دامەزراوەیەکی وزە: ئەمریکا دەستوەردان لە بازاڕی نەوت دا بکات کارەساتێکی مێژوویی ڕوودەدات

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی CME هۆشداری بە ئیدارەی ئەمریکا دا کە هەوڵەکانی بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت لە ڕێگەی دەستێوەردان لە بازاڕەکانی نەوت لەم کاتەی جەنگی ئێران دا، دەتوانێت ببێتە هۆی کارەساتێک کە ئەو بەرپرسە بە “کارەساتێکی ئینجیلی” ناوی بردووە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری CME: دەستێوەردانی حکومەت متمانەی بازاڕ دەهەژێنێت

تێری دافی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەو گروپەی کە مامەڵەی گرێبەستەکانی ئایندەی نەوتی ئەمریکا تێیدا دەکرێت ڕایگەیاند،چوونە ناو بازاڕی نەوت لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە بۆ سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو، متمانەی بازاڕ دەهەژێنێت.

دافی لە میانی وتارەکەیدا لە بۆکا ڕاتۆن لە ویلایەتی فلۆریدا گوتیشی: “بازاڕەکان حەزیان لە دەستێوەردانی حکومەت نییە لە نرخدانان دا”، هۆشداریدا لەوەی لەدەستدانی متمانە بە توانای بازاڕەکان بۆ دیاریکردنی نرخی کاڵاکان، دەتوانێت ببێتە هۆی “کارەساتێکی ئینجیلی”، وەک خۆی دەڵێت.

ئەو قسانەی دافی دوای ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز هات کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بیر لە ڕێوشوێنەکانی دابەزاندنی نرخی نەوت دەکاتەوە، لەنێویاندا دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە بازاڕەکان.

ئیدارەی ترەمپ لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە شۆکی نرخی نەوت، دەستبردنی بۆ ملیۆنان بەرمیل لەیەدەگی ستراتیژیی نەوت راگەیاند، ئەمەش دوایین هەنگاوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی نەوتی خاو.

بژاردەی تر لەسەر مێزەکەی ترەمپ دانراوە بۆ ئەوەی نرخەکان کۆنترۆڵ بکات. بەگوێرەی ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز، شرۆڤەکاران پێیان وایە ڕەنگە ئیدارەی ئەمریکا پەنا بۆ بژاردەی دیکە ببات بۆ پاراستنی بەکارهێنەرانی ئەمریکا، لەوانە ڕاگرتنی باجی فیدراڵی لەسەر بەنزین بەشێوەیەکی کاتی، ئاسانکاریی لە یاسا ژینگەییەکانی سووتەمەنی، یان سەپاندنی قەدەغەکردنی کاتیی بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئەمریکا.

تیم سکێرۆ، لە کۆمپانیای ڕاوێژکاریی “ئینێرجی ئەسپێکتس” ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکە لەم هەفتەیەدا چەندین پرسیاری وەرگرتووە کە ئایا حکومەت لە پشت زنجیرەیەک بازرگانیی گەورە و ڕوون نەکراوەوەیە لەم دواییانەدا لەنێو بازاڕەکانی وزە؟

ئاماژەی بەوەشکردووە، “کڕیارەکان فشاریان خستۆتە سەرمان بۆ ئەوەی بزانین فرۆشیارە گەورەکە کێیە؟ دەنگوباسەکە ئەوە بوون کە دەکرێت گەنجینەی ئەمریکا بێت”.

سکێرۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر حکومەتی ئەمریکا دەستوەردانی لە بازاڕەکانی دیکەدا کردووە، وەک بازاڕەکانی دراو، ئەمەش ئەو گومانانەی بەهێزتر کردووە.

گروپی وزەی ڕاپیدان کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکارییە و لەلایەن بۆب مەکنالی ڕاوێژکاری پێشووی وزەی کۆشکی سپی دامەزراوە، ڕایگەیاندووە، هەنگاوێکی لەو شێوەیەی حکومەت “بێ وێنە دەبێت”، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە “بیرۆکەی فرۆشتنی گرێبەستی ئایندەی نەوتی خاو لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە لە ماوەیەکی نزیکدا زیاتر جێگەی سەرنجی مامەڵەکاران دەبێت”.

شیکەرەوانی گروپەکە لە یاداشتێکدا بۆ کڕیارەکان دەڵێن: “بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی ئێستا، ناتوانین ئەم ئەگەرە بە تەواوی ڕەت بکەینەوە کە ئەمریکا دەستوەردان لە بازاڕی نرخی نەوت دا دەکات”.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو قسە و باسانە بدات، هاوکات سەرچاوەیەکی نزیک لە سکۆت بیسنێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وەزارەتەکە دەستوەردانی لە بازاڕەکانی نەوتدا نەکردووە.

Back to top button