
دورگەی خارک، گرنگترین تێرمیناڵی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، لەلایەن ئەمریکاوە بۆردوومانێکی قورس کرا. دورگەکە ڕۆڵێکی ستراتیژی سەرەکی لە ئابووری ئەو وڵاتەدا دەگێڕێت، دورگەکە لە کەنداوی فارس هەڵکەوتووە و سەر بە پارێزگای بوشەهرە، نزیکەی 90%ی کۆی گشتی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە ڕێگەی ئەم دورگەیەوە ئەنجام دەدرێت.
زۆربەی ئەو نەوتەی لە خارکەوە هەناردە دەکرێت، لە کێڵگە نەوتییەکانی سەر وشکانی وەک کێڵگەکانی پارێزگای خوزستان و ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران بەرهەم دێت، نەوتەکە لەڕێگەی چەندین هێڵی بۆری زەبەلاح و درێژەوە لە وشکانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری گناوە و لەوێشەوە بە بۆری ژێر دەریا دەگاتە دورگەی خارک، لەناو دورگەکەدا تانکەری گەورە هەن کە نەوتەکەی تێدا کۆدەکرێتەوە تا ئەو کاتەی تانکەرە نەوت هەڵگرە جیهانییەکان دەگەنە کەناراوەکە.
بەهۆی ئەوەی شا دەمارە ئابوورییەکەی ئێرانە، ئەم دورگەیە بە توندترین شێوە لەلایەن سیستەمە بەرگرییەکانی ئاسمانی ئێرانەوە دەپارێزرێت، لە کاتی جەنگی ئێران و عێراقدا، ئەم دورگەیە بەردەوام ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی عێراق بوو بۆ پەکخستنی ئابووری ئێران. بەڵام شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) یەکێک لە بەهێزترین و گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا کردووە و تێیدا دوورگەی خارکی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
گرنگیی دوورگەکە لەوەدایە، بەندەرێکی دەریایی هەیە کە نزیکەی 90٪ـی هەناردەی نەوت و گازی شلی ئێرانی پێدا دەڕوات. نەوتی کێڵگەکانی ئەبوزار، فورۆزان، دوروود، ئەهواز، ماروون و گەچساران دەگەنە بەندەرەکە. پێچەوانەی کەناراوەکانی دیکەی ئێران، دەورووبەری خارک ئاوەکەی قووڵە و ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆری کەشتییەکانە. بەندەرەکە دەتوانێ لە هەمان کاتدا 10 کەشتیی نەوتهەڵگر (سووپەر تانکەر) لەخۆ بگرێ و ئەمەش گرنگیی و ستراتیژییەتی ئەم دوورگەیە زیاتر دەکات. دوورگەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەپارێزرێت و بە “دوورگە قەدەخەکە” ناسراوە.





