ئیتاڵیا سەربازەکانی لەهەرێمی کوردستان دەکشێنێتەوە

ئیتاڵیا دەستی بە کشانەوەی سەربازەکانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەوەش دوای بە ئامانجگرتنی هێزەکانیان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ئەوەش بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ کورد مۆنیتەر.

ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر ئەمڕۆ هەینی ئاشکرایکرد، لە کۆی 300 سەربازی ئیتاڵیا لە هەولێر، 100 سەربازیان گەڕانەوە ئیتاڵیا و 70 سەربازیش چوونەتە ئوردن، ئێستا نزیکەی 140 سەرباز و کارمەندی ئیتاڵیا لە هەولێر ماون.

سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر باسی لەوەشکرد، لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە کۆتا ڕۆژی مانگی ڕابردوو بۆسەر ئێران، ئیتاڵیا پلانی کشانەوەی سەربازەکانی دانابوو، بەڵام هێرشی درۆنی بۆسەر بنکەی هاوپەیمانان و ڕۆژی پێنج شەممەش بە ئامانجگرتنی فەرەنسیەکان، کە بووە هۆی کوژرانی ئەفسەرێکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی کشانەوەی سەربازە ئیتاڵیەکانی خێراتر کردووە.

شەوی رابردوو بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر میحوەری شەشی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور، سەربازێکی پلەداری فەرەنسا گیانی لەدەستدا و شەش سەربازی دیکە برینداربوون.

هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن، لە 28ـی شوباتەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، هەرێمی کوردستان بە 294 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامدا 6 کەس گیانیان لەدەستداوە و 35 کەسیش برینداربوون.

ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، چواریان پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون؛ دووانیان لە هەولێر و دووانەکەی دیکەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ئامارەکە بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی. حەوت سڤیل؛ یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ بوو لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی. ئەمڕۆ هەینیش دوو ئەندامی هێزێکی ئەمنی لە نزیک هەولێر بریندار بوون.

هەر لە ئەنجامی هێرشەکان، 14 پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەش سەربازی فەرەنسا برینداربوون، بەڵام ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان لە هەولێر ئاشکرا نەکراوە.

Back to top button