کوڕەکانی ترەمپ سودمەندترین کەسی جەنگی ئێران و ئەمریکان

 

بۆ دووەم هه فته لەسەر یەک جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل له دژی ئێران بەردەوامە. ڕۆژانە ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێران بۆردومان دەکەن، سەرەتای جەنگەکە پاساوەکەیان ئەوە بوو بۆ ئەوەی “رێگری بکەن” لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، هەروەها بۆ تێکدانی توانا مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. بەڵام وادیارە ئامانجەکە لەوە گەورەترە کە بانگەشەی بۆ دەکرا

ئێران تەنها مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل هەڵنادات، بەڵکو ڕۆژانە دەوڵەتانی کەنداو دەکاتە ئامانج. هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی بازرگانی نەوت و گازی جیهان بەوێدا تێدەپەڕێت.

لەگەڵ بەردەوامی و فراوانبوونی شەڕ، کاریگەرییەکانی بۆسەر خەڵکی ئاسایی دەستیان پێکردووە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پەرەسەندنی ترسەکان لە دروستبوونی هەڵاوسان.

به ڵام له پشت ئەم وێنه ئاڵۆز و نیگەرانکەرەوە چەند لایەنێک هەن، که له گەورەترین براوەکانی جەنگەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

پیشەسازیی چەک

کەرتی بەرهەمهێنانی چەک لە ئەمریکا بە یەکێک لە گەورەترین سوودمەندەکان دادەنرێت لە ململانێی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕۆژنامەی “بیلد” ی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەدا کە لە نێو پێنج گەورەترین براوەی پیشەسازی چەک ئەمانەن: لۆکهید مارتن، رایسیۆن، جەنەراڵ داینامیکس، نۆرثرۆپ گرومان و بۆینگ. ئەم کۆمپانیایانە فڕۆکەی جەنگی، مووشەک و سیستەمی رادار دابین دەکەن و داواکارییەکانیان بەردەوام لە زۆربووندایە.

بیل هارتونگ، شارەزای پیشەسازیی چەک دەڵێت: “گەورەترین سوودمەند لەم جەنگە لۆکهید مارتن و رایسیۆن بوون، چونکە ئەوان مووشەکی کروز و مووشەکی سیستمی بەرگریی بەرهەم دەهێنن، واتە گرانترین چەک کە لە جەنگدا بەکاردەهێنرێت.”

فڕۆکەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەکەدا جێگیر کراون نزیکەی 90 مووشەکی تۆماهۆکیان پێیە، کە نرخی هەر مووشەکێکیان نزیکەی 2.5 ملیۆن دۆلارە.

تۆماهۆک مووشەکێکی دوورهاوێژی ئەمریکییە،کە بە ئاراستەکردن و توانای فڕین لە نزمایی دەناسرێتەوە و دۆزینەوەی زۆر زەحمەتە. ئەم مووشەکە لە کەشتی و ژێردەریاییەوە هەڵدەدرێت.

کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد

هەروەها کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد قازانجێکی گەورە لە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست دەهێنن. بەگوێرەی ڕۆژنامەی “بیلد” ئەڵمانی، لە نێو ئەم کۆمپانیایانەدا “Palantir” هەیە کە پڕۆگرامی پاڵپشتیکراو بە زیرەکی دەستکرد دابین دەکات، کە لە جەنگی هاوچەرخ و بواری هەواڵگریدا بەکاردەهێنرێت.

لەم دواییانەدا، پشکەکانی ئەم کۆمپانیایە بە رێژەی لە سەدا 9 بەرزبووەتەوە. هەروەها کۆمپانیای “Planet Labs” سوود لە گرێبەستەکانی لەگەڵ پنتاگۆن وەردەگرێت، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری چاودێری مانگی دەستکرد لەسەر بنەمای زیرەکی دەستکرد.

پالانتیر بە یەکێک لە کۆمپانیا هەرە مشتومڕاوییەکانی ئەمریکا دادەنرێت، چونکە هاوکاری لەگەڵ دەزگای کۆچبەران و گومرگ و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەکات و ناڕەزایی بەرفراوانی لە ژمارەیەک وڵات لێکەوتوەتەوە.

Palantir پڕۆگرامی شیکردنەوەی داتا پەرە پێدەدات کە کار دەکات بۆ یەکخستنی بڕێکی زۆر لە زانیاری بۆ پاڵپشتیکردنی بڕیاردانی داتا. ئەم پڕۆگرامانە لە ئێستادا لەلایەن حکومەت و دامەزراوە بازرگانییەکانەوە لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنرێت، وەک چاودێری تەندروستی، دارایی و پیشەسازی.

کوڕەکانی دۆناڵد ترەمپ

وادیارە بازنەی نزیک لە دەوری ترەمپ لە سوودمەندەکانی جەنگەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. چەندین ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکەن کە کوڕەکانی ترەمپ، ئێریک ترەمپ و دۆناڵد ترەمپ جونیۆر، بوونەتە وەبەرهێنەری دیار لە پرۆژەیەکی کۆمپانیای “Powrus” کە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربەخۆ.

ڕۆژنامەی بیلد ڕوونیکردەوە، کە منداڵەکانی ترەمپ پلانیان هەیە کۆمپانیاکە بخەنە بازاڕەوە بە هیوای بەدەستهێنانی گرێبەستی داهاتووی حکومەت لە پنتاگۆن.

نادیا عەتفال، شارەزای ئابووری دەڵێت: “جەنگ دڕندەترین شێوەی سیاسەتی پیشەسازییە: ملیارەها دۆلار بۆ چەک خەرج دەکرێت و باجدەران پارەی بۆ دەدەن، لە کاتێکدا خاوەن پشکەکان قازانجەکەی دەدورنەوە.”

بیل هارتونگ، شارەزای پیشەسازیی چەک پێیوایە هێرشکردنە سەر ئێران لەوانەیە ببێتە یەکێک لە قازانجبەخشترین جەنگەکانی ئەمریکا بۆ کۆمپانیاکانی چەک. لەو بارەیەوە گوتی: “لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەیدا، ترەمپ بەڵێنی دا شەڕ لەگەڵ ئەوانە بکات کە سوودمەند دەبن لە جەنگ.” وتیشی: “پێدەچێت خۆی هاوبەشی سیاسی و ئابووری ئەم کۆمپانیایانە بێت”.

Back to top button