی مەبەست بۆ چەواشەکردنی چاودێران و گۆڕینی لەناکاوی شوێنی چالاکییەکان.

هەروەها پێدەچێت تۆڕێکی بەرفراوان لە دامەزراوە و پەناگەی ژێرزەمینییەکان لە پیۆنگیانگ و چیاکانی کۆریای باکووردا بوونی هەبێت، ئەمەش سەلامەتی سەرکردایەتی و بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی لە کاتی قەیرانەکاندا مسۆگەر دەکات.

کیم متمانە بەخۆبوونێکی گەورەی هەیە لەچاو باوکیدا، چونکە دەوترێت کۆریای باکوور خاوەنی دەیان چەکی ئەتۆمییە، ئەمەش ڕاستییەکە کە هاوکێشە ستراتیژییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت. بە پێچەوانەی ئێران، ڤەنزوێلا، یان لیبیا، کۆریای باکوور بانگەشەی ئەوە دەکات کە چەکی ئەتۆمی و سیستەمی مووشەکی هەیە کە توانای گەیشتن بە هەر شوێنێکی ئەمریکای هەیە، هەرچەندە ئەمانە لە بارودۆخی جیهانی ڕاستەقینەدا بە تەواوی تاقی نەکراونەتەوە.

کۆریای باکور لە یاساکەیدا ڕێسایەکی زیاد کردووە کە دەڵێت دەتوانێت سەرەتا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت (پێش ئەوەی هێرش بکرێتە سەر) ئەگەر بە پێویستی بزانێت.

هەروەها دەڵێت ناتوانرێت پێگەی خۆی وەک وڵاتێکی چەکی ئەتۆمی بگۆڕدرێت.

ساڵانێکی زۆرە کۆریای باکوور چەندین تۆپی گەورەی (تۆپخانە)ی بە ئاراستەی سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور ڕاگرتووە.
ئەمەش واتە دەتوانێت لە شەڕێکدا زۆر بە خێرایی هێرش بکاتە سەر شارەکە.

شارەزا چاد ئۆکارۆل دەڵێت ئەگەر کۆریای باکوور بتوانێت سەری ئەتۆمی بخاتە سەر مووشەکەکان، ئەوە وا لە هەر دوژمنێک دەکات پێش هێرشکردنە سەر زۆر وردتر بیربکاتەوە.

بەڵام چەکی ئەتۆمی وڵاتێک بە تەواوی سەلامەت ناکات هەروەها دەڵێت چەکی ئەتۆمی پارێزگارییەکی تەواو نادات.

شەڕەکانی ئەم دواییە نیشان دەدەن کە هەواڵگری مۆدێرن دەتوانێت: شوێنی سەرکردەکان بدۆزەرەوەو پەیوەندییەکان بشکێنن.

بەڵام ڕووداوەکانی پەیوەست بە ئێران ڕەنگە بیرەوەرییەکی ناخۆش بۆ کیم بھێننەوە یادی: کۆبوونەوەی ھانۆی.

لە شوباتی 2019دا، کیم بە شەمەندەفەری زرێپۆش گەیشتە ڤیێتنام بۆ بەشداریکردن لە دووەم کۆبوونەوەی لەگەڵ ترامپدا، و زۆریش بە متمانەوەبوخۆبوونەوە دیار بوو. بەگوێرەی سەرچاوەکان کە لەو کاتەدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان قسەیان کردووە، باڵێۆزانی کۆریای باکوور پێیان وابووە کە ڕێککەوتن نزیکە. تەنانەت کیم خۆشی، بەپێی یەکێک لە سەرچاوەکان، پلانێکی جێگرەوەی دانەنابوو، چونکە پێشبینی سەرکەوتنی کۆبوونەوەکەی دەکرد.

ھەموو ئامادەکارییەکانی دیدارەکە تەواو بوون، تەنانەت لیستی خواردنەکەش کە بریتی بوو لە ماسی “سنۆفیش” و شیرینی “بانۆفی پای”. بەڵام وتووێژەکان لەناکاو ھەرەسیان کاتێک ترامپ و تیمی بێ ئەوەی ھیچ ڕێککەوتنێک یان بەیاننامەیەکی ھاوبەش واژوو بکەن، شوێنی کۆبوونەوەیان بەجێھێشت. مێزی نانی نیوەڕۆ بە چۆڵی مایەوە، و کیمیش بێ ھیچ دەستکەوتێک ھانۆی بەجێھێشت.

ساڵی ڕابردوو ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە کە لەو ماوەیەدا کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دەستی پێکردبوو، لەوانەیە ھێزەکانی “سیلز”ی ئەمریکی پێش کۆبوونەوەکە کردەوەیەکی نهێنییان لە ناو کۆریای باکووردا ئەنجامدابێت بۆ چاندنی ئامێرێکی دەنگگرتن. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەش کردبوو کە کردەوەکە سەرکەوتوو نەبووە و بووەتە ھۆی کوژرانی ھاووڵاتی مەدەنی. بەڵام حکوومەتی ئەمریکا ئەمەی بە فەرمی پشتڕاستی نەکردووەتەوە، ھەروەھا سی ئێن ئێنیش نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستیی چیرۆکەکە پشتڕاست بکاتەوە.

ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا ڕاستییەکی گرنگ ڕوون دەکاتەوە: دیپلۆماسی کارەکانی ھەواڵگری یان پلاندانانی سەربازی ناوەستێنێت. وا دیارە ئێرانیش ڕووبەڕووی شێوە ھاوشێوەیەک بووەتەوە، کە دانوستانەکان لە ھەمان کاتدا بەڕێوە دەچوون کە زانیارییە ھەواڵگرییەکان لەسەر جووڵەکانی سەرکردەکانی بە بێدەنگی کۆدەکرایەوە. کاتێک دانوستانەکان وەستان، ھێرشێکی سەربازی بەھێز و چاوەڕواننەکراو لە دوای ھات.

پاش شکستی کۆبوونەوەی ھانۆی، کیم ستراتیژییەکەی ڕێکخستەوە. پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن بەرەبەرە کەمی کرد، و تاقیکردنەوە چەکییەکان دەستی پێ کردەوە، بە تایبەت لە ماوەی سەرۆکایەتی جۆ بایدندا.

پاشان کیم زیاتر لە ڕووی مسکۆوە لای دا. لەگەڵ شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و زیادی کردنی جیابوونەوەی لە ڕۆژاوا، پیۆنگیانگ دەرفەتی بینی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان. کیم دو جار لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتین کۆبووەوە، و کاریان کرد بۆ بەهێزکردنی ئەوەی کە هەردوولا بە “هاوبەشییەکی ستراتیژی” ناوی دەبەن.

کۆریای باکوور ڕازی بوو بە دابینکردنی فیشەکە تۆپخانە و مووشەک بۆ ڕووسیا، هەروەها هەزاران سەربازی نارد بۆ پشتگیریکردنی هەوڵەکانی جەنگ. لە بەرامبەردا، شیکەرەوەکان دەڵێن پیۆنگیانگ خۆراک و سووتەمەنی و لەوانەیە تەکنەلۆژیای سەربازی هەستیاریشی وەرگرتبێت، سەرباری ئەزموونی میدانی کە یارمەتیدەرە لە پێشخستنی چەکەکانیاندا.

بەڵام تەنانەت هاوپەیمانییە بەهێزەکانیش سنووری خۆیان هەیە

لەسەر کاغەز، کۆریای باکوور ڕێکەوتنێکی بەرگری هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیا هەیە، هەروەها پەیوەندییە ئابوورییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ چین بەردەوامە. ئێرانیش پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئەم دوو هێزە هەبوو و ڕێکەوتنە ستراتیژییە درێژخایەنەکانی لەگەڵیان واژوو کردبوو. بەڵام کاتێک قەیرانەکان گەشەی سەند، هیچ یەکێک لەوانە بە شێوەی سەربازی بۆ بەرگریکردن لە ئێران دەستیان نەوەشاند.

هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم ڕاستییە ڕەنگە وا لە کیم بکات دووبارە بیر لە پەیوەندی لەگەڵ ترامپ بکاتەوە. پەیوەندییەکانی ئەوان هەمیشە بە شێوەیەکی نائاسایی کەسی بووە. لە کۆڕبەندی سینگافورە لە ساڵی 2018، هەردوو سەرکردە بە شێوەیەکی تایبەت پێکەوە لە باخچەیەکدا ڕۆیشتن، تەنانەت ئۆتۆمبێلی زریپۆشەکانی خۆشیان بەراورد کرد. ترامپ دواتر بە سەرسامی لەبارەی “نامە جوانەکان” کە کیم بۆی ناردبوو قسەی کرد، و لە کۆبونەوەیەکی هەڵبژاردندا وتی کە ئەوان “یەکیان خۆشدەوێت”.

بە تێپەڕبوونی کات، دەربڕینەکانی ترەمپ لەبارەی کیمەوە گۆڕانکاری بەسەردا هات، لەوەی پێی دەگوت “پیاوی موشەکی بچووک” بۆ “هاوڕێم کیم”. لە نیسانی 2019دا، ترامپ بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکی لە کاتی پێگەیدا پێی بنێت بە خاکی کۆریای باکوور.

بەڵام لە دوایین وتاری ترامپ لەبارەی دۆخی یەکێتییەکەدا، هیچ ئاماژەیەک بە کۆریای باکوور نەکرا. بۆ سەرکردەیەک وەک کیم، ڕەنگە ئەم دیارنەمانە جۆرێکی نوێ لە نادیاری دروست بکات.

لە کۆنگرەی نۆیەمی حیزبی کرێکارانی کۆریا لە کۆتایی شوباتدا، کیم دەرگایەکی بچووکی بۆ ئەگەری گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن واڵا هێشت. بەڵام هەر باشتربوونێکی پەیوەندییەکانی بە دانپێدانانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە کۆریای باکوور وەک وڵاتێکی ئەتۆمی ئاڵۆزتر کرد. وتی “هیچ هۆکارێک” نییە ڕێگە لە تێگەیشتنی هەردوو وڵات بگرێت، ئەگەر ئەمریکا ئەو شتانە کۆتایی پێبهێنێت کە پێی دەڵێت “سیاسەتی دوژمنکارانە” و ڕێزی پێگەی ئەتۆمی کۆریای باکوور بگرێت کە لە دەستوورەکەیدا هاتووە.

چەند ڕۆژێک دواتر، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور ڕایگەیاند کە کۆشکی سپی پشتڕاستی کردووەتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باکوور.

لەگەڵ ئەوەشدا، کەس نازانێت کەی دانوستانەکان دەتوانن دووبارە دەستپێبکەنەوە. بەڵام دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە ئێرانەوە، ڕەنگە کیم جۆنگ ئون پرسیارێکی گرنگ لە خۆی بکات: کام لەم دوو هەڵبژاردنە مەترسیدارترە، پەیوەندیکردن لەگەڵ ترامپ یان بێدەنگ مانەوە؟

Back to top button